12/3/2020 02:30 PM

WHO؛ کۆرۆنا گەیشتۆتە ئاستی گشتگیری(Pandemic)

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەموو جیهاندا گەیشتۆتە ئاستی گشتگیری. ڤایرۆسی کۆرۆنا لەئێستادا گەیشتۆتە هەموو کیشوەرەکان جگە جەمسەری باشوور. "تێدرۆس ئیدناهۆم"ـی سکرتێری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتی: " گشتگیری(Pandemic) بۆ گاڵەتە نابێ. ئەگەر ئەم وشەیە بەشێوەیەکی دروست بەکار نەیەت، ئەتوانێ ترس و تۆقین بخاتە دڵی خەڵکەوە و درێژەی کاری چارەسەری و رێگری لەڤایرۆسەکە کۆتایی پێ دێنێت و ئەبێتە هۆی سەرلێشێوان."
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی Pandemic بەم شێوەیە پێناسە ئەکات: "پەرەسەندنی نەخۆشییەک لەسەرانسەری جیهاندا". ڤایرۆسی کۆرۆنا کە کەسەکان تووشی نەخۆشی "کۆڤید-19" ئەکات، لەماوەی 3 مانگدا بۆ 100 وڵات گوازرایەوە. ئەم رێکخراوەیە مانگی 2ـی ئەمساڵ و بەدوای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دۆخی نائاسایی جیهانی راگەیاند. ئەو کات تەنها 10هەزار حاڵەتی تووشبوون و 200 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمار کرابوو.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ بەرگری لە دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکە لەناو خەڵکدا، هەندێک بە پارێزەوە سەرهەڵدانی "کۆڤید-19"ـی وەکو پەتایەکی گشتگیر راگەیاند. هەندێک لە پسپۆڕان ئەڵێن نەخۆشی "کۆڤید-19" هەوکات لەگەڵ چین لەئیتاڵیا و کۆریای باشووریش گەیشتبووە ئاستی گشتگیری.
دۆخی Pandemic بۆ نەخۆشی "کۆڤید-19" بەواتای ترس و تۆقین نییە؛ ئەم دۆخە ریگە ئەدات بە بەرپرسانی تەندروستی جیهان کە بڕۆنه ناو قۆناغێکی دیکەی رووبەرووبەنەوە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە. WHO دوایین جار ساڵی 2009 و لەدوای پەرەسەندنی ئەنفلۆئانزای بەراز، دۆخی Pandemicـی راگەیاند.

 

سەرچاوە: cnet

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved