8/3/2020 09:41 AM

سایتی ئەدەبیی هاوچەرخ

بە خوێندنەوەی وردی ئەدەبی فارسی و خوێندنەوەی وەرگێڕانی زمانەکانی دیکە لەم نزیک بە بیست ساڵەی کە بە جدی دەخوێنمەوە بەو ئاکامە گەیشتم کە ئەدەبیاتی کوردی هیچی لە ئەدەبی دراوسێکانی کەمتر نییە و بگرە لە هەندێک بواری وەکوو شێعردا باڵ لە ئاسمانی ئەدەبیاتی جیهان دەسووێ و لە چیرۆکدا شێواز و ستایل و زمانی خۆمانمان دۆزیوەتەوە و لە ڕۆماندا ئەگەرچی لە بواری چەندایەتییەوە گاوەڵکێ دەکەین بەڵام لە بواری چۆنایەتییەوە قسەمان بۆ کردن پێیە...
ئەم جێگە و پێگەیەی ئێستا لە ئەدەبدا پێی گەیشتووین بێگومان بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەرییەک کە لە ئەدەبی دراوسێکانمان و جیهان بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگای وەرگێڕانەوە وەرمانگرتووە. بەڵام ئێستا ئەدەبیاتی کوردی گەیشتووە بە ئاستێک کە کاتێک منی شاعیری کورد چاوم بە وەرگێڕانی شێعرێکی هاوچەرخی عەرەبی و فارسی و تورکی دەکەوێ لە دڵی خۆمدا بەزەییم بە شاعیرەکەیدا دێتەوە و دەڵێم: ماڵتە من بیست ساڵم بوو بەم شێوازە نووسیومە، شتی تازە، بەرهەمی پێشکەوتووتر، زمانی تۆکمەتر چیت هەیە؟!
ئەمە هیچ پێوەندی بە نەتەوەگەرییەوە نییە، ئەم قسانە وەکوو کەسێک دەکەم کە لانیکەم لە بواری شێعردا ئێسکم سواوە و خوێنەرێکی زۆر جدی ئەدەبیاتی فارسی لە لایەک و ڕۆژئاوایی لە لایەکیترم.
هەموو ئەمانە وایان کرد بڕیاری دامەزراندنی هاوچەرخ بدەم. یەکەم سایتی ئەدەبیی کوردیی کە بەرزەفڕانە لە کوردییەوە شێعر و چیرۆک وەردەگێڕێتە سەر ئینگلیزی. سەیر ئەوەیە بەشی ئینگلیزی هاوچەرخ سەردانیکەری لە بەشی کوردییەکەی زۆرترە و ئەمە تەنیا بە 'سێ خاڵ...' شرۆڤە دەکرێ و هیچیتر.
لە ژیانمدا ئەوەندەی بە خەمی هاوڕێکانم و خەڵکی دەوروبەرمەوە بووم بە نیوئەوەندە بە خەمی خۆمەوە نەبووم بۆیە ئێستایش ناتوانم باش تێبگەم چۆن کەسێک دەتوانێ خۆی وەپێش هەموو کەس بخا؟! چۆن شاعیرێک کە هێشتا چوار شێعری نییە کە قەڵەمی خۆی بن و لاساکردنەوەی ئەم و ئەو نەبێ لە ڕووی هەڵدێ بە تکا و پاڕانەوە و دەرفەت گیرهێنان شێعری خۆی لە شوێنگەل چاپ بکات و بە سێ چوار زمان وەریگێڕێ و ... لە کاتێکدا کە باشترین شاعیرانی وڵاتەکەی کەوتوونەتە پەراوێزەوە و نەمانتوانیوە بە دنیایان  بناسێنین. لەم لۆژیکی هەرکەس فریای خۆی بکەوێیە تێناگەم.  تێناگەم و نایشمهەوێ لەم شتانە تێبگەم چونکا هەست ئەکەم کە تێیگەیشتم، ڕەواییم پێداوە. مرۆڤی ئەدەبیاتیی ئەو مرۆڤەیە کە ئەدەبیات گرینگترین سامانی ژیانییەتی. وەک چۆن بۆ فەیلەسوفێکی ڕاستەقینە فەلسەفە گرینگترین بەشی ژیانە و یەکی وەک سوقڕات خۆی دەکا بە قوربانی حەقیقەتێکی فەلسەفی کە بڕوای پێی هەیە و یەکی وەک نیچە لە پێناویدا شێت دەبێ.

ئەگەرچی دەیان شێعری وەرگێڕاوی خۆم و هاوڕێ نزیکەکانم لە بەردەستە بەڵام هەتا ئەو جێگای توانیومە هەوڵم داوە شێعری خۆم و ئەوان کەمتر لە هاوچەرخ دابنێم و ئەگەریش دامنابێ لەبەر ئەوە بووە کە ماوەیەک هیچ بابەتی تازەمان نەبووە و ناچار بووم. کێشەی سەرەکیمان لەگەڵ وەرگێڕان ئەوەیە کە باشترین شاعیرانی ئێستای کوردستان زۆر سەرقاڵی کار کردن لەسەر زمانی شێعرین و تێکشکاندنە زمانییەکان وای کردووە کە زۆربەی جاران وەرگێڕانی شێعرەکان نامومکین بێ مەگەر ئەوەی کە وەرگێڕ هێندە بەسەر زمانی ئینگلیزیدا زاڵ بێت کە شێعرە کوردییەکە دیسانەوە ڵە ئینگلیزیدا بئافرێنێتەوە و ئەمەیش بەڕاستی زۆر کەم دەست دەدا. بەڵام ئەوەندەی توانیومانە خۆمان بەم بابەتەیشەوە ماندوو کردووە.
سەرەتاکان هەوڵمان ئەوە بوو تەنیا شێعر و چیرۆکی کەسانی دیار و سەرکەوتووی ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی لە سایتەکە دابنێین بەڵام دوای ئەوەی کە کۆمەڵێک بابەتی باشمان لە قەڵەمە تازەکان بە دەست گەیشت بڕیارماندا بە پێی دەرفەت بوارێکیش بۆ ئەوان لە سایتەکەماندا بڕەخسێنین.
ئەمانە منەت نین لەسەر هیچکەس، تەنیا ویستم بڵێم: ''بڕوانە چۆنم بۆت، ئەی ئەدەبی ڕاستەقینە! ئەی یەزدانی شێعر!''
سپاسی بێکۆتای وەرگێڕەکانی هاچەرخ دەکەم کە ماندوونەناسانە و بێ چاوەڕوانی ئەم کارە ڕچەشکێنانەیان لەگەڵ من دەست پێکرد و بە پێی دەرفەتە کەمەکەیان کە ژیانی ڕۆژانە زۆری دەبا، بەردەوامن. هەروەها سپاسی دیزاینەری سایت دەکەم کە خۆبەخش و بە پێی توانای خۆی هاوکارم بوو و هەیە.
هەروەها سپاسی ئەو هاوڕێیانە دەکەم کە لە هەڵبژاردنی بابەتدا هاوڕێم بوون و ئەگەرچی هەمیشە هاوڕا نەبووین بەڵام ڕایانم بە هەند وەرگرتووە و دەیگرم.
بێگومان کەم و کوڕیمان زۆرن بەڵام هاوکار و هاوڕێمان کەمن و لەم شەش حەوت کەسە لەمە زیاتر چاوەڕوانی کردن بێڕەحمییە.
سپاسی ئەو هاوڕێیانەش دەکەم کە بابەتییان ناردووە و بڵاومان نەکردووەتەوە... دڵنیابن جگە لە ئەدەبیات و پێوەرەکان و ڕەنگە تۆزێک سەلیقەی شەخسی نەبێ هیچیتر هۆکار نەبووە بۆ ڕەت کردنەوەی بابەتەکانیان و هەمیشە دەتوانن دیسان بابەت بنێرنەوە و ئێمە وەکوو ئەوەی یەکەمجار بێ سەیری دەکەین.
بژین.
ئەنوەر عەباسی (هەرەس(
بەڕێوەبەری سایتی ئەدەبیی هاوچەرخ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved