26/2/2020 04:30 PM

بەرزبوونەوەی نرخی دەمامک لەفرۆشگەی ئامازۆن!

لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و راگەیاندنی دۆخی نائاسایی لەهەندێک لەشارەکانی ئەمریکا، رێژەی کڕیارانی دەمامکیش زیادی کردووە. لەم دۆخەدا هەندێک لەفرۆشیارانی ئامازۆن نرخی کاڵاکانی خۆیان بەرز کردۆتەوە، بەڵام لەگەڵ دژکردەوەی ئەم کۆمپانیایە رووبەڕوو بۆتەوە.
هەلپەرەستی هەندێک کەس لەم دۆخەدا بۆ خەڵکی کوردستان زۆر نامۆ نییە بەڵام ئەم هەلپەرەستییە تایبەت بە کوردستان نییە و تەنانەت کۆمپانیای ئامازۆنیشی گرتۆتەوە. بەشێک لە گەورەترین وردەفرۆشانی جیهان، بە کەڵکی نابەجێ وەرگرتن لە نیگەرانی لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نرخی دەمامکیان نزیکەی چوار بەرابەر بەرز کردۆتەوە. بەرزبوونەوەی نرخی دەمامک تەنها بۆ مۆدێلە ئاساییەکان نییە؛ بۆ نموونە باکسێکی 20 دانەیی لە مۆدێلی N95 کە دەماکێکی کاراترە، تا چەند رۆژ لەمەوبەر نرخەکەی 15 دۆلار بوو بەڵام لەئێستادا نرخەکەی بۆتە 60 دۆلار.
ئەم هەڵسوکەوتە لەلایەن ئامازۆنەوە بێ وڵام نەبووە و هۆشداری داوەتە فرۆشیاران کە بەپێی یاسای "نرخی عادڵانه" مافی بەرزکردنەوەی نرخی کاڵایان نییە. بەپێی ئەم یاسایە فرۆشیاران لەم سایتەدا نابێ نرخی کاڵاکانی خۆیان بەنسبەت رۆژەکانی رابردوو زیاد بکەن و متمانەی مشتەرییەکان لەناو ببەن. ئەم سایتە تەنها بە هۆشدارییەکی ئاسایی نەوەستاوە و دەمامک و باقی کەرەسە پزیشکییەکانی لەلیستی کاڵاکان سڕیوەتەوە.
ئامازۆن هەروەها بەهۆی نیگەرانی لە کاریگەڕییەکانی پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر بازاڕی "پرایم دی"، کۆمەڵێک ئیمەیلی بۆ هاوکارانی خۆی لە چین ناردووە و داوای لێکردوون بارودۆخی هێڵەکانی بەرهەهێنانی خۆیان شرۆڤه بکەن. "پرایم دی" سیستەمێکی فرۆشی تایبەتە کە بڕیارە 5 مانگی دیکە و بەماەی 48 کاتژمێر بەردەوام بێت. لەم بازاڕە ئینتەرنەتییەدا کاڵاکان بە نرخێکی کەمتر ئەفرۆشرێن و داهاتێکی زۆری بۆ کۆمپانیای ئامازۆن هەیە.

 

سەرچاوە: wired

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved