29/3/2020 01:46 PM

سوارێز: لەگەڵ دەستپێکردنەوەی لیگی ئیسپانیا منیش ئەگەرێمەوە

"لویس سوارێز"ـی ئۆرۆگوایی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە پەیام بۆ هاندەرانی یانە کەتەلۆنیەکەی ئەنێرێت و ئەڵێ لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خولە ئەوروپییەکاندا منیش ئەگەڕێمەوە.
سوارێزی هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە بەهۆی پێکانی بەستەرەکانی ئەژنۆی ڕاستییەوە لەمانگی یەکی 2020 نەشتەرگەرییەکی قورسی ئەنجامدا. ماوەی حەسانەوە و گەڕاندنەوەی توانا جەستەییەکانی چوار مانگ دیاری کراوە.
ڕۆژنامەی "مارکا"ـی ئیسپانی لەبارەی بەرەوپێشچوونی بارودۆخی تەندروستی هێرشبەرە ئۆرۆگواییەکەوە ئاشکرای کردووە، ئەستێرە 33 ساڵەکە لەماوەی کەرەنتین لە ماڵەکەی خۆی سەرقاڵی مەشقە جەستەییەکانە و هەنگاوی گەورەی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یاریگاکان ناوەتەوە.
لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە: "هەست دەکەم لەدۆخێکی زۆر باشدام، دەستم کردۆتەوە بە ڕاکردن و ڕۆیشتن، هەر کاتە یانەی بەرشەلۆنە بگەڕێتەوە سەر ململانێکانی ئەم ورزە، منیش دەگەڕێمەوە."
تائێستا روون نییە خولی ئیسپانیا کەی و بە چ میکانیزمێک دەستپێدەکاتەوە. ئەگەرەکان بەو ئاڕاستەیەن لەمانگەکانی پێنج و شەش دەستبکرێتەوە بە یاریەکان و لەو ماوەیەشدا سوارێز ئەتوانێت بەوپەڕی تواناکانیەوە ئامادەبێت.
یاریزانەکەی ئورۆگوای جگە لەپێکانەکەی، ئاماژە بە قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەکات و ڕایدەگەیەنێت: "حاڵەتەکان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبن. پەیامم بۆ ئۆرۆگوای ئەوەیە کە لەماڵەکانیان بمێننەوە و خۆیان بپارێزن."
سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە کە لویس سوارێز دەستی بە کارە خێرخوازییەکانی کردووە و 500 خێزانی هەژاری لە وڵاتەکەی بەسەرکردۆتەوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved