24/2/2020 04:35 PM

بڕیارێكی درەنگ وەخت و دروست

 

 

د. ژینۆ عەبدولڵا*

 بەم دواییە بڕیارێكی گرنگی سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی بۆ بە داخراویی بەڕێوەچوونی گفتوگۆی تێز و نامەی دكتۆرا و ماستەر، کە بە واژۆی پ.ی.د. ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆ گشتاندنی بۆ کرا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم بریارە و جێبەجێکردنی کاردانەوەی ئەرێنیی بەدوای خۆیدا هێنا و ستایشکرا. لەم ڕووەوە مامۆستایەکی زانکۆ کە لە دەرەوەی وڵات بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە پێی وایە بڕیارەکە  زۆر پێویست و بەجێیە و هیوای خواستووە سەرجەم زانکۆکانی هەرێم ئەم شێوازە پەیرەوبکەن.
لە ڕاستیدا ئەم بڕیارە لە چەند ڕەهەندێکی ئابووریی وزانستیی ودەروونییەوە کاریگەریی باشی دەبێت بۆ خوێندكارانی خوێندنی باڵا و هەڵسەنگاندنی تێز و نامەکانیان. لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت بڵێین بە داخەوە ئەو نەریتە باوەی بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لە گفتوگۆکردنەکاندا پەیڕەو دەکرا مۆرکی بۆنەیەکی ئاهەنگئامێزی بەخشیبوو بەو ڕێوڕەسمە زانستییە وبەو هۆیەشەوە  بارگرانییەکی دارایی قورسی خستبووە سەر خوێندكاری خوێندی باڵا بەهۆی ڕووگیریی و ناچاربوونی بۆ بانگهێشتکردنی کەسانی نزیك و میوانێكی زۆر لە دەرەوە و ناوەوەی زانكۆ کە بەشێكی زۆریشیان پەیوەندییان بە کۆڕی زانستیی هاوشێوەوە نەبووە. بەمەش  زۆر جار هۆڵی گفتوگۆکان وەك هۆڵی بۆنەیەكی كۆمەڵایەتیان لێدەهات بەهۆی دانانی شیرینیی بەر لە ڕاگەیاندنی ئەنجام و ڕازاندنەوەی هۆڵەکە و هاتن و چوونی میوان و قەرەباڵغییەی رەها کە كەشی زانستیی گفتوگۆکەی دەشێواند. دواتر زۆربەی ئامادەبووان دەچوون بۆ خوانی نیوەڕۆ و بابەتە زانستیەكە  لە بیردە کرا.
 زۆرکەس تێبینیی ئەوەی کردووە کە لە ماوەی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکاندا و بەتایبەت لە کاتی  زۆریی ژمارەی ئامادەبوواندا، بەشێك لە ئەندامانی لیژنەکانی هەڵسەنگاندن لە بابەتی توێژینەوەکان دووردەکەوتنەوە و باسی بابەتی گشتییان دەکرد  وەك دەڵێن بۆ خۆدەرخستن و هەندێك جار موجامەلە کە دواتر بەخراپیی دەشكایەوە بەسەر خوێندكار و مامۆستای سەرپەرشتیاردا.
 خۆشبەختانە لەمەودوا هەڵسەنگاندنی تێزی دكتۆرا و ماستەر، هاوشێوەی زانکۆکانی خۆرئاوا  داخراو دەبێت ئەمەش سوودی زانستیی زۆری دەبێت بۆ خوێندكار، بەوەی بە بێ موجامەلە یاخود شكاندن  گفتوگۆ زانستیەكە بە ڕێوەدەچێت و ئەگەر خوێندكار نەی توانیبێت وەك پێویست تێزەكەی یاخود نامە كەی تەواوكرد بێت ڕەنگە لەم كەشە زانستییەدا زۆر بەلایەوە ئاسایی بێت ئەنجامەكەی هەرچیەك بێت و قبوڵی بكات وهانبدرێتەوە بۆ چارەسەركردنی، یاخود بە پێچەوانەوە ئەگەر زۆر باش بوو، بەشێوەیەك بەخوێندكار بوترێت، نەبێتە هۆی لە خۆبایی بوون. هەروەها پێشنیاز دەکرێت لە گفتوگۆ و وتوێژەکانی داهاتووی تێزی دكتۆرا ونامەی ماستەردا تەنها ڕێگا بەستافی مامۆستایانی بەش و خوێندكارانی ماستەرو دكتۆرا بدرێت لە  هۆڵەكەدا ئامادە بن بۆئەوەی زیاتر سوودمەندبن لەوپرۆسە ئەكادیمیە.
لە كۆتاییدا گرنگە باس لە پێویستیی گۆڕینی شێوازی میواندارییکردنی ئەندامانی دەرەكیی لیژنەی گفتوگۆ بکرێتەوە بە جۆرێك كرێی گواستنەوە و مانەوە  و چەند خەرجیەكی تری لابەلای خۆیان و هەندێك جار هاوسەر و کوڕ و کچانیان لەسەر خوێندكاران نەبن و ئەم  دیاردەیەش بنبڕ بکرێت بۆ ئەوەی نەبێتە بارگرانی بەسەر خوێندكارەوە .
* مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved