28/2/2020 10:18 PM

زانیاری گرنگ له‌سه‌ر چاوی منداڵی ساوا

د.ماكۆك محه‌مه‌د پزیشكی نه‌خۆشی و نه‌شته‌رگه‌ری چاو بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و تێیدا چه‌ندین زانیاری گرنگی سه‌باره‌ت به‌ چاوی منداڵی ساوا ڕوونكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ بابه‌ته‌كه‌ی د.ماكۆكدا هاتووه‌ كه‌ دوای چه‌ند خوله‌كێك له‌ له‌دایكبوون، زۆرینه‌ی منداڵ چاو ده‌كه‌نه‌وه‌و چاو ده‌گێڕن. به‌ڵام هه‌ندێكجار به‌هۆی هه‌ڵاوساوی پێڵوی چاویانه‌وه‌ ناتوانن به‌ باشی چاو بكه‌نه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاوی منداڵی ساوا بینایی ته‌ڵخه‌و هه‌تا دووری نیو مه‌تر به‌ڕوونی شته‌كان ده‌بینێت، ئه‌م دوورییه‌ش گونجاوه‌ بۆ ناسینه‌وه‌ی ڕووخساری دایك و باوكی. هه‌روه‌ك چاوی منداڵی كۆرپه‌ دوو پله‌و نیو كزه‌و دواتر به‌ تێپه‌ڕبوونی كات ئاسایی ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌و پزیشكه‌ ڕاشیگه‌یاندووه‌: چاوی منداڵی تازه‌له‌دایكبوو خێلییه‌كی كه‌می تێدایه‌و به‌ تێپه‌ڕبوونی كات زۆرینه‌یان ڕێكده‌بنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر تیلییه‌كه‌ی زۆربوو یان دوای شه‌ش مانگ هه‌ر تیلی مابوو، پێویسته‌ پزیشكی چاو پشكنینی بۆ بكات. هه‌روه‌ها تۆپه‌ی چاوی منداڵی ساوا نزیكه‌ی 70%ی تۆپه‌ی چاوی كه‌سێكی گه‌وره‌یه‌و هه‌تا ته‌مه‌نی 7 بۆ 8 ساڵی گه‌وره‌ ئه‌بێت، دوای ئه‌و ته‌مه‌نه‌ به‌هه‌مان قه‌باره‌و درێژی ئه‌مێنێته‌وه‌ هه‌تا مردن. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی ڕه‌شێنه‌ی چاوی منداڵی ساوا نزیكه‌ی 80%ی ڕه‌شێنه‌ی كه‌سێكی گه‌وره‌یه‌و هه‌تا ته‌مه‌نی 3 ساڵی گه‌وره‌ ئه‌بێت، دوای ئه‌و ته‌مه‌نه‌ به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ ئه‌مێنێته‌وه‌ هه‌تا مردن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، ڕه‌شێنه‌ی چاوی ساوا ئاوساوییه‌كی كه‌می تێدایه‌، بۆیه‌ هه‌ستیارن به‌ ڕووناكی و زیاتر له‌ تاریكی و سێبه‌ردا چاو ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها  منداڵی كۆرپه‌ زیاتر حه‌زیان له‌ ته‌ماشاكردنی شتی جوڵاوه‌و كه‌متر چاو له‌سه‌ر شتێك ڕاده‌گرن.

ڕوونیشیكردووه‌ته‌وه‌، له‌ چاوی هه‌ندێك منداڵی تازه‌ له‌دایكبوودا په‌ڵه‌یه‌كی سوور له‌ سپێنه‌ی چاویدا دروستده‌بێت وه‌كو نیوه‌ بازنه‌یه‌ك به‌ده‌وری ڕه‌شێنه‌ی چاویدا، ئه‌مه‌ ئاساییه‌و چاره‌سه‌ری ناوێت، هه‌روه‌ها ڕه‌نگی چاوی منداڵی ساوا جێگیر نیه‌ هه‌تا ته‌مه‌نی ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 10 مانگ بۆ ساڵێك. هه‌روه‌ك هه‌ندێكجار ڕه‌نگی چاویان شین یان ڕه‌ساسی كاڵه‌، به‌ڵام دواتر تۆختر ده‌بێته‌وه‌و ده‌گۆڕێت، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ ساواییدا ڕه‌نگی چاویان قاوه‌ییه‌ دواتر هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

د.ماكۆك ئاشكراشیكردووه‌، منداڵی ساوا فرمێسكی نیه‌ له‌كاتی گریاندا هه‌تا دوو سێ هه‌فته‌ی سه‌ره‌تا، هه‌ندێكیان هه‌تا چه‌ند مانگێك فرمێسكیان نیه‌و ئاساییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فرمێسك و هه‌وكردنی چاوی منداڵ به‌تایبه‌ت له‌ یه‌ك چاویدا نائاساییه‌و نیشانه‌ی نه‌كرانه‌وه‌ی بۆری فرمێسكه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی چاوتروكان له‌ منداڵی ساوادا زۆر كه‌مه‌و زۆرجار دایك و باوك هه‌ستی پێناكه‌ن، چونكه‌ هه‌موو خوله‌كێك یه‌ك جار یان دوو جار چاو ده‌تروكێنن. هه‌تا ته‌مه‌نی زیاتر بێت ڕێژه‌ی چاوتروكاندنیشی زیاتر ده‌بێت.

خاك - ئا/ لانه‌ كاشان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved