24/2/2020 11:29 AM

كوردەكانی دەرەوەی كوردستان

چارەنووسی كورد پتر لە چەندین سەدەیە ئەوەیە كە دەبینرێ، هێشتا لەت و كوت و پارچە پارچەیە و هەر بەشەی كەوتووەتە بن دەستی ئیمپراتۆرێكەوە و رۆژ لەگەڵ رۆژدا زمان و خاك و كەلتووری ئەم نەتەوە چل ملیۆنییە قارس دەكرێت و تادێت بەرتەسكتر دەكرێتەوە. دنیاش لێی بێخەمە و چ كاری بە نەتەوەیەكەوە هەیە و دەوڵەتان بەدووی بەرژەوەندی خۆیانەوەن. ئەوە ئێمەین، خۆمان دەبێ تێبكۆشین لە پێناوی وەرگرتنەوە خاك و سەربەخۆبوونی خۆمان، ئەم كتێبەش جۆرێكە لە خەبات و تێكۆشان لە پێناوی ئەوەی نەوە لەدوای نەوە ئاگاداربن لە نەتەوەی بەشخوراویان. كوردستان، وڵاتی كوردان، هەڵكەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئەوەی لەباری سرووشتییەوە نیشتمانێكی یەكپارچە‌یە و بەشی زۆری دانیشتووانی لە نەتەوەی كورد پێكهاتووە، بەڵام لەدوو قۆناغی گرنگی مێژووییدا لەژێر كارتێكەریی فاكتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان بەسەر چەند وڵاتدا، دابەشكراوە، هەر بەشەی خراوەتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێكی زلهێز و خوێنمژەوە. لەسەرەتای سەدەی شازدەهەمدا، لەئاكامی شەڕو دەستێوەردانی دوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی و پاش شەڕی چاڵدێران دوولەت كر و لەژێر ناوی كوردستانی عوسمانی و كوردستانی ئێران هەر بەشەی بەر یەكێك لەم دوو ئیمپراتۆرییە كەوت . دوای چوارسەد ساڵ و دوابەدوای شەڕی یەكەمی جیهانی، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریای عوسمانی بەسەر چەند وڵاتی تازەدامەزراودا دابەشكران و ئەو بەشەی كوردستانیش بەسەر سێ وڵاتی تازەدامەزراوی توركیا و سووریا و عیراقدا دابەش كرایەوە. بەم جۆرە لە چەند قۆناغی مێژووییدا كوردستان كرایە چەند پارچە و هەر بەشەی خرایە ‌ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێكەوە. بەڵام كوردەكان وەك خەڵك و نەتەوە تەنیا لەنێو ئەم چەند بەشەدا ناژین و لە ناوچە جیاجیاكانی دنیادا ژیان بەسەردەبەن و لەژێر ناوی "كوردەكانی دەرەوەی كوردستان" بەدەر لەو پارچانەی كوردستان كورد لەگەلێك وڵاتی  دنیا دەژین بۆ نموونە كوردەكانی قەفقاز.
لەم بەرهەمەدا ئاوڕ لە ژیان و بەسەرهاتی ئەم نەتەوە لەت و كوتكراو و ستەم لێكراوە دراوەتەوە. لەم پەرتووكەدا باسی ژیان و گوزەرانی ژمارەیەكی زۆر لە هاونەتەوەییەكانمان لە شوێن و ناوچەی وڵاتە جۆراوجۆرەكان كراوە و لە میانەیدا سەردەم و هۆكاری كۆچكردن و ڕاگواستنیان و، ڕەوشی ژیانی ئێستایان و بە دەیان بابەتی پێوەندیداری دیكەوە بڵاوكراوەتەوە. كوردەكانی دەرەوەی كوردستان كتێبێكی بە نرخە و شیاوی خوێندنەوەیە، تاوەكو لە مێژووی خوێناوی و ئەو هەموو ستەم و داگیركارییە حاڵی ببین كە بەسەرمان هاتووە، ئەم بەرهەمە كتێبێكی مێژوویییە لە نووسینی  سیروان مووسا پوور. ئەم بەرهەمە گرنگ و بە نرخە لە بڵاوكراوەكانی دەزگای چاپی مادیارە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved