به‌گشتی ئه‌ده‌بی عیراقی له دوای رووخانی به‌عسه‌وه وێنه‌ی شه‌ڕێكی به‌رده‌وام نمایش ده‌كات، ئه‌ده‌بی عیراقی تازه ئه‌ده‌بێكی خوێناوییه، چیرۆكی شه‌ڕ و كاولكاری ده‌گێڕێته‌وه، یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه نه‌جم والییه، كه خۆی سه‌ربازبووه له به‌ره‌ی جه‌نگدا، وه‌ك له كوڕێكدا له سلێمانی ئاماژه‌ی پێكرد كه سه‌ربازبووه له كوردستان. له دوای ئه‌ویش چه‌ند چیرۆكنووس و رۆماننووسێك هاتنه مه‌یدانه‌كه‌وه ئه‌وانیش به هه‌مانشێوه چیرۆكی شه‌ڕ و دیمه‌نه خوێناوییه‌كانی عیراقیان نووسیوه، عه‌لی به‌در و حه‌سه‌ن به‌لاسم و ئه‌حمه‌د سه‌عداوی و شه‌هید و… ئه‌مانه ئه‌و نووسه‌رانه‌ن كه چیرۆكی كابووس و شه‌ڕ و ته‌قینه‌وه ده‌نووسنه‌وه، به‌ڵام له فه‌زایه‌كی به‌رزی ئه‌ده‌بیدا. عه‌واد عه‌لیش یه‌ك له‌و نووسه‌رانه‌یه كه چیرۆكی شه‌ڕ و كاولكاری ده‌نووسێته‌وه. «زۆرم به‌زه‌یی به‌نۆرهاندا هاته‌وه، دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ی به‌سه‌ر مه‌رگی سه‌لماندا تێپه‌ڕیوه، تووشی چ وه‌همێك هاتووه، بێگومان پێویستی به‌وه‌یه پزیشك ده‌روونی بیبینێت. چون كه‌سێك له گۆڕێله بیركراودا جه‌سته‌ی بووبێته كۆمه‌ڵێك ئێسك و پرووسك ده‌گه‌ڕێته‌وه ژیان؟ ئه‌وه بیست و سێ ساڵه له‌وانه‌یه ئێسقانه‌كانی داڕزابن.» ئه‌وه‌ی له نێو ئه‌و دوو كه‌وانه‌یه‌دایه به‌شێكی بچووكه له رۆمانی گه‌مژه‌یی ماركیز، كه كۆی رۆمانه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنیادنراوه، كۆی رووداوه‌كان له ده‌وری چیرۆكی كوژرانی سه‌لمان و زیندووبوونه‌وه‌ی ده‌خولێنه‌وه. رووداوه‌كانی ئه‌م رۆمانه له رۆژێكی ساردی زستانی 2014 و له شاری كه‌ركوك ده‌ست پێده‌كه‌ن، كه نووسه‌ر ناوی شاره‌كه‌ی گۆڕیوه بۆ ئاره‌بخا، كه ناوێكی كۆنی كه‌ركوكه، به‌مه‌ش عه‌واد عه‌لی ویستوویه‌تی بگه‌ڕێته‌وه بۆ مێژووی كه‌ونارای كه‌ركوك، به‌ڵام كۆی رۆمانه‌كه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ رابردووی شاره‌كه و سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران و عیراق، چیرۆك و به‌سه‌رهاتی كاره‌كته‌ره‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك به‌ر له ساتی نووسین یان گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كه، چیرۆكی شه‌ڕی ئێران و عیراق ده‌گێڕێته‌وه و درێژ ده‌بێته‌وه بۆ سه‌رده‌می تازه و رووخانی به‌عس و هاتنی سوپای ئه‌مریكا بۆ عیراق. به‌شێك له فه‌زای رۆمانه‌كه شه‌ڕ و كاولكاری ئه‌و دوو وڵاته‌یه و هێڵی سه‌ره‌كیش فه‌زای شاری كه‌ركوكه، سه‌نته‌ری رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه ئاره‌بخایه، دێمه‌نه‌كانی شاره‌كه‌یه، جووت قاوه، شۆریجه، پریادی، ره‌حیماوه، قه‌ڵا، عه‌ره‌فه، تسن، قه‌ڵای كه‌ركوك… نووسه‌ر له رێگای گێڕانه‌وه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مێژووی كه‌ركوك. هاوكات به‌هۆی كۆچ و ره‌وی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه گێڕانه‌وه به‌گه‌لێك شوێن ده‌گات و فه‌زای ئه‌و شوێنانه نیشان ده‌دات، بۆ نموونه یۆنان، توركیا، سوید، مه‌كسیك، كۆڵۆمبیا، كه به‌هۆی سه‌رسامی گێڕه‌ره‌ره‌وه به نووسه‌ری كۆڵۆمبی گابرێل گارسیا ماركیزه‌وه كه به‌رده‌وام تارمایی ماركیز به‌سه‌ر كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه ده‌بینرێن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌كاته‌وه ئه‌م كاره‌كته‌رانه‌ی زۆره‌ملێ ناچاری شه‌ڕ و چوونه سه‌ربازی كردوون خه‌ڵكانێكی خوێنده‌وارن. تارمایی مارگیز و هه‌ندێك له‌دیمه‌ن و رووداوه‌كان وایان كردووه ئه‌م رۆمانه بچێته خانه‌ی ریالیزمی جادووییه‌وه، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی سه‌لمانه و سیحری ریالیزمی گێڕانه‌وه‌ش نادیاری و مردنی سه‌لمانه. سه‌لمان به‌در ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی سیحری ئه‌م رۆمانه‌ی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه، له‌نێوان مه‌رگ و ژیاندا هاتوچۆده‌كات، كه‌سایه‌تییه‌كی ریالیزمییه، كوژراوێكی زیندووه له‌نێوان شه‌ڕی ئێران و عیراق و سه‌رده‌می رووخانی به‌عس و هاتنی ئه‌مریكادا دێ و ده‌چێ. ئه‌مه‌ش خاڵی به‌هێزی ئه‌و ریالیزمه جادووییه‌یه كه له رۆمانه‌كه‌دا هه‌یه. یانژی تێكه‌ڵ بوونی خه‌ون و واقیع جۆرێك له سریالی بوونی رۆمانه‌كه وێنا ده‌كه‌ن. دێمه‌نی عه‌شقێكی پاك و پیرۆزه تێكه‌ڵ به دیمه‌نه‌كانی جه‌نگێكی قێزه‌ون بووه له نێو رۆمانه‌كه‌دا، ئه‌وین له‌م رۆمانه‌دا كێبڕكێ له‌گه‌ڵ جه‌نگ و داگیركاری ده‌كات. ئه‌وینی ژن بۆ پیاو، خۆشه‌ویستی نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی شاره‌كه بۆ یه‌كتری، له‌م رۆمانه‌دا چه‌ند كاره‌كته‌رێك هه‌ن كه پێكهاته‌كانی كه‌ركوك پێكدێنن، ئه‌وانه‌ش: نۆرهان و موراد توركمانن، فه‌رهاد كورده، سه‌لمانی عه‌ره‌به، بولینا كلدانییه، فادی ئاشوورییه. نووسه‌ر ویستویه‌تی پێكهاته‌كانی شاره‌كه دوور له سیاسه‌ت له‌ده‌وری یه‌كتری كۆبكاته‌وه. گه‌رچی رۆمان به ئاقاری ئه‌ده‌بیدا كاری كردووه، به‌ڵام له‌و به‌شانه‌ی كه فه‌رهاد وه‌كو كورد رۆڵ ده‌بینێ، هه‌ندێكجار به‌ویستی نووسه‌ر وه‌كو كه‌سێكی عیراقی ده‌بینرێ، نووسه‌ر نه‌یتوانیوه وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كه بكێشێ، جا له نه‌زانییه‌وه‌یه، یان به‌ئه‌نقه‌سته… چون فه‌رهاد كاتێك ده‌ڵێ من وه‌كو عیراقییه‌كه… خه‌ڵكی كورد هه‌میشه كاتێ ده‌چنه تاراوگه پێیانخۆشه وه‌كو كورد بناسرێن و هیچ كات ناڵێن ئێمه عیراقین، هه‌رچی كورد هه‌یه له‌م سه‌ر زه‌مینه‌دا كاتێ ده‌گاته تاراوگه یه‌كه‌م قسه‌ی ئه‌وه‌یه كه نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی ده‌ناسێنێ و خاكه‌كه‌ی دیاری ده‌كات، یه‌ك له هۆكاره‌كانی ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی كورد یان هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه، كاتێ ده‌چنه ده‌ره‌وه‌ی وڵات، فشاری ته‌نیایی و غه‌واره‌ییه وایان لێده‌كات وڵات و گه‌لی خۆیان خۆشبوێت، فه‌رهادیش وه‌كوو هه‌ر مرۆڤێك له خاكه‌كه‌ی خۆیدا ئاماده نییه وه‌كو عیراقییه‌ك خۆی بناسێنێ، چ جای له‌ده‌ره‌وه‌ی عیراق و له‌تاراوگه. نووسه‌ر له‌وه‌شدا نه‌یتوانیوه دیمه‌نی ئه‌و وێنه خوێناوییه راسته‌قینه‌یه نیشان بدات كه نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌كو كورد له‌سه‌رده‌می به‌عس و دوای به‌عس له كه‌ركوك چۆن ژیاون. به‌ڵام بوونی سوپای ئه‌مریكا گرێیه‌ك له دڵی عیراقییه‌كان و له رۆمانه‌كه‌دا وێنه‌ی ئه‌و رقه كێشراوه، به‌هه‌رحاڵ له‌وانه‌یه ئه‌مه كه‌موكووڕییه‌كی بچووك بێت و به‌جۆرێك له جۆره‌كان نووسه‌ر نه‌یتوانیوه وه‌كو خۆی وێنه‌ی بكات، به‌ڵام به‌گشتی رۆمانێكی جوانه و ئاست به‌رزه، دیمه‌نه‌كان سه‌رنجڕاكێشن، خوێنه‌ر به‌دوای خۆیاندا په‌لكێش ده‌كه‌ن. چه‌قی گێڕانه‌وه كه‌ركوكی دوای رووخانی سه‌دامه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رابردوویه‌كی خوێناوی. چیرۆكی شه‌ڕ و داگیركاری و خۆشه‌ویستی تێكه‌ڵكراوه. كابووس كابووس… له‌سه‌ر له‌به‌ری فه‌زای ئه‌م رۆمانه كابووسه، شه‌ڕه، روخساره‌كان غه‌مگینن، شه‌ڕ وێرانی كردوون. له شه‌ڕێكه‌وه بۆ شه‌ڕێكی تر… ئه‌م رۆمانه له چه‌ند به‌شێك پێكدێ، هه‌ر به‌شه و به‌ناوی كارئه‌كته‌رێكی رۆمانه‌كه‌وه‌یه. ئه‌م رۆمانه به‌رهه‌مێكی عه‌واد عه‌لییه، كه رۆماننووسێكی عه‌ره‌بی كه‌ركوكییه، سه‌باح ئیسماعیل له عه‌ره‌بییه‌وه وه‌ریگێڕاوه بۆ كوردی، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای رۆشنبیریی جه‌مال عیرفانه.
خاك-ئەدەب و هونەر
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure