25/2/2020 04:09 PM

گەشتێك بەنێو خوێندندا

 

 پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

دوای تەواوكردنی خوێندنی بەكالۆریۆس لەبەشی زمانی عەرەبی زانكۆی بەغدا ودواتر خزمەتی سەربازی لەساڵی 1978،بەپلەیەكی زۆر باشی باڵا،خولیای ئەوە بووم كەلەزانكۆی سلێمانی دابمەزرێم.ئەویش بەمەبەستی درێژەپێدان بەخوێندن بەتایبەتی لەدەرەوەی ووڵات بەنموونەی زانكۆكانی ئەمریكا وبەریتانیا.ماوەیەك چاوەڕوانیم كرد ولەسەرەتای 1979 ئەو هەلەم بۆ هەڵكەوت ولەزانكۆ دامەزرام بەناونیشانی یاریدەدەری توێژەر.پێویست بوو دوو ساڵ خزمەت بكەیت دواتر هەلی وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندنت بدەنێ.دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە ئەو مۆڵەتەم وەرگرت وڕەزامەندنی زانكۆی گلاسگۆ /بەریتانیا بەدەستهێنا.واتە پێش ئەوەی جەنگی عێراق وئێران دەست پێبكات ئەو مۆڵەتەم وەرگرت.

دوای ناڕەحەتییەكی زۆر توانیم پەیوەندی بەو زانكۆیەوە بكەم.خۆشبەختانە،پێش من جوانەمەرگ دكتۆر تەها غەفوری مەلا عەلی لەو زانكۆیە خوێندكاری دكتۆرا بوو كەهاوڕێیەكی تەمەن ومنداڵیم بوو.كارئاسانی باشی بۆ كردم ودواتر منی بە د. دارا جاف ناساند كەئەویش خوێندكاری دكتۆرا بوو لەهەمان زانكۆ.برایەتی ویارمەتییەكانی د.دارا جاف هیچ كات لەیاد ناچن.وەك كوردێكی ڕەسەن باشترین یارمەتی دام لەدامەزراندن ونیشتەجێكردن.هەر بۆ بەیانی منی پێشكەش بەسەرپەرشتیار، پرۆفیسۆر مەتۆك،كرد كەلەهەمان كاتدا سەرۆك بەشیش بوو.ئەم سەرپەرشتیارە لەبنەچەدا خەڵكی كیمبریج بوو بەڵام ساڵانێكی زۆر كاری لەزانكۆی گلاسگۆ دەكرد.

هەر ئەو ڕۆژە ماوەیەك لەتەك ئەم پرۆفیسۆرەدا دانیشتین وبۆ نیوەڕۆكەی لەسەر گیرفانی خۆی لەكافترییای مامۆستایان خواردنێكمان خوارد.ئەم پرۆفیسۆرە، جگە لەزانستە پڕەكەی، ڕۆژهەڵاتناسێكی بەناوبانگیش بوو،زمانەكانی عەرەبی بەدیالێكتەكانیشەوە وەك عەرەب قسەی پێدەكرد.زمانی فارسی وتوركیش بەهەمان شێوە.بەڵام هەر لەوێدا گووتی "ئێمە پێویستە بەزمانی ئینگلیزی دایەڵۆگ وقسە بكەین".منیش زمانە ئینگلیزییەكەم باش نەبوو.بۆیە هەرزوو خۆم گەیاندە پەیمانگایەكی زمانەوانی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی.لەگەڵ خوێندنەكەمدا وبۆماوەی شەش مانگ لەو پەیمانگایە مامەوە.دوای هەوڵێكی بێ سنوور كێشەی زمانیم نەما.هەفتەیەك تێنەپەڕیبوو بەسەر دەستبەكاربونمدا،ڕۆژێك پڕۆفیسۆری سەرپەرشتیار فەرمووی "حەز دەكەم ئەمڕۆ ئامادەی هۆڵی خوێندنی خوێندكارەكانی بەكالۆریۆس بیت".

گووتم بەسەر چاو.منیش خۆم بەپاڵەوانی زانستە عەرەبییەكان دەزانی بەوپێیەی دەرچووی زانكۆی بەغدادم وكەڵە مامۆستاكانی عێراق و ووڵاتە عەرەبییەكان وانەیان پێ گووتوم،پلەی دەرچوونەكەشم لەیەكەمەكانە،كەچوومە هۆڵ وپۆلەوە هەر زوو زانیم كەقۆناغەكە قۆناغی دوهەمی خوێندنە.وانەكەیان بۆ ئەو كاتە لەسەر گەورە زانا جاحیز بوو.هەر لەوێدا، بەبەراوورد بەخوێندكارانی ئەو قۆناغە كەسەرجەمیان ئینگلیز وسكۆتڵەندی بوون، هەستم بەشەرمەزارییەكی گەورە كرد بەوەی هیچ نازانم،بەڵكو هیچ شتێك فێر نەبووم.ئەمە تووشی شۆكێكی كوشندەی كردم  چونكە شێوازی وانە ووتنەوە وزانیارییەكان و ووردەكارییە شیكاری وتوێكارییەكان بۆ یەكەم جار بوو پێی ئاشنابم.لەدڵی خۆمدا دەمگووت گەر ئەمە ئاستی خوێندنی قۆناغی دوهەمی بەكالۆریۆس بێت ئەی دەبێت بۆ خوێندنی باڵا چۆن بێت!ئەو كات ئەو خوێندنەی كەلێی وەرگیرابووم ماستەر بوو لەبواری ئەدەبی بەراووردكاریدا.بۆ پڕكردنەوەی زانیارییە زانستییەكان پێویستم بەهەوڵ وكۆششێكی بێ ئەندازە بوو.پاش مانگێگ لەخوێندن باڵیۆزخانەی عێراق بەنووسراوێك ئاگاداریان كردم كەدەبێت سەردانیان بكەم لە لەندەن. ڕۆشتم.لەوێ بەڕێوەبەری پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكان چاوەڕێم بوو.بەبینینم یەكسەر گووتی "خوێندنەكەی تۆ لەسەر چییە؟".منیش گووتم "ئەدەبی بەراووردكاری لەنێوان كوردی وعەرەبی بەنموونەی السیاب و گۆران"گوتی نابێت ئەدەبی كوردی هەڵبژێریت چونكە ئێوە سەر بەڕۆشنبیرییەت وئەدەبی عەرەبین.یان ئەدەبی كوردی لەئاستی ئەدەبی عەرەبیدا نیە.منیش گووتم "ڕاستە منیش باسی كاریگەری ئەدەبی عەرەبی لەسەر ئەدەبی كوردی دەكەم".بەهەر حاڵ هەر جارە وبیانوییەكی نوێی دەهێنایەوە وبەبێ ئەنجام گەڕامەوە شارەكەی خۆم.هەر لەوێدا تێگەیشتم كەئەمانە لەئایندەیەكی نزیكدا كێشەیەكم بۆ دەخوڵقێنن.بیركردنەوەكەم جێگەی خۆی گرت ودوای ماوەیەك جارێكی تر نووسراوێكیان ئاڕاستە كردم كەدەبێت لەباڵوێزخانە ئامادەبم.ئەمجارەش ڕۆشتم.هەمان بەڕێوەبەر گووتی"مامەڵەی  مۆڵەتی خوێندنەكەت كێشەی تێدایە وپێویستە بگەڕێیتەوە عێراق ودوای تەواو كردنی كێشەكان بگەڕێرەوە  ئێرە ودرێژە بەخوێندنەكەت بدە.منیش بەلامەوە زۆر سەیر بوو كەمامەڵەكەم كێشەی تێدا بێت.گووتم باشە لەئایندەیەكی نزیكدا دەگەڕێمەوە چونكە خێزاندارم وخێزانەكەم لەگلاسگۆیە.دیاربوو پێش منیش هەمان شتیان بەهەردوو هاوڕێم پرۆفیسۆران ئەحمەد فەرهادی وموحەمەد عەبدولقادر گووتبوو.ئەوەبوو من وفەرهادی نەگەڕاینەوە .سەرپەرشتیارەكەم زۆر پشتگیری دەكردم وهەر زوو هەوڵێكی بۆ دام بەوەرگرتنی مۆڵەتی كاركردن كەئەو وەرگرتنە كارێكی زۆر زەحمەت بوو.واتە  كرێی خوێندن وژیان پێویستی بەداهاتێك هەبوو.بۆیە شەوان دەستم كرد بەئیش وبەڕۆژیش  خوێندن.خوێندنەكەم هەردوو شێوازی لێكۆڵینەوە وئامادەكردنی لەخۆ گرتبوو.هەموو ڕۆژانی دوو شەممە لەكاتژمێر 10-12 پێویست بوو چەند بابەتێك ئامادە بكەم بۆ سەرپەرشتیار.شێوازی دایەڵۆگەكە بریتی بوو لەپرسیار ،هاوشێوەی تاقیكردنەوەكان.سەرپەرشتیاریش لەلای خۆی ئەنجامی ئەم دایەڵۆگە پرسیارییەی تۆمار دەكرد.هەندێ جاریش شێوازەكە لەجۆری سیمینار بوو كەخوێندكارانی تریش ئامادە دەبوون.ئەوانیش بۆیان هەبوو پرسیاری خۆیان بكەن.پەیداكردنی سەرچاوەش كارێكی ئاسان نەبوو چونكە بەشێك لەسەرچاوەكانم لەدەرەوەی بەریتانیا بوو بەنموونەی ئەمریكا یان بەشێك لەووڵاتە عەرەبییەكان.بۆیە بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئەو سەرچاوانە لەلایەكەوە پێویستم بەكات هەبوو كەهەندی جار گەیشتنەكە دوو تا سێ هەفتەی پێدەچوو.لەلایەكی تریشەوە بەشێك لەو سەرچاوانە پێویستیان بەپارە هەبوو كەئەمە بۆ من ،دیسانەوە،كارێكی ئاسان نەبوو،بەڵام هەر دەبوو پەیدای بكەم وبەدەستم بگات.جگە لەمەش،هەندێك جار وبەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێویستم بەچاوپێكەوتنی گەورە ڕەخنەگر ونووسەر وئەكادیمییەكان بوو.بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیم كرد بەسەرۆك بەشی ئینگلیزی لەزانكۆی ئۆكسفۆرد،پرۆفیسۆر مستەفا بەدەوی وگەورە شاعیر وڕەخنەگر ئێدوارد مۆرگان ومامۆستایان تۆفیق وەهبی بەگ و برایم ئەحمەد وحەمە ڕەسوڵ هاوار وصەفا خەڵوصی كەزۆربەی هەرەزۆری ئەم بەڕێزانە لەلەندەن دەژیان.تێچووی ڕێگا وبان ومانەوە لەسەر گیرفانی خۆم بوو. لەهەمان كاتیشدا وبەمەبەستی فێربوونی زمانی ئینگلیزی كەزۆر پێویستم پێی بوو پەیوەندیم كرد بەبەشی زمان وئەدەبی ئینگلیزی لەكۆلێژی ئەنیسڵاندی ئێواران كەبڕی پارەی خوێندنەكەی بڕێكی زۆر كەم بوو.ئەمەش هانیدام كەبەشێك لەبەراووردی نامەكەم ئەدەبیاتی ئینگلیزیش بگرێتەوە.هەر لەسەرەتای خوێندنەكەم فێری ڕێزگرتن لەكاتیان كردم.ئەوەبوو ڕۆژێكی دوو شەممە بەهۆی باران بارین وبەفرێكی زۆرەوە نزیكەی چارەكە كاتژمێرێك دواكەوتم.سەرپەرشتیار زۆر لێم توڕە بوو،لەئەنجامدا گووتی "من سەرپەرشتی نامەكەت ناكەم ولەهەمان كاتیشدا پێویستە زانكۆكەشت بگوێزیتەوە".سكرتێرەكەی بەدزییەوە پێی گووتم"هەر زوو بچۆ بۆ كتێبخانەی زانكۆ ولەوێ كارتێكی لێبووردنی بكڕە ودواتر بەپۆستدا ڕەوانەی پرۆفیسۆری بكە،نەشی نێریت بۆ ماڵەوە بەڵكو بۆ پۆستەكەی خۆی لەبەش".منیش بەخۆشحاڵییەوە كارەكەم ئەنجامدا ودواتر پەیوەندییەكانمان ڕێگەی سروشتی خۆی گرتەوە ،لەمەش زیاتر،ڕۆژی ئاشتبوونەوەكەمان بانگێشتی نانخواردنی ئێوارەی كردم.دوای ئەم ڕووداوە،پێش كاتی خۆی بەنیو كاتژمێر دەچوومە بەردەم ژووری سەرپەرشتیار.هەر لەبەر ئەمەش بوو،دەبوو شوێنی نیشتەجێ زۆر نزیكی شوێنی كار بێت.واتە نەدەبوو شوێنی كار لە15 كیلۆمەتر زیاتر دوور بێت لەشوێنی نیشتەجێبوون.ئەمەش لەپێناو دوانەكەوتن لەكاتی وانە ودانیشتنەكان.ئەوەی زۆر هیلاكی دەكردم،ئامادەكردنی بابەتێك بوو لەماوەی هەفتەیەكدا كەدەبوو نزیكەی شەش بۆ حەوت سەرچاوە بخوێنمەوە ودواتر بیكەمە نیمچە لێكۆڵینەوەیەك و پێشكەشی سەرپەرشتیاری بكەم.سەرپەرشتیاریش شێوازی بابەتیبوونی بەكاردەهێنا وبەهیچ شێوەیەك مەرایی نەدەكرد.بۆ هەر پێشكەشكردنێك نمرەی خۆی دادەنا كەبەئاشكرا ئاگاداری دەكردمەوە بەبێ شاردنەوە.بەڵام كێشە لەوەدا بوو كەبەهیچ ئامادەكردنی نووسینێكم قایل نەدەبوو،ئەوەی پێشكەشم دەكرد ئەوا دەیگوت"بۆ تەنەكەی خۆڵ".ئەمە زۆر بێزاری كردم.بەڵام لەهەمان كاتدا دیاربوو مامۆستای سەرپەرشتیار دەیویست هەوڵەكانم زیاتر چڕ بكەمەوە ،بەڵكو نزیكی بكەمەوە لەبیركردنەوەی خوێندكارە بێگانەكان،بەنموونەی ئینگلیز وسكۆتڵەندییەكان .بۆیە جارجارە هێزێكی پێدەبەخشیمەوە ودڵی خۆش دەكردمەوە.دوای تێپەڕبوونی شەش مانگی خوێندنی ماستەر،مامۆستای سەرپەرشتیار گووتی "بەوپێیەی بابەتەكەت زۆر دەگمەن وچێژبەخشە ئەوا حەز دەكەم ئاڕاستەی خوێندنەكەت لەماستەرەوە بگۆڕیت بۆ دكتۆرا".ئەمە دوو لایەنە بوو.لەلایەكەوە زۆرم پێخۆشبوو.لەلایەكی تریشەوە ترسی گیرفانیشم هەبوو كەهیچی تێدا نەبوو.كرێی زانكۆ بۆ ئەو كاتە زۆر گران وبەرز بوو.ئەوەی كەدەهاتە گیرفانم تەنها بەشی بژێوی ژیانی خێزانی دەكرد وەك كرێی خانو،كارەبا،گواستنەوە وخواردن وپێداویستی منداڵەكەمان.لەم ڕووەوە مامۆستای سەرپەرشتیار زۆر یارمەتی دام.تەنانەت كارێكی كاتی بۆ دۆزیمەوە لەگەڵ كۆمپانیایەكی كۆمپیوتەری كەپێویستیان بەشارەزایەكی زمانی عەرەبی هەبوو.بیرۆكەی سەرپەرشتیار بۆ گواستنەوەی خوێندنەكەم بەهەند وەرگرت.لێرەدا ڕۆڵی خێزانەكەم،شیرین شاڵی، لەجۆری وزەبەخش بوو كەهەمیشە پشتگیری دەكردم وزۆریش فیداكاری پێشكەش كردم.
ئەو كوردانەی كەلەوشارە دەژیان ودیاربوون ئەوانە بوون كەبۆ خوێندنی باڵا هاتبوون كەژمارەیان زۆر كەم بوو ( كاوس عەزیز بەگ وخێزانەكەی پاكیزە جەمال،فەرەیدون عەبدولقادر،ڕێزان عەنبەر،گۆران تاڵەبانی،كەمال قەیتوولی،دكتۆر حەمە نەجم جاف،سەمیرە عەبدولحسێن،ساجیدەخان كەخێزانی دكتۆر تارق عەمادی كەپێشتر سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بوو،پێش ڕاگواستنەوەی.ئەمە جگە دكتۆر نەبەز(تەهای غەفووری مەلا عەلی) ودارا جاف.ئەم بەڕێزانە، كەئێستا هەڵگری بڕوانامەی دكتۆران وپلەی زانستیان زۆر بەرزە ،دابەشببوون بەسەر پسپۆڕییە جیاوازەكاندا وەك پزیشكی وئەندازیاری وزانستی كیمیاو وبایۆڵۆژی وزیۆڵۆژی.تەنها كەس كەلەبواری ئەدەبدا دەیخوێند ئەوە من بووم.پەیوەندی نێوانمان نەتەوە ونیشتمان وهاوڕێیەتی كۆیكردبوینەوە.برادەران دابەشببوون بەسەرجێگە وبیر وبۆچوونی جیاوازدا.ئەم جیاوازی فیكری وجێگەییە هیچ بۆشاییەكی دروست نەكردبوو،بەڵكو پەیوەندییەكان لەجۆری ئایدیاڵیزمی بوون.سەردان ودانیشتنەكان بەتایبەتی لەپشووی هەفتەدا وەك نەریتێكی لێهاتبوو .بەبەردەوامیش پیاوانی ڕژێم،لەخوێندكارە عەرەبەكان، چاودێری توندی دەكردین.بۆ نموونە،ڕۆژێك مامۆستای سەرپەرشتیارم بەپەلە خۆی كرد بەژوورەكەمدا تەواو ڕەنگی تێكچوو بوو.یەكسەر گووتی پیاوانی ڕژێم بەنوێنەرایەتی كەسێك كەناوی دكتۆر سەعدە وبەرپرسی پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكانی زانكۆی سەڵاحەددینە هاتوون تۆ بگرن وڕەوانەی (عێراق)ت بكەنەوە.دواتر گوتی،بەڕێوەبەری تۆمارگەی زانكۆی گلاسگۆ زانیاری نەداونەتێ ودەریشی كردوون.بەمەش لێرە بەدواوە پێویستە ئاگاداری خۆت بێت.هەر دوای یەك دوو ڕۆژ ڕۆژنامەی گاردیان كاریكاتێرێكی لەسەر ئەم دیمەنە بڵاوكردەوە كەبریتی بوو لەكەسێك بەتەورەوە كەسێكی خوێندكار ڕاو دەنێت ،كەئەم وێنەیە پڕاوپڕ دیمەنەكەی ئێمەی بەرجەستە كردبوو.هەر لەبەر ئەمەش بوو مامۆستای سەرپەرشتیارم هەمیشە دەیگووت:لەژیانمدا هیچ كەس هێندەی تۆ كێشەی بۆ دروست نەكردووم.مەبەستی لەو جۆرە كێشانە بوو كەئاماژەمان پێدا،چونكە باڵوێزخانەی عێراقی وپەیوەندییەكانی زانكۆی سەڵاحەددین بەبەردەوامی نامەی نهێنیان بۆ مامۆستای سەرپەرشتیار دەنارد وپرسیاری ئەوەیان لێدەكرد كەمن چی دەكەم وچیش دەخوێنم.مامۆستاش سەرجەم زانیارییەكانی لەبەرژەوەندی من ڕەوانە دەكردەوە.
شتێكی تر كەجێگەی باسكردنە،پەرۆشی خوێندكاران بوو،بەجیاوازی ئاستی خوێندنەكانیان،بەبابەتی گرنگیدان بەخوێندنەوە.بەوپێیەی خوێندكار لەڕێگەی حەزوو ئارەزووەكانیانەوە پەیوەندی بەبواری خوێندنەكەیانەوە دەكەن وزۆرەملێی تێدا نیە ئەوا بەمەبەستی سوود وەرگرتن لەزانیارییە سەرچاوەییەكان وپێش ئەوەی دەرگای كتێبخانە بكرێتەوە سەرەیان دەگرت.ئەمەش لەپێناو جێگە گرتن بوو.زۆربەی ئەو خوێندكارانە خواردنی پێویستیان لەگەڵ خۆیان دەهێنا ولەكاتی پشووەكاندا ئەو خواردنانەیان دەخوارد.ئەمە لەلایەكەوە لەپێناو دەستگرتنەوە لەداهات.لەلایەكی تریشەوە بۆ ئەوەی كاتیان بەفیڕۆ نەڕوات. كتێبخانەی زانكۆكەمان باڵەخانەیەكی زۆر گەورە بوو،پێكهاتبوو لەچەندین نهۆم.هەر نهۆمەی بەشێك لەپسپۆڕی.بۆ هەر نهۆمێكیش چەند فەرمانبەرێك لەكاتی پێویستدا خزمەتی ئامادەبوانیان دەكرد.بەمەش خوێندكاران سەرجەمیان سەرقاڵی خوێندنەوە وئامادەكردنی زانیاری ونووسینی ڕاپۆرت وتۆپیك بوون.ئەمە كاری ڕۆژانە بوو لەكاتژمێر 9 – 5 ئێوارە بەبێ دواكەوتن.بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كەخوێندكار بەبەردەوامی كاتەكانی لەكتێبخانە بەرێتە سەر،بەڵكو هەر خوێندارە لەبەشەكەی خۆی ژووری تایبەتی بەخۆی هەبوو بۆ كۆكردنەوەی زانیارییەكان.هەروەها هۆڵی تایبەتیش بەخوێندن هەبوو،ئەویش بەپێی ئاستی خوێندنەكە.واتەجگە كاتە دیاریكراوەكانی پشوو،خوێندكار تەواو سەرقاڵی خوێندن بوو بەبێ دواكەوتن وئەو خوێندكارەی بەبێ هۆ دوا بكەوتایە،بەتایبەتی خوێندكارانی قۆناغی بەكالۆریۆس، ئەوا سزای زانستی دەدرا كەنەدەبوو لەسێ جاریش زیاتر دووبارە بێتەوە. بۆ قۆناغی دكتۆرا،جگە حاڵەتی نەخوازراو، ئەوە جێگەی ئامادەنەبوونی تێدا نەدەبووەوە بەڵكو زۆریش قەدەغە بوو.
دوای ئەوەی پێداویستەكانی خوێندن لەكۆكردنەوە ونووسین تەواو بوو،لەبەش سیمنارێكم دەربارەی نامەكەم پێشكەش كرد كەسەرجەم خوێندكارانی بەش بەقۆناغە جیاوازەكانەوە ئامادەبوون.دوای دوو كاتژمێر لەباسكردن وگفتوگۆ ،مامۆستای سەرپەرشتیار دەستخۆشی لێكردم.دواتر نامەكە لەڕێگەی لیژنەی زانستی بەشەوە،جگە لەسەرپەرشتیار چونكە كارەكە زۆر نهێنی بوو،ڕەوانەی شارەزایەكی زانستی كرا لەدەرەوەی زانكۆ .دوای نزیكەی دوو هەفتە،خۆشبەختانە،كارەكە وەك خۆی قبوڵكرا.دواتر سێنەتی زانكۆ بڕیاری گفتوگۆی كۆتایی دەركرد ونامەكەیان بەنهێنی بۆ كەسانی پسپۆر نارد ئەویش بەمەبەستی گفتوگۆی كۆتایی.دوای نزیكەی مانگێك ڕۆژێكیان تەرخانكرد بۆ گفتوگۆ.ئەوەی لێی دەترسام ئەو ڕۆژە بوو. هەڵسەنگێنەر پرۆفیسۆر بوو لەزانكۆی ئێدنبرە،ئەویش ڕۆژهەڵاتناسێكی ناسرابوو بەنێوی ماكدۆڵاند.دوای نزیكەی پێنج كاتژمێر لەگفتوگۆ وبەرگری لەنامەكە،هەڵسەنگێنەر زۆر دەستخۆشی لێكردم وبەبێ هیچ دەستكارییەك نامەكە وەك خۆی وەرگیرا.بەمەش بڕوانامەی دكتۆرام لەئەدەبی بەراووردكاریدا بەدەستهێنا.دواتر لەترسی حكومەتی عێراقی وەك خێزان ویستمان بۆ هەمیشە لەو ووڵاتە بمێنینەوە.بەڵام بەداخەوە دوای چەند مانگێك حكومەت دوای ئەوەی زانی خوێندنەكەم تەواو كردووە برایەكمیان لەسلێمانی گرت كەكاتی خۆی دەستەبەری(كەفیل) كەسێتی خوێندنەكەم بوو.ئەمە ناچاری كردم كەلەكۆتایی 1985 دا بگەڕێمەوە.كەگەڕامەوە،وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ماوەی حەوت مانگ دەستی بەسەر نامەكەمدا گرت بەبەڵگەی ئەوەی ناوەڕۆكی نامەكە،لەڕووی فیكرییەوە، ناگونجێت لەگەڵ هێڵی بەعسدا.ئافرەتێك ،كەپێشتر خوێندكاری كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سلێمانی بوو، بەرپرسی خوێندنی باڵا بوو لەوەزارەت ومنی ناسییەوە زۆر ڕێزی لێگرتم گووتی "مامۆستا باشتر وایە لەڕێگەی شاخەكانتانەوە خۆت دەرباز بكەیت چونكە دڵنیام ناوەڕۆكی ڕاپۆرتی لیژنەی تایبەتی سەلامەتی فیكری بەگرتت دەدات،بەڵكو ڕەنگە لەسێدارەش بدرێیت.سەرەتا لەگەڵ چەند  برادەرێكی مامۆستای زانكۆی سەڵاحەددین ویستم بگەڕێمەوە بۆ بەریتانیا ئەویش لەڕێگەی ئێرانەوە.ڕۆشتنەكە ڕێك نەكەوت وهاوڕێكانم هەموویان ڕۆشتن.بەڵام دواتر بیرم كردەوە كەپێویستە وەزیری خوێندنی باڵا ببینم وبەرگری لەنامەكەم بكەم.هەر ئەو ئافرەتە،كەزۆر یارمەتی دام،چاوپێكەوتنێكی بۆ ڕێكخستم و وەزیرم بینی ودایەڵۆگێكی زانستیمان ئەنجامدا بەوەی ناوەڕۆكی نامەكەم باس لەساڵانی سییەكان وچلەكان وپەنجاكان دەكات وپەیوەندی بەبەعسەوە نیە.ئەمە وەزیری قایل كرد كەجارێكی تر نامەكەم بنێرنەوە بۆ هەڵسەنگاندنێكی تری فیكری نەك زانستی.هەڵسەنگێنەرانی ئەم جارە كەزۆر زانستی وپرۆفیشناڵانە كاریان كرد نامەكەیان وەك خۆی وەرگرت وبەمەش  ئەنجامەكە تەواو پێچەوانەی ئەوەی پێشوو بوو.وەزارەتیش فەرمانی وەزاری هەڵسەنگاندنی كۆتاییان پێ بەخشیم وبووم بەمامۆستا لەكۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەددین كەپێشتر خۆم هەر لەوێ یاریدەدەری توێژەر بووم.  





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved