26/3/2020 01:20 PM

دۆزینەوەی پاشماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو کەشتییە گەشتیارییەکەدا لەدوای 17 رۆژ!

بەپێی راگەیاندنی "ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشی ئەمریکا" زیندوومانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەندێک شوێن زۆر زیاترە لەو شتەی وا پێشبینی کراوە. بەپێی ئەم راپۆرتە بەرپرسانی تەندروستیی ئەمریکا توانیان RNAـی ئەم ڤایرۆسە پاش 17 رۆژ لە ناو کەشتیی گەشتیاریی "کرووز پرەنسس دایامۆند"ـدا بدۆزنەوە. ئەم کەشتییە لەسەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنادا یەکێک لە ناوەندەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بوو.
RNAـی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو ئەم کەشتییەدا هەم لە شوێنی کەرەنتینەی تووشبووان و هەم ئەو شوێنانەی وا کەسانی تەندروستی لێبووە بەرچاو ئەکەوێت. ئەو کەسانە پاش 17 رۆژ کەرەنتینەی لە کەشتییەکە دابەزیون بەڵام وادیارە پرۆسەی رشتن و پاککردنەوە بەباشی ئەنجام نەدراوە.
بەپێی ئەم توێژینەوەیە کە لەلایەن "دامەزراوەی نەتەوەیی ئالەرژی و نەخۆشییە هەوکردووەکان"ـی ئەمریکاوە ئەنجام دراوە، ناکرێ بەم یارمەتی داتاکانی ئەم توێژینەوەیە دیاری بکرێت کە ئایا ڤارۆسەکە لە شوێنە ژەهراوییەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ سەرنشینانی کەشتییەکە یان نا. بەم حاڵەوە توێژینەوەکان بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە درێژەی هەیە.
بەپێی توێژینەوەیەکی دیکە کە پێشتر لە گۆڤاری پزیشکیی "نیۆ ئینگلەند"ـدا بڵاوبووەوە، راگەیەندرا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەتوانێ بە ماوەی 3 رۆژ لەسەر شوێنه پلاستیکی و ئیستیلەکان بمێنێتەوە و تا چەندین کاتژمێریش لەهەوادا خۆی رادەگرێت. هەروەها ئەگەر مەوادی پاککەرەوەی ئاسایی بەو مەرجەی بە دروستی بەکاربێن بەئاسانی ئەتوانێ کۆرۆنا لەناو ببات.
ئەو کەشتییە 3711 سەرنشینی تێدابوو کە لەم ژمارەیە 712 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لەکاتی پشکنینەکاندا 331 کەس هیچ نیشانەیەکی تووشبوونیان نەبوو. کافەتریای ئەم کەشتییە بەهۆی قەرەباڵغییەوە سەرەکیترین شوێنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بووە.

 

سەرچاوە: gizmodo

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved