17/3/2020 03:54 PM

بەرهەمهێنانی کیتی پشکنینی کۆرۆنا کە لەماوەی 10 خولەکدا دیاری ئەکات تووش بوویت یان نا!

دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت لەبەریتانیا کۆمەڵێک "کیت"ـیان بۆ پشکنینی نەخۆشی کۆڤید-19 بەرهەمهێناوە کە ئەڵێن لەماوەی کەمتر لە 10 خولەکدا ئەتوانێ تووشبوون یان تووشنەبوون بەم نەخۆشییە دەستنیشان بکات. وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا سەبارەت بە نادڵنیابوونی ئەم کیتانە هۆشداری داوە، بەڵام بەم حاڵەوە بەشێک لەم کیتانەی تاوتوێ کردووە.
کۆمپانیایەک بە ناوی SurwScreen Diagnostic کە لەشاری "دەربی"ـی بەریتانیا هەڵکەوتووە، کیتێکی دروست کردووە کە ئەگەری تووشبوونی کەسێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تا 98٪ نیشان ئەدات. ئەم کۆمپانیایە رایگەیاندووە ئەم کیتە زۆر جێی متمانەیە ولەئێستادا لە بەریتانیا، ئیرلەندا، ئەڵمانیا، سویسڕا، هۆڵەندا، تورکیا، ئیمارات و عومان بەکاری دێنن.
لەهەمان کاتدا کۆمپانییەکی بەریتانی دیکە بەناوی Mologic خەریکی بەرهەمهێنانی کیتێکی 1 دۆلارییە بۆ وڵاتانی ئەفریقی کە ئەتوانێ لەماوەی 10 خولەکدا بوون و نەبوونی کۆرۆنا لە جەستەکەی مرۆڤدا دەستنیشان بکات. حکومەتی بەریتانیا بەگشتی 1 ملیۆن پاوندی بودجەی بۆ ئەم کۆمپانیایە تەرخان کردووە.
لەئێستادا یەکێک لە شێوازەکانی دەستنیشانکردنی کۆرۆنا، نموونەهەڵگرتنە لە گەروو و لووتی کەسی گومانلێکراوە کە ئەنجامەکەی 24 بۆ 48 کاتژمێر دواتر ئامادە ئەبێت. بەرپرسی باڵای کۆمپانیای SurwScreen Diagnostic ئاماژەی بە درێژخایەن بوونی ئەم شێوازە ئەکات و ئەڵێ لەم ماوەیەدا لەوانەیە کەسەکە کۆرۆنای بێت و چونکە هێشتا ئەنجامی تاقیکارییەکەی روون نییە، لەگەڵ کەسانی دیکە پەیوەندی هەبێت و تووشیان بکات. بەڵام ئەم کیتە نوێیه لەماوەی 10 خولەکدا بوون و نەبوونی ئەم نەخۆشییە لەجەستەی مرۆڤدا دەستنیشان ئەکات.
ئەم دوو کۆمپانیایە لەلایەن حکومەتی بەریتانیانەوە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم کیتانە پشگیری ئەکرێن.

 

سەرچاوە: organicfacts

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved