17/3/2020 03:49 PM

یوفا بۆ دواخستنی جامی نەتەوەکانی ئەورپا مەرجی داناوە!

یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) ئامادە نییە بەبێ مەرج جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2020 دوابخات و لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا داوای قەرەبووی دارایی لە ڕایەڵەی یانەکان و خولەکانی ئەوروپا دەکات.
ماڵپەڕی "وەن فوتباڵ"ـی بەریتانی ئاشکرای کردووە، ئەمڕۆ کۆبونەوەی یەکلاکەرەوە لەبارەی دواخستنی خولە ناوخۆییەکانی ئەوروپا و جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2020 لەنێوان سەرۆکایەتی یەکێتیەکانی تۆپی پێی وڵاتان و یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا ئەنجام ئەدرێت.
ڕایەڵەی یانەکان لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتیە ناوخۆییەکانی ئەوروپا سوورن لەسەر دووبارە دەستپێکردنەوەی خولەکان لە هاوینی 2020 بەتایبەت دوای کەمبوونەوەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ئەگەر ئەم هەنگاوە بنێن ئەوا "یوفا" ناچار ئەبێت جامی نەتەوەکانی ئەوروپا (یورۆی 2020) دوابخات.

پێشنیاری ئەندامانی "یوفا" ئەوەیە کە یورۆی 2020 لە هاوینی 2021 ئەنجام بدرێت. ئەو وادەیەش هەمان ئەو کاتەیە کە جامی جیهانی یارییەکانی بە شێوازە نوێیەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت.
ئەم بڕیارە ئەگەر بدرێت یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا ڕووبەڕوی یەکێتی تۆپی پێی جیهان ئەکاتەوە، بۆیە سەرۆکایەتی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا داوای قەرەبووی دارایی بەبڕی 271 ملیۆن یورۆ لە ڕایەڵەی یانەکان و یانەکانی ئەوروپا ئەکەن.
هەرچەندە تا ئەم ساتە هیچ بڕیارێک بەفەرمی نەدراوە، بەڵام ئەگەری زۆرە پاڵەوانێتی یورۆ بۆ 2021 دوابخرێت و خولە ناوخۆییەکانی ئەوروپا لە هاوینی 2020 کۆتاییان پێبهێنرێت.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved