27/2/2020 01:43 PM

ڵێكۆڵینەوە لەفەرهەنگ و سینتاكسی كوردی



پ.د.عەبدولجەبار مستەفا مەعروف، مامۆستا لە بەشی كوردی كۆلێژی زمان لە زانكۆی سلێمانی، كتێبێكی نوێی بەچاپ گەیاند و خستیە بەردەم دیدەی خوێنەران بە نێوی " ڵێكۆڵینەوە لەفەرهەنگ و سینتاكسی كوردی"  ڵێكۆڵینەوەی زمانەوانی. 
لە پێشەكی كتێبەكەدا هاتووە:

زمان بە مەڵۆو مەكۆو كۆگا‌و گەنجینە‌و فەرهەنگی كۆكردنەوەو هەڵگرتن‌و تۆماركردنی هەموو كەرەستە زمانییەكان‌و، ئەو پێڕەو‌و یاساو ڕێساو دروستەو پێواژۆوانەیش كە چۆنێتی دەربڕاوەكان ڕەنێودەهێنێت، دانراوە، ئەمەش گرنگی وابەستەیی‌و بەردەوامیی‌و پێكەوەیی‌و سوڕیی فەرهەنگ‌و سینتاكس دەردەخات، بەوەی كەرەستەو تێكردە فەرهەنگییەكان بنیاتنەری دەربڕین و دەركردە سینتاكسییەكانن‌و خودی دەركردە سینتاكسییەكانیش دەبنەوە بە تێكردەی فەرهەنگیی‌و فەرهەنگیی ئاوەزیی زەنگینتر دەكەن، بۆیە دژوارە یەكە فەرهەنگییەكان(لێكسێم)، بە دابڕاوی لە پێكهاتە‌ودروستەو چوارچێوە سینتاكسییەكانیان مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین، ئەمەش بۆ پەیوەستی‌و پەیكاڵبوونی فۆڕم‌و واتای  یەكەی فەرهەنگیی‌و پێكهاتەو دروستەییان دەگەڕێتەوە، كە بەشێوەیەك ئاوێتە بوون كە جیاكردنەوەیان سانا نییە، ئیدیەمەكان نموونەیەكی دیاری ئەم تێكچڕژاوییەی نێوان فەرهەنگ‌و سینتاكسن. 
فەرهەنگ‌و سینتاكس، تانوپۆی بونیاتی زمان پێكدەهێنن،  لێكۆڵینەوە لەم لایەنانەی زمان لێكۆڵینەوەیە لە بیروبۆچوون‌و دنیابینیی‌و پەیپێبردن‌و دركپێكردن‌و ئەزموون‌و كلتور‌و ڕەسەنایەتی تاك‌و گروپ‌و نەتەوەكان، بۆیە ئەم كارە زانستییە، لەگەڵ ئەوەی توانست‌و زانست و توانامەندیی‌و  زانایی نوسەرە بەڕێزەكەی پەسندەكات، هاوكات ئاوەزمەندیی‌و شێواز‌و چۆنێتیی بیر‌وبیركردنەوە‌و پەیبردن‌و  زانیاریی‌و كۆزانیاریی زمانیی‌و نازمانیی و چۆنێتیی بەرجەستەكردنیان ڕوندەكاتەوە، لەلایەكی تریشەوە ڕێنموییمان دەكات بۆ چۆنێتی هەڵگواستن‌و هەڵهێنجانی پێڕەوو دروستە‌و یاساكان (سینتاكس)، لەناو پێكهاتەی یەكەفەرهەنگییەكاندا(فەرهەنگ)‌و پەسنكردنی قۆناغەكانی گۆڕان‌و كارایی‌و گەشەسەندنیان‌و پێچەوانەكەشی ڕاستەوانەیە. 
ئەم بەرهەمە زانستییە سەرچاوەیەكی بە بەها‌و كتێبێكی ژێدەرییە،  بۆ كنەكردن‌و پشكنین‌و شیكردنەوەی نواندنە فەرهەنگیی‌و سینتاكسییەكانی دەربڕاوەكان لە زمانی كوردیدا‌و سەرچاوەیەكی زانستیی شیاو شایانیشە لەبەر دیدو دەستی خوێنەرو خوێندكارو توێژەرو ئەكادیمیست و ئەزمونگەرو سەوداسەرانی زمان و فەرهەنگیی كوردییدا. 
خاك





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved