6/3/2020 12:48 PM

رۆناڵدینیۆ دەستگیرکرا

"رۆناڵدینیۆ"ـی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل لەلایەن پۆلیسی پاراگوای بە تۆمەتی ساختەکاری دەستگیرکرا و ناچارە رووبەڕوی دادگای ئەو وڵاتە ببێتەوە.
ڕۆژنامەی "مارکا"ـی ئیسپانی ئاشکرای کردووە ڕۆناڵدینیۆ لەگەڵ بەرپرسی کاروبارەکانی گەشتێکی بازەرگانیان بۆ وڵاتی پاراگوای ئەنجامداوە، بەڵام لەدوای گەیشتنی بۆ ئەم وڵاتە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.
بەپێی ئەم سەرچاوەیە پاش تێپەڕبوونی یاریزانە بەناوبانگەکە لەفڕۆکەخانە لە هۆتێلێکی تایبەت ئامادەکاری کردووە بۆ پیشکەشکردنی کتێبێکی تایبەت بە ژیانی وەرزشیی خۆی، بەڵام پۆلیس رۆیشتوونەتە ناو هۆتێلەکە و دەستگیریان کردووە.
هەروەها دەستیانگرتووە بەسەر کەلوپەلی یاریزانەکە و دەرکەوتووە دوو پاسپۆرتی ساختە کە دوو مانگ لەمەوبەر لەناوخۆی پاراگوای دروستکراوە لەناو کەلوپەلەکانیدایە و هەر بەو پاسپۆرتانەش هاتوووەتە ناو پاراگوایەوە.
"ئۆکلیدس ئازڤێدو"ـی وەزیری ناوخۆی پاراگوای لەم بارەیەوە ڕاگەیاندووە: "سبەینێ کاتژمێر هەشت دادوەری باڵای پاراگوای بانگهێشتی ڕۆنالدینیۆ دەکات و یاریزانەکە ئەبێ لەبەردەم دادگا ئامادەبێت. هەروەها لێکۆڵینەوە لەبەڕیوەبەرانی فڕۆکەخانە ئەکەین بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و ئەمانەوێت بزانین چۆن ڕێگە بەتێپەڕبوونی کەسایەتیە بەرازیلیەکە دراوە بە پاسپۆرتی ساختەوە."
جێی باسە، ڕۆناڵدینیۆ بەهۆی خۆ نەدانی باج بە وڵاتی بەرازیل، پاسپۆرتە نیشتیمانیەکەی لێسەندراوەتەوە و ماوەی دوو ساڵە کێشەی هاتوچۆی دەرەوەی وڵاتی بۆ دروستبووە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved