23/3/2020 03:25 PM

ترەمپ داوا لە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلسازی ئەکات دەزگای هەناسەدانی دەسکرد بەرهەم بێنن

لەدوای بڵابوونەوەی بەربڵاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەئەمریکا، پێویستی بە کەرەسە پزیشکییەکان زیادی کردووە. یەکێک لەم کەرەسە گرنگانه دەزگای هەناسەدانی دەسکردە.

بەپێی هەواڵی ئاسۆشەیتد پرێس، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا گوتوویەتی: "مۆڵەتم بە فۆرد، جێنێڕاڵ مۆتۆرز و تێسلا داوە بەخێرایی دەست بکەن بە دروستکردنی دەزگای هەناسەدانی دەسکرد و باقی کەرەسە پزیشکییەکان. ئۆتۆمبێلسازەکان دەست بەکار بن بزانم چی ئەکەن!"
ئەگەرچی ترەمپ لە تویتەکەیدا باسی مۆڵەتپێدان بەم کۆمپانیایانە ئەکات بەڵام لەڕاستیدا لە چەند رۆژ لەمەوبەرەوە فۆرد، تیسلا و جێنڕاڵ مۆتۆرز باسی بەرهەمهێنانی دەزگای هەناسەدانی دەسکردیان کردووە. هەروەها هیچ کام لەم کۆمپانیایانە بۆ دەسپێکی چالاکی لەم بوارەدا پێویستیان بە مۆڵەتی سەرۆک‌کۆمار نییە.
هەینی رابردوو "ئیلان ماسک"ـی بەرپرسی باڵای تێسلا لە تویتێکدا گوتی "تێسلا خەریکی ئیش کردنە لەسەر جۆرێکی تایبەت لە دەزگای هەناسەدانی دەسکرد" و بەیانییەکەی لەتویتێکی دیکەدا گوتی کە بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ پسپۆڕانی کۆمپانیای تەکنەلۆژیای پزیشکی Medtronic "باس و لێدوانێکی درێژماوەیان بووە". بەڵام وادیارە فۆرد و جێنێڕاڵ مۆتۆرز تا ئێستا هیچ چالاکییەکیان لەم بوارەدا نەبووە. هەڵبەت جێنێڕاڵ مۆتۆرز رایگەیاندووە کە لەوانەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم دەزگایە لەگەل کۆمپانیای Ventec Life Systems هاوکاری بکات.
جێی ئاماژەیە کە ترەمپ لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، بەڵگەی لە یاسایەکی سەردەمی شەڕی سارد هێناوەتەوە کە بەپێی ئەو یاسایە سەرۆک‌کۆمار ئەتوانێ لەکاتی قەیارە نەتەوەییەکاندا کۆنتڕۆڵی سەرچاوەکان بەدەستەوە بگرێت. بەڵام پێدەچێ بەم حاڵەوە ترەمپ هێشتا نەیتوانیبێت کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلسازی ناچار بکات ئەم فەرمانەی جێبەجێ بکەن.
ئەم زەختەی ترەمپ کە خستوویەتە سەر ئۆتۆمبێلسازەکان بۆ دروستکردنی دەزگایەک کە هیچ شارەزاییەکیان لەسەری نییە، لەلایەن بەشێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری دەزگای هەناسەدانی دەسکردەوە رەخنەی لێگیراوە و گوتوویانە ئەم کارە لەوانەیە دەرەنجامی زۆر مەترسیداری لێبکەوتەوە.

 

سەرچاوە: gizmodo

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved