24/2/2020 04:51 PM

بەرهەمهێنانی ئەنتی بایۆتیک بە یارمەتی ژیری دەسکرد

بەکارهێنانی ژیری دەسکرد یەکێک لە کاریگەرترین شێوازەکانە بۆ لەناوبردنی نەخۆشییە بەکتریاییەکان. لەم نێوەندەدا بە تێپەڕبوونی کات هەندێک لەبەکتریاکان لەبەرامبەر ئەنتی بایۆتیکەکاندا خۆڕاگر ئەبن و ئیتر ئەم دەرمانە ناتوانن ئەم نەخۆشیانە چارەسەر بکەن. لەم دواییانەدا کۆمەڵێک لەزانایانی زانکۆی MIT توانیویانه بە یارمەتی ژیری دەسکرد ئەنتی بایۆتیکێک دروست بکەن کە دوو دانه لە 3 بەکتریا خۆڕاگرە بەناوبانگەکان لەناو ببات.
ئەم دەرمانه بەیارمەتی ژیری دەسکرد دروست کراوە. توێژەرانی زانکۆی MIT توانیویانە بەهۆی ئەم دەرمانەوە، 2 دانه لە 3 بەکتریا خۆڕاگرە بەناوبەنگەکە کە رێکخراوی جیهانیی تەندروستی بە "گرنگ"ـی وەسف کردوون، لەناو ببەن. "رێجینا بارزیلای" کە یەکێک لە توێژەرانی ئەم پرۆژەیەیە، ئەڵێ: ئەم شێوازی بەرهەمهێنانی ئەنتی بایۆتیکە، یەکەم جارە لەجیهاندا تاقی ئەکرێتەوە و سەرکەوتوو بووە.
توێژەرانی دیکەی ئەم پرۆژەیە لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەم ئەنتی بایۆتیکە کە بەیارمەتی ژیری دەسکرد بەرهەم هاتووە، بەهێزترین ئەنتی بایۆتیکی جیهانه و ئەتوانێ بەشێکی زۆر لە بەکتریا خۆڕاگرەکان لەناو ببات. شێوازی کاری ئەم ژیری دەسکردەش سەرنجڕاکێشە. ئەم ژیری دەسکردە سەرەتا ئەو ملۆکۆلانەی وا بەکتریا لەناو ئەبەن ئەدۆزێتەوە، پاشان ئەو 6 هەزار مادەیەی وا ئێستا بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان بەکاردێن تاوتوێ ئەکات و لەماوەی چەند کاتژمێردا ئەنتی بایۆتیکە نوێیەکە بەرهەمدێنێت.
بەپێی گوتەی توێژەران ئەگەر ئەم شێوازە نەدۆزرایەتەوە، تا ساڵی 2050 بەکتریاکان خۆڕاگرتر ئەبوون و هەموو ساڵێک نزیکەی 10 ملیۆن کەس بەهۆی نەخۆشی بەکتریاییەوە گیان لەدەست ئەدا. هەروەها ئەم پرۆسەیە بەهۆی ئەوەی لە کۆمپیتەردا روو ئەدات، پارە و کاتێکی کەمتری پێویستە. هەنگاوی دوایی بۆ پەرەپێدانی ئەم ژیری دەسکردە، بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی سەرچەشنێکە بۆ دۆزینەوەی بژاردەیی ئەنتی بایۆتیک بۆ بەکتریا نایابەکان.

 

سەرچاوە: interestingengineering
خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved