8/3/2020 12:40 PM

ئەگەری دابەزینی رێژەی فرۆشی مۆبایلەکانی هواوی بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە

سزاکانی ئەمریکا سەرەتا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر رێژەی فرۆشی هواوی نەبوو، بەڵام وادیارە دۆخەکە لە 2020ـدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بەپێی راپۆرتە نوێیەکان، سزاکانی ئەمریکا بۆته هۆی دابەزینی ریژەی فرۆشی مۆبایکانی ئەم کۆمپانیایە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی The Information، فرۆشی مۆبایلەکانی هواوی لەساڵی نوێی زاینیدا 20٪ دابەزیوە. ئەم دابەزینه بەرچاوە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوەیە و ناهێڵێت ئەم کۆمپانیا چینییە زەبەلاحە لەگەڵ گووگڵ و باقی کۆمپانیا ئەمریکییەکان هاوکاری بکات. ئەم کۆمپانیایە ساڵی 2019ـی بە سەرکەوتوویی تێپەڕ کرد و توانی زیاتر لە 240 ملیۆن دانه مۆبایل بفرۆشێت، بەڵام بەپێی پێشبینییەکان لەوانەیە ئەم ژومارەیە بگاتە 190 بۆ 200 دانه.
سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا هەندێک درەنگ کاریگەرییەکانی خۆی نیشان ئەدات و ئەوەش ئەگەڕێتەوە سەر رێکەوتی پەسەندکردنی ئەم سزایانە بەدژی هواوی. ئەم کۆمپانیایە ئەتوانێ ئاڵاهاڵگرەکەی خۆی واتە P30ـی پرۆ و ئەو مۆبایلانەی کە پێش سزاکانی ئەمریکا هەناردە کراون، بە خزمەتگوزارییەکانی گووگڵەوە پێشکەش بکات. بەڵام جێگرەوەی ئەم مۆبایلە واتە P40ـی پرۆ کە بەر سزا ئابوورییەکان کەوتووە، لە رێکەوتی 26ـی مارسدا رەوانەی بازاڕ ئەکرێت.
هواوی بۆ فرۆشتنی ئەم مۆبایلە لەبازاڕەکانی ئەوروپا و ئەو وڵاتانەی کە بەکارهێنەرەکانی ئاپڵیکەیشنەکانی گووگڵ بەکاردێنن، تووشی کێشەی گەورە بۆتەوە و پەرەپێدان بە ئاپڵیکەیشنێکی وەکو AppGallery هیچ کاریگەرییەکی لەسەر فرۆشەکەی نابێت.
ئەگەر ئەم پێشبینییە دروست بێ و هواوی لەگەڵ دابەزینی فرۆشی بەرهەمەکانی رووبەڕوو ببێتەوە، ئەمریکا یەکێک لەئامانجەکانی خۆی کە بەرگرییە لە پەرەسەندنی هواوی دەستەبەر ئەکات. بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکی، حکومەتی چین بە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی هواوی، سیخوڕی لەوڵاتان ئەکات. هەڵبەت هێشتا بەڵگەیەکی قایم بۆ ئەم تۆمەتە نەخراوەتە روو.
بەرهەمەکانی هواوی هێشتاش لەچین و چەند وڵاتێکی دیکە فرۆشی باشیان هەیە و ئەبێ بزانین لەداهاتوودا چۆناوچۆن لەگەڵ ئەپڵ و سامسۆنگ رووبەروو ئەبێتەوە.

 

سەرچاوە: engadget

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved