29/2/2020 09:48 AM

شڕوشیتاڵی شاهان

فەرهاد مستەفا
شڕوشیتاڵی شاهان، ناوی ئەو كۆمەڵە شیعرەی شاعیری عێراقی (جان دەمۆ) یە. كە لە ساڵی ١٩٩٣دا خانەی (الامد) بڵاوی كردووەتەوە. مامۆستا عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی لە ساڵی ١٩٩٤ وەریگێڕاوە، ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن بنكەی ئەدەبی و ڕوناكبیری گەلاوێژ بڵاوكراوەتەوە.
وەك مامۆستا عەبدوڵڵا لە پێشەكییەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەكات، جگە لە شیعرەكانی ئەو كۆمەڵەیە، دوو شیعری جان دەمۆ كە لە ناو گۆڤاری (العاملون فی النفط) بڵاوكراوەتەوە، لە پاڵ شیعرەكانی ناو (شڕوشیتاڵی شاهان) وەریگێڕاون و لە پاڵ ئەو كۆمەڵە شیعرە دایناون.
لە شڕوشیتاڵی شاهانەی چاپە كوردییەكە، جگە لەوپێشەكییە بەپێزەی مامۆستا عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی بە ناوی (چەند وشەیەك بۆ وەرگێڕانی جان دەمۆی پەراوێزخراو) نووسیووییەتی، پێشەكی بەڕێوەبەری خانەی (الامد)یش هاتووە. كە بەو پرسیارە دەستپێدەكات:
سووتانی شیعر بەرەو كوێت دەبات؟
دوو وتاری دیكەشی تێدان یەكێكیان عەبدولقادر ئەلجنابی بە ناوی (جان دەمۆ) نووسیوویە، ئەویتریان (فاطمە المحسن) لەژێر ناوی (لە ستایشی جان دەمۆ، سالوكەكانی ئەدەب و شۆڕەسوارانی ژیان)ە.
هەر لە (شڕو شیتاڵی شاهان)ی چاپە كوردییەكە، چاوپێكەوتنێكی سەرنجبەخشی (عەدنان حسێن ئەحمەد)ی تێدایە، كە لە ساڵی ١٩٩٦ لەگەڵ جان دا سازی داوە.
(عەدنان حسێن) زۆر بە قوڵی و بێپەردەوە، ڕۆچۆتە نێو ژیانە تایبەتییەكەی (جان دەمۆ)وە و سالوكی و عەبەسی و مەیزەدەیی ئەومان بۆ كەشف ئەكات.
(هاوڕێكانی كە خۆشەویستییەكی تایبەتییان پێدەبەخشی، بەڕادەیەك كە هەندێكیان هەر دوو هەفتە جارێك دەیانشۆرد، سەر و ڕیش و تووكی بنباڵ و تووكە بەریان بۆ دەتاشی یا لەسەر ئارەزووی خۆی یا بەبیانووی چوونە ناو جیهانی سوریالی و وردبوونەوە لێی، دەسپەڕیان بۆ ئەكرد، یا لە ژیانی غەرائبی خۆیدا كە حەزی دەكرد مومارەسەی بكات ل٣٧)
دواتر لە ل٤١ ئەڵێت.. ( لە ناوەڕاستی هەشتاكان، ئوتێلە نمرە یەكەكانی بەغداد وەك میلیا مەنسور و فەلەستین میردیان، شیراتۆن ڕێگایان بە جان دەمۆ نەدەدا بچێتە هۆڵەكانیانەوە كە پڕ دەبوون لەو ئەدیبە عەرەبانەی بۆ فێستڤاڵی (مربد) و بابل بانگهێشت كرابوون، بە بیانووی ئەوەی ڕوخساری جان دەمۆ و جلە شێواوەكەی و لەتردانی، مەستییەكی خەست دەنوێنن، یاخود هەندێكیان وابزانن شێتە یان سواڵكەرە)
هەر دەربارەی ژیانە تایبەتییەكەی جان ئەڵێت:
ساڵی ١٩٧٥یش وڵاتی لوبنانیش بە بڕیارێكی ڕەسمی بەهۆی عەبەس و بەدڕەفتارییەوە وەدەری نا، بەوەی ڕێزی لە سیستمە كۆمەڵایەتییەكانی (بەیروت) نەدەگرت، بە پێوە لەسەر جادە دەوەستا و میزی دەكرد. تا دواجار و درەنگانێك شاری (سیدنی) لە ئامێزی گرت.
عەدنان حسێن ئەڵێت: (جان دەمۆ بە درێژایی ژیانی بێ پارە و پوول بوو، بەڵام لەژێر فشاری مادیی هەمیشەییدا، كتێب نەبێ، هیچی نەدزیووە ل٣٦)
عەبدولقادر جەنابییش لە بابەتەكەی سەبارەت بە جان ئەڵێت:
(جان دەمۆ) شایانی هەموو جۆرە ستایشێكە، چونكە بۆ ئەوەی پاكی خۆی لە عێراقی جاسووس و پیاوكوژەكانی عێراقی صدام دا بپارێزێت، هەر ئەیتوانی بەشێوەیەكی دەرچوو لە نەریتی كۆمەڵایەتی هەڵسوكەوت بكات.
شاعیریەتی دەمۆ.. ڕاستەقینەیە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved