25/3/2020 01:54 PM

بەکارهێنانی ئەڵقەی زیرەک بۆ پشکنینی خێرای نەخۆشیی کۆڤید-19

توێژەران بەتەمان بە کەڵک وەرگرتن لە ئەڵقەیەکی زیرەک کە پلەی گەرمی جەستە دیاری ئەکات، نەخۆشی کۆڤید-19 لە سەرەتای سەرهەڵدان لە تووشبووەکەدا دەستنیشان بکەن.
زیاتر لە 2هەزار کەس لە کارمەندانی فریاگوزاری ناوەندیی پزیشکیی کالیفۆرنیا، سانفراسیسکۆ و نەخۆشخانەی Zuchwrbergـی شاری سانفراسیسکۆ، ئاڵقەیەکی زیرەک ئەکەنە پەنجەیان بە ناوی "Oura Ring" بۆ ئەوەی یارمەتیدەری رەوتی توێژینەوەکان بن لەم بوارەدا.
ئەم ئاڵقە زیرەکە ئەدرێت بە کارمەندانی ئەو نەخۆشخانانەی وا کەسانی گومانلێکراو بە تووشبوونی کۆرۆنای لێیە. لەم توێژینەوەیەدا داوا لە کارمەندان ئەکرێت بۆ ماوەی 3 مانگ ئەم ئەڵقەیە بکەنە پەنجەیان و بەشێوەی رۆژانە فۆرمی تایبەت بە نیشانەکانی کۆڤید-19 پڕ بکەنەوە و داتای کۆکراوە لەلایەن ئاپڵیکەیشنی ئەڵقەکە بخەنە بەردەستی کۆمپانیای Oura.
ئەم ئەڵقەیە ئەو داتایانەی کە پەیوەندیان بە رادەی لێدانی دڵ، ژمارەی هەناسەدان و پلەی گەرمی جەستەوە هەیە کۆ ئەکاتەوە. توانایی ئەم ئەڵقەیە بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا پشتڕاست نەکراوەتەوە بەڵام ئەم داتا کۆکراوانە ئەتوانێ یارمەتی بدات بە پسپۆڕان بۆ پێشبینی بوون و نەبوونی ئەم ڤایرۆسە لە گومانلێکراواندا.
بە گوتەی کۆمپانیای Oura زیاتر لە 150هەزار کەس لە جیهاندا ئەم ئەڵقەیە لە پەنجەیاندایە و هەر بۆیە توێژەران لەم رێگایەوە ئەتوانن بە کۆکردنەوەی قەبارەیەکی زۆر کە ئەم ئاڵقەیە ئەیخاتە بەردەستیان، بەرەنگاری کۆرۆنا ببنەوە.

 

سەرچاوە: businessinsider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved