16/3/2020 02:41 PM

دیاردەی ئاڵۆزیی گەرمایی، ژیانی سەدان ملیۆن کەس ئەخاتە مەترسییەوە

بەپێی توێژینەوە نوێیەکان، بەرزبوونەوەی رادەی شێداری و گەرمای زەوی، لەسەد ساڵی داهاتوودا ژیانی یەک ملیار کەس ئەخاتە مەترسییەوە. توێژەرانی زانکۆی "راتگێرز/ Rurgers"ـی ئەمریکا لەتوێژینەوە نوێیەکانی خۆیاندا خەریکی تاتوێ کردنی وردەکارییەکانی دیاردەی "ئاڵۆزی گەرمایی/ Heat Stress"ـی زەوین.
بەگوتەی ئەم توێژەرانه، زۆرینەی توێژینەوەکانی رابردوو جەختیان لەبەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کردۆتەوە و سەرنجی بەرزبوونەوەی رادەی شێداری ئەتمۆسفێری زەوییان نەداوە.
ئەم دیاردەیە کاتێک روو ئەدات کە جەستەی مرۆڤ نەتوانێ پاش ئەوەی کەوتە ناو فەزایەکی گەرمەوە، لەڕێگای عارەقە کردنەوە گەرمی خۆی لەدۆخێکی هاوسەنگدا رابگرێت. ئەم حاڵەتە ئەبێته هۆی گرژبوونی ماسولکەکان، ماندوویەتی و لەئەگەری بەردەوامبووندا، جەڵتەی مێشکی لێدەکەوێتەوە.
توێژەران 40 مۆدێلی کەشوهەوایی دەسکردیان تاوتوێ کردووە بۆ ئەوەی لە چۆنیەتی بەرزبوونەوەی گەرما و شێداری و کاریگەری ئەم دیاردەیە لەسەر جەستەی مرۆڤ تێبگەن. بەگوتەی توێژەرانی زانکۆی راتگێرز، ئەگەر پلەکانی گەرمای زەوی تا 100 ساڵی داهاتوو 1.5 دەرەجە بەرز بێتەوە، دیاردەی Heat Stress ژیانی 500 ملیۆن کەس و ئەگەر بگاتە 2 دەرەجە ژیانی 800 ملیۆن کەس ئەکەوێتەوە تەنگەژەی جیدییەوە.
ئەگەر پلەکانی گەرمای گشتیی زەوی 3 دەرەجە بەرز بێتەوە، 1.2 ملیار کەس تووشی دیاردەی Heat Stress ئەبن. بەگوتەی ئەم توێژەرانه، لەداهاتوودا دانیشتووانی شارێکی وەکو نیۆرک، هەموو ساڵێک ئەبێ 24 رۆژ لەگەڵ دیادەی ئاڵۆزیی گەرمایی هەڵبکەن.

 

سەرچاوە: newatlas

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved