مێژووی جوله‌كه به‌تایبه‌ت له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی رابردوودا مێژوویه‌كی خوێناوییه به ئه‌شكه‌نجه و ئازار و كوشت و بڕ و قه‌تڵ و عام، ده‌ستپێكی ئه‌و قه‌تڵ و عام و جوله‌كه كوژییه نازییه‌كانی ئه‌ڵمانیا به‌پشتیوانی هیتله‌ر بوو، كه مێژوو شاهیده ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر جوله‌كه‌دا هێنراوه مه‌گه‌ر به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌ش مه‌ینه‌ت و سته‌م دیده‌ی وه‌كو كورد هێنرابێ، یان ژاپۆن به‌سه‌ر میلله‌تی چیندا هێنابێتی له رابردوودا. له مێژوودا گه‌لێك سته‌مكاری كراوه به‌رانبه‌ر به نه‌ته‌وه‌كان، به‌ڵام كام له‌و نه‌ته‌وانه ئازایانه توانیویه‌تی دۆكیۆمێنتی بكات و له ژانره ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كاندا وێنای بكاته‌وه، جوله‌كه له هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان زیاتر تێكۆشانی كردووه، ته‌نانه‌ت له ئه‌رمه‌نیش زیاتر. ساڵانێكی زۆره و له‌دوای هۆڵۆكۆسته‌وه جوله‌كه كار له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه و نووسینه‌وه و دۆكیۆمێنتكردنی ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه ده‌كات و پاشان له سه‌دان كاری ئه‌ده‌بیدا ئه‌م بابه‌تانه ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌بووه. جا له دوای سته‌می نازی، جوله‌كه ورده ورده ره‌ویان كرد، دوای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكیان له رۆژهه‌ڵات بۆ بونیاد نرا، جا به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت وه‌كو ئه‌مڕۆ عه‌ره‌ب به خاكی خۆیانی ده‌زانن و جوله‌كه به‌داگیركه‌ر ده‌زانن، جوله‌كه‌ش به‌خاكی خۆی ده‌زانێ. له‌دوای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێك بۆ جوله‌كه بنیاد نرا، ئیتر دوژمنایه‌تی كردنی جوله‌كه له نازییه‌وه په‌ڕییه‌وه بۆ قۆناغێكی دیكه، ئێستا ئیتر جوله‌كه له چاوی عه‌ره‌به‌وه وه‌كو دوژمن و زۆردار سه‌یری ده‌كرێ، چون پێیان وایه داگیركه‌ری خاكی ئه‌وانه. ئه‌مه وای كرد زۆرێك له‌گه‌لانی موسڵمان كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ری ئاینییه‌وه و خۆیان له‌و كێشه‌یه هه‌ڵقورتاند، به‌جۆرێك شه‌ڕ بوو به شه‌ڕی موسڵمان و جوله‌كه، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ زۆرێك له گه‌لانی موسڵمان جوله‌كه به‌دوژمنی خۆیان ده‌زانن، كوردیش كه هه‌میشه له‌ژێر كاریگه‌ری ئیسلام و بزوتنه‌وه ئیسلامییه‌كاندا بووه، بوو به به‌شێك له‌و هاوكێشه‌یه، به‌دبه‌ختی كورد له‌وه‌دایه كه ده‌وڵه‌تی نییه، عه‌ره‌ب به‌ئاره‌زووی خۆی شه‌ڕی جوله‌كه‌ی پێكردووه، تورك شه‌ڕی ئه‌رمه‌نی پێكردووه، له كاتێكدا ئه‌م شه‌ڕ و كێشه سیاسییانه هیچیان په‌یوه‌ندی به‌كورده‌وه نه‌بووه، له‌ژێركاریگه‌ری ئایندا و له ناهۆشیاریدا خۆی له شه‌ڕێكه‌وه هه‌ڵقورتاندووه كه شه‌ڕی ئه‌و نییه. ئه‌وه‌ی سه‌یره هاوكات و هاوزه‌مان كه خه‌ڵكی كورد له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا له‌ژێر كاریگه‌ری بیری ئیسلامی‌دا شه‌ڕی جوله‌كه‌ی كردووه هه‌ر ئه‌و رۆژگاره یان دواتر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی له فه‌له‌ستینه‌وه ئاواره‌ی عیراق بوون و ده‌وڵه‌تی عیراق به‌ره‌و شاری كه‌ركوكی هێنان و له‌وێ نیشته‌جێ كران، ئه‌وانیش له‌سه‌ر سكی كورد دانیشتن و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت له كه‌ركوكدا چه‌ندین خێزانی عه‌ره‌بی فه‌له‌ستینی هه‌ن وه‌كو دوژمن له كورد ده‌ڕوانن. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كورددا دێت دۆخێكی سه‌خته، ناهۆشیاری وای كردووه كورد هه‌میشه قوربانییه و نه‌یتوانیوه و ناتوانێ ئاین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به‌كاربهێنێ. نیشتمانی سارا با له‌وه زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نه‌ڕۆم و بچمه سه‌ر بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كه كه رۆمانه‌كه‌ی نووسه‌ر میران ئه‌براهامه ئه‌م رۆمانه چیرۆكی ده‌ركردن و ئازاردانی جوله‌كه‌یه له شارێكی وه‌كو سلێمانی، گێڕانه‌وه ورده ورده ده‌ست پێده‌كات، له سه‌رده‌می شێخ مه‌حموده‌وه، ساڵ به ساڵ و وێستگه به وێستگه ده‌یگێڕێته‌وه. له‌پاڵ چیرۆكه دروستكراوه‌كه‌ی نووسه‌ردا كه چیرۆكی سارا و خێزانه‌كه‌یه‌تی نووسه‌ر ده‌یه‌وێت مێژووی ئه‌و سته‌مه بگێڕێته‌وه كه كه‌مینه‌یه‌كی سته‌م لێكراوی وه‌كو كورد له جوله‌كه‌ی كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر به‌وردی باسی مێژووی سلێمانی و ناوچه‌كه ده‌كات، ئه‌و ورده‌كارییه به‌زمانێكی ساده و جوان و ره‌وان وای كردووه ئه‌م به‌رهه‌مه وه‌كو رۆمانێكی مێژوویی ئه‌ژمار بكرێ، نیشتمانی سارا له‌و رۆمانانه‌یه كه ده‌چێته سیاقی رۆمانی مێژووییه‌وه. له‌گه‌ڵ چیرۆكی سه‌ختی جوله‌كه‌كانی كوردستان و به‌تایبه‌ت سلێمانی گه‌لێك چیرۆك و رووداوی دیكه ده‌گێڕێته‌وه، بۆ نموونه دۆخی سیاسی سلێمانی كه ئه‌و عه‌یامه پایته‌ختی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی شێخ مه‌حمود بووه، له چ دۆخێك‌دا بووه؟ باس له توركخوا، جلخواره‌كان ده‌كات، باس له دۆخی ئه‌وكاته‌ی ئه‌م ناوچه‌یه و ململانێ سیاسییه‌كان ده‌كات، برسێتی و گرانی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌هۆی شه‌ڕه‌وه كه خه‌ڵكی زۆر له برسا مردوون، چیرۆكی له برسا مردنی خه‌ڵكی له بیره‌وه‌رییه‌كانی ره‌فیق حیلمیشدا زۆر به‌وردی باس كراوه، نووسه‌ر له‌م رۆمانه‌دا باس له كه‌سایه‌تی ره‌فیق حیلمیش ده‌كات، پاشتر ورده ورده له‌گه‌ڵ ره‌وتی گێڕانه‌وه‌دا هه‌نگاو ده‌نێ به‌سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا دێت تا ده‌گاته سه‌رده‌می دیكتاتۆرێكی وه‌كو سه‌دام… تاوه‌كو ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو كه گێڕانه‌وه ده‌گاته ئه‌وروپا، وه‌ك له رۆمانه‌كه‌دا هاتووه سالار 1980 ده‌گاته هۆڵه‌ندا. به‌گشتی ئه‌م رۆمانه له‌پاڵ ره‌وتی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی خێزانێكی جوله‌كه و ده‌رده‌سه‌رییه‌كانی چیرۆكی وڵاتێك ده‌گێڕێته‌وه كه پانۆڕامایه‌كی خوێناوییه شه‌ڕ له‌دوای شه‌ڕ، ساڵه‌كانی به‌خوێن تۆماركراون. نووسه‌ر هه‌وڵیداوه دوو رایه‌ڵ تێكه‌ڵ بكات، له‌پاڵ خه‌یاڵی ئه‌ده‌بیدا، له‌پاڵ ئه‌و چیرۆكه كه زاده‌ی خه‌یاڵی نووسه‌ره و سه‌رچاوه‌كه‌ی واقیعێكی خوێناوییه چیرۆكی ئه‌و ساڵانه ده‌گێڕێته‌وه كه جوله‌كه له عیراقدا به‌شێك بووه له ئازار و خوێنڕشتن و سته‌م، وه‌ك چۆن كوردیش به‌شێكی مه‌ینه‌تی و ئازار بووه له چیرۆكه خوێناوییه درێژه‌كه.نیشتمانی سارا، نوێترین رۆمانی نووسه‌ر میران ئهبرتهامه، ئه‌م رۆمانه له دووتوێی 448 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه.
خاك-ئەدەب و هونەر
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure