26/2/2020 03:35 PM

هاوکاریی دووبارەی گووگڵ و هواوی

هەندێک  لەسەرچاوەکان باس لەهاوکاری دووبارەی گووگڵ و کۆمپانیای هواوی ئەکەن.دەگوترێ یەکێک لەهۆکارەکانی ئەم بڕیارە فرۆشی بەرهەمەکانی ئەم کۆمپانیا چینییە لەبازاڕ و بەتایبەت "هواوی میت XS" و هەروەها بەرهەمەکانی زنجیرەی "P40".
بەپێی ئەو هەواڵانەی لەئەڵمانیا و ئیسپانیا بڵاو بۆتەوە، گووگڵ داوای لەکۆشکی سپی کردووە مۆڵەتی هاوکاری دووبارە لەگەڵ هواوی پێبدات، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەم مۆڵەتە دراوە یان نا. هەروەها روون نییە هۆکاری هاوکاری دووبارەی گووگڵ لەگەڵ هواوی چییە. هەندێک کەس لایان وایه ئەم بڕیارە بە واتای پشتیوانی لەناوەرۆکی AOSPـی ئەندرۆیدە و هەندێک کەسیش لایان وایە گۆگڵ حەزی لەوەیە سەرلەنوێ ئەپڵیکەیشنەکانی خۆی لەسەر مۆبایلەکانی ئەم کۆمپانیایە دابەزێنێتەوە.
بەڵام چەند رۆژ لەمەوبەر بەرپرسانی هواوی لەوڵاتی نەمسا رایانگەیاند تەنانەت ئەگەر گووگڵ حەزی لەهاوکاری دووبارە لەگەڵ ئەم کۆمپانیایە بێت، ئەوان هیچ حەزیان لەم کارە نییە. هەڵبەت چەندین هەواڵیش بڵاو بۆتەوە کە گۆیا هواویش تارادەیەک لەم هەڵوێستە توندە پاشگەز بۆتەوە و حەزی لەوەیە دووبارە لەگەڵ گووگڵ هاوکاری بکاتەوە.
سەرەڕای ئەم هەواڵانه، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە حکومەتەکەی ترامپ بەتەمایە کۆمەڵێک سزای زیاتر بەسەر هواویدا بسەپێنێت و ئەبێ چاوەڕێ بکەین بزانین ئەمریکا لەسەر بڕیارەکانی سوور ئەبێت یان نا.

 

سەرچاوە: BGR

خاک _ پشکۆ کامەران



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved