لیژنەی نەتەوەیی کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا لە ئێران رایگەیاند کۆمەڵێک رێوشوێنی توند بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەئێران دێتە ئاراوە و بۆ نموونە هاتوچۆ لەنێوان شارەکاندا قەدەغە ئەکرێت. حوسێن زولفەقاری، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران گوتوویەتی ئەو هاووڵاتیانەی وا رۆیشتوون بۆ گەشتکردن ئەبێ بگەرێنەوە بۆ ماڵەکانیان و ئەوانەی ئێستا لەماڵەوەن ئەبێ پلان و بەرنامەی گەشتوگوزارەکانیان هەڵبوەشێننەوە. زولفەقاری گوتوویەتی کەسەکان بە ژماژەی نەتەوەیی، ژمارەی ئۆتۆمبێل و بیمەنامەدا دیاری ئەکرێن کە خەڵکی شارێکی تایبەتن یان نا. بە گوتەی ئەم بەرپرسە ئەو کەسانەی کرێکارن و کاری رۆژانەیان هەیە "کارتی هاتوچۆ"ـیان پێدەدرێت. سەرپێچی لەم رێوشوێنانه ئەبێتە هۆی ئەوەی دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکاندا بگیرێت و دووکان و شوێنە پیشەییەکان دابخرێن. بە گوتەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا ئەم رێووشوێنانە لە 27ـی ئەم مانگەوە هەتا 3ـی مانگی 4 درێژەیان هەیە. حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێران هیوادارە کە تا 8ـی مانگی 4 زنجیرەی کۆرۆنا بشکێت. رۆحانی هەروەها گوتوویەتی ئەگەری ئەوە هەیە 1 ملیار دۆلار تەرخان بکرێت بۆ کەرتی تەندروستی و بیمەی بێکاری و زیادیشی کردووە ئەو خاوەنکارانەی وا لەم رۆژە سەختانەدا کرێکارەکانیان رادەگرن، وامی باشیان پێ ئەدرێت.
سەرچاوە: bbc
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure