16/3/2020 03:02 PM

ڤاکسینی کۆرۆنا ئەمڕۆ لەسەر مرۆڤ تاقی ئەکرێتەوە

حکومەتی ئەمریکا لە ئەمڕۆوە ڤاکسینی کۆرۆنا لەسەر چەند کەسی تەندروست تاقی ئەکاتەوە. تێچووی ئەم تاقیکاریانە لەلایەن ئەنجومەنی نەتەوەیی تەندروستی ئەمریکاوە دابین ئەبێت و چاوەڕوان ئەکرێت بەکەڵک وەرگرتن لە دەرەنجامەکانی ئەم تاقیکارییە، بتوانن وەشانی سەرەکی ڤاکسینی کۆرۆنا بەرهەم بهێنن.
ئەم تاقیکارییە لەسەر 45 گەنجی خۆبەخش کە کێشەی تەندروستیان نییە ئەنجام ئەدرێت. خاڵێک کە ئەبێ لەبەرچاو بگیرێت ئەوەیە کە ئەگەری تووشبوونی ئەم کەسانه بە ڤایرۆسی کۆرۆنا سفرە، چونکە ئەم ڤاکسینه ڤایرۆسەکەی تێدا نییە و تەنها بۆ تاوتوێکردنی کاریگەرییەکانیەتی لەسەر کەسە جیاوازەکان. بەپێی بەڵێنێک کە ئەم کەسانه بە ئەنجومەنی تەندروستی نەتەوەیی ئەمریکایان داوە، ناتوانن بە هیچ شێوەیەک زانیارییەکانی ئەم تاقیکارییە بخەنە بەر دەستی میدیاکان.
بەپێی گوتەکانی ئەم ئەنجومەنە، بەرهەمهێنانی ڤاکسینی سەرەکیی نەخۆشی کۆڤید-19 لانیکەم 12 بۆ 18 مانگی پێدەچێت. هەڵبەت ئەمریکا تەنها وڵاتێک نییە کە بەشوێن دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆناوەیە، بەڵکوو وڵاتانی دیکە و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیش هەوڵ ئەدەن دەرمانی ئەم پەتا گشتگیرە بدۆزنەوە. بەم حاڵەوە رەوتی بەرهەمهێنانی ئەم ڤاکسینه لە هەر وڵاتێک بە شێوەیەکە.
بۆ نموونە هەندێک لە کۆمپانیاکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەبێ ڤاکسینێک بە ئامانجێکی کورت‌ماوە دروست بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێ لەکاتی بە لووتکە گەیشتنی ئەم نەخۆشییەدا، پارێزگاری لە گیانی خەڵک بکات و دواتر لەکاتێکی گونجاودا ڤاکسینێکی باشتر و بەهێزتر بەرهەم بێت.

 

سەرچاوە: apnews

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved