10/3/2020 01:29 PM

دابەزینی رێژەی فرۆشی مۆبایل لەبازاڕەکانی چین

بەپێی ئامارەکان رێژەی فرۆشی کاڵا لەبازاڕەکانی جیهان دابەزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و ئەم رەوتە هەر بەردەوامە. بەپێی ئەو ئامارانەی وا ماڵپەڕی gsmarena بڵاوی کردۆتەوە، زۆرینەی بەرهەمهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان وەکو ئەپڵ، هواوی و شاومی لەگەڵ دابەزینی رێژەی فرۆشی مۆبایلەکانیان لە فێبرییەی 2020ـدا رووبەڕوو بوونەتەوە. بۆ نموونە ئەپڵ لەم مەودا زەمەنییەدا تەنها 500هەزار مۆبایلی لەبازاڕەکانی چین فرۆشتووە و ئەوە لەحاڵێکدایە کە لە فێبرییەی ساڵی رابردوودا 1.27 ملیۆن دانەی فرۆشتبوو. بەواتایەکئ دیکە، رادەی فرۆشی مۆبایلەکانی ئەپڵ بەنسبەت ساڵی رابردوو بەڕێژەی 60٪ دابەزیوە.
هەروەها بە بەراورد لەگەڵ مانگی رابردوو واتە ژانویەی 2020 ئەم دۆخە خراپە بەرچاو ئەکەوێت، چونکە فرۆشی مۆبایلەکانی ئایفۆن لەو مانگەدا 2 ملیۆن دانە بووە.
بەپێی راپۆرتی ئەکادمیای پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای چین، لەگەڵ داخرانی زۆرینەی کارگەکانی بەرهەمهێنان و نووسینگەی کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا لەچین بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، فرۆشی بەرهەمهێنەرە گەورەکانی چینیش وەکو هواوی، شاومی و ئۆپۆ، کە ساڵی پێشوو و لەمانگی فێبرییەدا 12.72 ملیۆن دانه مۆبایلیان فرۆشتبوو، ئەم ژمارەیە لە فێبرییەی ئەمساڵدا گەیشتۆتە 5.85 ملیۆن دانه.
چاوەڕوان ئەکرێ فرۆش و ئاراستەکردنی مۆبایلە زیرەکەکان لەبازاڕەکانی جیهاندا بەهۆی بەڵابوونەوە و پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لەسێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەی 40٪ دابەزێت.

 

سەرچاوە: gsmarena

خاک _ پشکۆ کامەران



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved