2/4/2020 12:40 PM

نامەی یەکێتی چاپەمەنییەکانی رۆژاوا بۆ "جێف بزۆس"

یەکێتی چاپەمەنییەکانی رۆژاوا لە نامەیەکدا داوایان لە "جێف بزۆس"ـی خاوەنی ئەمازۆن کردووە کە لەم دەورە هەستیارەدا کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دروست بووە، یارمەتی ماڵی بگەیەنێتە چاپەمەنی و کتێبفرۆشییە سەربەخۆکان. ئەم یەکێتییە لە ساڵی 1977ـدا بە مەبەستی پشتگیری لە دەزگاکانی چاپەمەنی و کتێبفرۆشییە سەربەخۆکان لە ئەمریکا و کەنەدا دامەزرا.
زۆرینەی ئەندامانی ئەم یەکێتییە دەزگا چاپەمەنی و کتێبفرۆشییە بچوکەکانی ئەمریکا و کەنەدان. ئەم کەسانە داوای یارمەتی ماڵیان لە خاوەن و بەرپرسی باڵای ئەمازۆن کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لەم قەیرانەدا درێژە بە کاروکاسپییەکەی خۆیان بدەن. ئەم یەکێتییە لە نامە سەر ئاوەڵەکەی خۆیدا داوای لە "بزۆس" کردووە لەم دەورە قەیراناوییەدا پشتگیریان بکات، چونکە زۆربەی پیشە و کارەکان لە مەترسی رووخان و هەڵوەشانەوەدان و لەم نێوەندەدا ئەو پیشانەی کە پەیوەندیان بە فەرهەنگەوە هەیە زیاترین زیانیان بەرکەوتووە. ئەوان بە ئەمازۆنیان راگەیاندووە کە مەجالێکیان بداتێ بۆ ئەوەی کتێبەکانیان بەشێوەی ئینتەرنێتی و لەڕێگای ماڵپەری ئەمازۆنەوە بفرۆشن. بە گوتەی ئەم یەکێتییە ئەم شێوازە تەنها شێوازێکە کە ئەتوانێ پیشەکەیان بپارێزێت.
یەکێتی چاپەمەنییەکانی رۆژاوا لە نامەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمازۆن و دەزگاکانی چاپەمەنی بەردەوام پێویستیان بە یەکتری ئەبێبت و لەم دۆخە نەخوازراوەدا کتێبفرۆشەکان ئەبێ کتێبەکانی خۆیان بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەڕێگای ئەمازۆنەوە بڵاوبکەنەوە. ئەوان لەدرێژەی ئەم نامەیەدا گوتوویانە ئەمازۆن داهاتێکی زۆری لەڕێگای فرۆشی کتێبەوە دەستبەر کردووە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بەرپرسایەتی خۆی بەنیسبەت دەزگاکانی چاپەمەنییەوە نیشان بدات.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved