7/3/2020 03:17 PM

بەر لە دەسپێکی پەیوەندیی خۆشەویستی ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرە

مرۆڤەکان كاتێك ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاری تێده‌پەڕ ئەکەن، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌ سۆزداریه‌كانیان بەشوێن خۆشه‌ویستێكدا ئه‌گه‌ڕێن. ئەم قۆناغە لەژیانی مرۆڤدا گرنگییەکی زۆری هەیە و دەسکەوتەکانی جا چ باش بن و چ خراپ، کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر داهاتوو هەیە. کەوابوو ئەبێ زۆر بە هۆشیارییەوە لەم قۆناغە بڕوانین. لەدرێژەدا لەگەڵ چەن خاڵ ئاشان ئەبین کە واباشە لەبەرچاوی بگرن بۆ ئەوەی تووشی زیانی دەروونی نەبن.

1-بەر لە هەموو شتێک تایبەتمەندییەکانی ئەو کەسەی وا حەز ئەکەی بێتە ناو ژیانتەوە دیاری بکە.

2-هەرگیز په‌له‌ مه‌كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی كه‌سێكدا بۆ خۆشه‌ویستی، چونكه‌ دواتر توشی په‌شیمانی و بێ هیواییت ئه‌بیت.

3-ته‌مه‌نی هەرزەکاری تەرخان بکە بە خۆت و پەیوەندیی خۆشه‌ویستی هەڵگرە بۆ پاش تێپه‌ڕاندنی ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاری و گه‌وره‌بونی جه‌سته‌یی و عه‌قڵی.

4-به‌ر له‌ هه‌موو شت له‌گه‌ڵ خۆتدا ڕاستگۆبه‌ و به‌ر له‌وه‌ی بكه‌ویته‌ داویی خۆشه‌ویستیه‌وه‌، بزانه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌یده‌یت سه‌دا سه‌د به‌ دڵی خۆته‌.

5-هەمیشە له‌كاتی بڕیاردان بۆ خۆشه‌ویستی، هەڵسەنگاندن بکە لەنێوان ئەوەی وا دڵت حەزی لێیەتی و ئەوەی وا عەقڵت پێداگری لەسەر ئەکات.

6-هەوڵ بدە سەرەتا جێگه و پێگەی خۆت لەناو ژیاندا بدۆزیتەوە و ئاراستەی هیوا و ئامانجەکانت دیاری بکەیت، ئینجا روو لەجیهانی خۆشەویستی بکە. هەرگیز بەهۆی خۆشەویستییەوە واز لە ئارەزووە سەرەکییەکانی خۆت مەهێنه.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved