22/3/2020 02:15 PM

ڕۆمانی گۆڕه‌شار


ماڵی کتێبی کوردی
ناسنامەی کتێب: ڕۆمانی«گۆڕه‌شار»، سەید قادر هیدایەتی، چاپەمەنی خانی، ۱۳۹۹.
ڕۆمانی گۆڕه‌شار نوێترین بەرهەمی سەید قادر هیدایەتی چاب و بڵاوکرایەوە.
پێگه‌ی هه‌واڵنێریی «ماڵی کتێبی کوردی» ڕۆمانی گۆڕەشار، ٢٠٣ لاپەڕەیە. بە شێوەی تاکبێژی دەروونی و مۆنۆلۆگ ڕەوایەت دەکرێ. وەگێر واتە ئەو کەسەی ڕۆمان دەگێڕێتەوە یەکەم کەسی تاکە، نەخۆشێکی دیالییزییە، زمان دەگرێ، لاوە، ئەهڵی خوێندنەوە و فیلمگرتنە، دەنگی بۆ گۆرانی گوتن خۆشە و لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی شاریدا ژیان بەسەر دەبا. هەموو کەسایەتییەکانی تری ناو ڕۆمانەکە لە زەینی ئەو کەسایەتییەوە دەردەکەون. واتە گشتی ڕۆمانەکە لە فیلتێری زەینی کەسایەتی سەرەکییەوە تێدەپەڕێ.
ڕۆمان بە ئاخافتنی زەینی کەسایەتی دەست پێ دەکا، موبایلی پێیە و هەندزفری لە گوێ دایە، ئەو گۆرانییانەی گوێبیستیان دەبێ، و زور جاریش پەیامەکانی تلێگرام کوتوپڕ دێنە ناو ڕۆمان. هەروەها قسەی دەوروبەریش کوت و پڕ و بەشێوەی هەڵڕژاو لە ناو ڕۆمانەکەدا ئامادەیە. ئیماژ و تەسویرەکانی منداڵی و ئێستا و ڕابردووی کەسایەتیش بەردەوام و کوتوپڕ دێنە کایەوە. کۆی هەموو ئەو شتە بە ڕواڵەت ناڕێک و نەگونجاوانە پێکەوە بە چەشنێک ڕێک و پێک کراون کە لە نەهایەتدا گشتییەت و مەنتیقێکی تایبەت بەخۆی ساغ دەبێتەوە.
زەینیاتی کەسایەتی سەرەکی بە فۆنتی ئاسایی تایپ کراوە. گۆرانی و چەتکردنەکان ئیتالیک و خوار کراون. پەیامی تلێگرام کە زۆربەیان پەیامی دایکی کەسایەتییە لە نێو دوو کەوانەی چکۆلە دانراون. قسەی مرۆڤەکانی دەوروبەر بۆڵد کراون. بەو شێوەیە ئەگەر خوێنەر سەرنجی ئەو وردە کارییانە نەدا لەوانەیە لە خوێندنەوەی گۆڕەشار تووشی گرفت بێ!
گۆڕەشار چوار بەشە و لە چوار ڕۆژدا ڕەوایەت دەکرێ. وەگێڕ لە ماوەی ئەو چوار ڕۆژەدا تەواوی ژیانی خۆی و دەور و بەر و ئێستا و ڕابردووی لە دەریچەی زەینی خۆیەوە بە شێوەی سەیالی زەین دەگێڕێتەوە.
شێوەی گێڕانەوە و ڕستەبەندی گۆڕەشار ئاسایی و ڕێئال نییە. ڕستەسازی زۆر جار بە شێوەیەکی نوێ و جیاواز دەرئەکەوێ و لە زۆر ڕستەدا هاوکات دەنگ و لەحنی دوو یان سێ کەسایەتی دەبیسرێ و لەو ڕووەوە هەوڵێکی بەرچاو بۆ شێوازێکی نوێی ڕستەسازی دەبینرێ.
ڕۆمانەکە پاڕاگرافبەندی نەکراوە و هەربەشێک بە بێ ناوبڕ، یەکنەفەس ڕەوایەت دەکرێ تا کۆتایی.
لە بەینی قسەی کەسایەتییەکانی تردا کە لە نەخۆشخانەن و بۆڵد نووسراون، تەداخول و زەینیاتی کەسایەتی سەرەکی دەبینرێ.
لە لایەکی تریشەوە گۆڕەشار پڕە لە ئیرجاع بە ڕۆمان و فیلم و گۆرانی و گەمە بە شێعری شاعیران.
ڕیتم و گرینگی دان بە زەرباهەنگ لە هەوڵە بەرچاوەکانی نووسەرە. واتە لەو شوێنانە کە زەینی کەسایەتی سەرەکی بە هۆی نەخۆشی یان هەیەجان و زەینیاتی خۆێەوە دەشێوێ، ڕستەکانیش نا ئاسایی دەبن و تەنانەت خاڵبەندیش لەو شوێنانە نابینرێ و وشە و ڕستە هەڵدڕژێنە نێو مەتنەوە. لە هەر شوێنێکدا زەینی کەسایەتی شەفاف دەبێ ڕستەکانیش ئاسایی تر و هێورتر و گێڕانەوە ڕێئال دەبێ.
زەینیی بوون، ئاڵوگۆڕی کوتوپڕی ڕاوی و گۆشەنیگاکان، پچڕ پچڕ بوون و بڵاو بوونەوەی ڕستە، ڕیتمی تایبەت و ڕستەسازی بە شێوەی نوێ، کەڵک وەرگرتن لە کۆلاژ و تەسویری زەینی، ئیڕجاع بە شێعر و فیلم و ڕۆمانەکان، هەڵڕشتنی وتووێژەکان لە دەقدا، گرینگی دان بە خاڵبەندی و نەبوونی پاڕاگرافبەندی لە تایبەتمەندییەکانی ئەو ڕۆمانە نوێیەی سەید قادر هیدایەتین.
هیدایەتی لەم ڕۆمانەدا لە زۆربەی ماکەکانی داستان کە خوێنەر خووی پێ گرتووە، ئاشنایی سڕینەوە دەکا.
زمان ئامرازێکی ئەساسییە لەو ڕۆمانەدا و بە گەمەکردن بە وشەکان و ڕستەکان فۆرمێکی تایبەت دەخوڵقێنێ و بە فۆڕمێکی تایبەت هەوڵ دەدا ناوەرۆکی ڕۆمانەکەی بئافرێنێ.
گەورەترین کارێکی کە هیدایەتی دەیکا ئەوەیە کە لەو ڕۆمانەدا فۆڕم و ناوەڕۆک لە پەیوەندییەکی دیالکتیکیدان. فۆرم ناوەرۆک بەدی دێنێ و ناوەرۆک فۆرم بەدی دێنێتەوە. ئەوەش بابەتێکی زۆر جێگای سەرنج و خوێندنەوە و شیکارییە.
بە هۆی ئەوەی گۆڕەشار، لە باری زەمانییەوە، لە هەنووکە و ئێستادا ڕوو دەدا و زۆر نزیکە، هەڵگری زۆرێکە لە نەهامەتی و ناخۆشی و دەرد و ئازارە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی مرۆڤی سەردەمی کورد.
سەیدقادر هیدایەتی پێشتر پەنج کتێبی بڵاو کردۆتەوە: دەنگی نوختە، تۆقی عەزازیل، گابۆڕ، بەردێک لە بەردێک، نەسری کوردی و گۆڕانی فۆرم.
زۆربەی بەرهەمەکانی دوو جار و سێ جار چاپ بوونەوە و کتێبەکانی چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە باشوور باش فرۆشراون. تۆقی عەزازیل و بە تایبەت گابۆڕ زۆر خوێندراونەتەوە و زۆریان وتار و بابەت لەسەر نووسراوە.
چەند دێڕێک لە کتێبەکەوە:
ماریا باسی جیت بۆ بکەم؟ تۆ حەتمەن دەزانی چیمان گرتووە و چیمان نەگرتووە.
بە زانستەکانیانەوە و بە سەدان کارناسی چی و چی و چی دنیای مجازی و زی و زی فێرمان دەکەن بۆمیز چی لێ بکەین و تییەح جیهان چەن جوان و خۆش و وانێکە. فێرمان دەکەن بۆگەن و گەن لە دەروونی خۆمانمان دێ و دێ دەنگە دەنگەکە لە کاسە سەری خۆمانمان دایە دایە و خەتابار خۆمانین. ڕۆڵە هەموو عادەتیان گرتووە تۆ هەر عادەتت نەگرتووە؟
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved