9/3/2020 01:22 PM

رامبرانت؛ پێشەنگی سەردەمی زێڕینی هونەری هۆڵەندا

رامبرانت، شێوەکارێکی سەدەی حەڤدەیە کە ئاسەوارەکانی کاریگەرییەکی زۆریان بووە لەسەر ئەو قۆناغەی وا ئەگوترێ "سەردەمی زێڕینی هونەری هۆڵەندا". رامبرانت کە یەکێک لە دیارترین هونەرمەندانی مێژووە، کۆمەڵێک سەرکەوتنی داهێنەرانەی بەهۆی کێشانەوەی پۆرترەوە دەستەبەر کردووە و کۆمەڵێک وێنەی زۆر ناوازەی لەگێڕانەوەکانی ناو ئینجیل ئافراندووە. شێوەی بەکارهێنانی تیشک و سێبەر و هەروەها چاپە کانزاییە داهێنەرانەکانی، بەشێکن لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم شێوەکارە مەزنه. لەدرێژەدا بەکورتی تیشک ئەخەینە سەر ژیان و کارەکانی رامبرانت.



* رامبرانت ساڵی 1606 لە هۆڵەندا لەدایکبووە.
* یەکێکە لە شێوەکارە پێشەنگەکانی سەردەمی زێڕینی هونەری هۆڵەندا و بەهۆی دراماتیزەکردنی تیشک و سێبەر لەکارەکانیدا بەناوبانگە.
* پاش ئەوەی ماڵەکەی گواستەوە بۆ ئامستردانی پایتەختی هۆڵەندا، پەرەی بە کار و پیشەکەی دا.
* ئەگەرچی مامۆستا کلاسیکەکانی ئیتاڵیا کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر رامبرانت هەبوو، بەڵام ئەو هەرگیز هۆڵەندای جێنەهێشت.
* ئەو جگە لە پۆرترە بەناوبانگەکانی، بابەتی دیکەشی بۆ شێوەکاری هەڵدەبژارد، بۆ نموونه: ئینجیل، ئەفسانه و بابەتی مێژوویی.
* ئەگەرچی بەهۆی کارەکانییەوە هەم ناوبانگی بەدەست هێنا و هەم دەوڵەمەند بوو بەڵام لە کۆتاییەکانی دەیەی 1640ـدا مایەپووچ بوو و هەرگیز نەیتوانی خۆی لەم دۆخە   دەرباز بکات و دواجار بە هەژاری سەری نایەوە.
* رامبرانت لەساڵی 1634ـدا لەگەڵ "ساسیکا"ـی ئامۆزای "هێنریک ئۆلنبرگ" هاوسەرگیری کرد. ساسیکا دایکی چوار مناڵی رامبرانت بوو کە سیانیان بە ساوایی مردن.   رامبرانت کۆمەڵێک تابلۆی هەستبزوێنی لەرووداوەکانی ئەم سەردەمەی ژیانی خولقاندووە.
* تابلۆی "پیاسەی شەوانه" یەکێک لە بەناوبانگترین تابلۆکانی رامبرانتە.
* تابلۆی "پیاسەی شەوانه" لە کۆتاییەکانی سەدەی 18ـدا بەم ناوە ناودێر کرا، ئەگینا تابلۆکە وێنەی رۆژ نیشان ئەدات، بەڵام بەهۆی تۆز و خۆڵ و تێپەربوونی کاتەوە، رەنگی تابلۆکە لێڵ بووە و وەک شەو دەرئەکەوێت.

سەرچاوە: biography

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved