3/4/2020 10:33 PM

گفتوگۆکانی بۆینس ئایرس دوو ڕۆشنایی لە پایتەختی ئەرژەنتینەوە


سیامەند هادی

(خۆرخێ لویس بۆرخیس) و (ئەرنستۆ ساباتۆ) دوو نووسەری زۆر بەناوبانگی ئەرژەنتینن، لە ڕێگەی وەرگێڕانی بەرهەمەکانیشیانەوە، باوبانگێکی جیهانییان هەیە، بەڵام لای زۆربەی خوێنەران ئەوان زیاتر بەهۆی دەقە ئەدەبییەکانیانەوە ناسراون.
جگە لە وتار و هەندێک چاوپێکەوتنی کورت، من پێشر تەنها چەند کتێبێکی ئەم دوو نووسەرم خوێندووەتەوە، چونکە بەشێک لە بەرهەمەکانیان نەکراون بە عەرەبی و کوردی، یان من دەستم نەکەوتوون. ئەو بەرهەمانەی (بۆرخیس) کە من خوێندوومەتەوە بریتین لە کۆمەڵە چیرۆکی (ئەلف، ڕاپۆرتی برۆدێ، کتێبی لم، خود و ئەوانی تر) و (صنعە الشعر) کە شەش وانەبێژییە لەسەر شیعر و لەژێر ناوی (ئەم هونەری شیعرە) لە لایەن (سەیوان محەمەد)ەوە کراوە بە کوردی. هەروەها کتێبی (بۆرخیس.. دروستکەری تووناوتوونەکان) کە چەند لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر بۆرخیس. لەگەڵ کتێبی (لەگەڵ بۆرخیس) کە نووسینی (ئەلبێرتۆ مانگوێل)ە. هەروەها کتێبی (دواگفتوگۆکانی بۆرخیس) کە چەند گفتوگۆیەکە و (ئۆسڤالدۆ فێراری) ئامادەی کردووە. ئەم گفتوگۆیانە لە دواساڵەکانی تەمەنی بۆرخیسدا کراوە ١٩٨٤ بۆ ١٩٨٦. سەرەتا بۆ ڕادیۆی بۆینس ئایرس ئامادەکراوە و دواتر لە ڕۆژنامەدا بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (ڕەووف بێگەرد)ەوە کراوە بە کوردی، بەڵام هەڵبژاردەیەک لە چاوپێکەوتنەکانی تێدایە و هەندێک لە بەشەکانی نەکراون بە کوردی.
بۆ (ساباتۆ)ش هەردوو ڕۆمانی (تونێل، قارەمان و گۆڕەکان)م خوێندووەتەوە، کە هەردووکیان کراون بە کوردی، (تونێل) لە لایەن (شیرین. ک) و (قارەمان و گۆڕەکان) لە لایەن (حەمە قادر)ەوە. لەگەڵ کتێبی (لەنێوان وشە و خوێندا) کە چاوپێکەوتنێکی درێژی ساباتۆیە، هەروەها کتێبی (نووسەر و مێردەزمەکانی) کە چەند وتارێکە لەسەر ڕۆمان و کتێبی (ڕێگرییەکان) کە چەند وتارێکە لەسەر ئەدەب و فیکر.
سەرەڕای بینینی هەندێک لە بەرهەمەکانی ئەم دوو نووسەرە، بەڵام کاتێک لەم ماوەیەی پێشوودا کتێبی (گفتوگۆکانی بۆینس ئایرس)م خوێندەوە، زۆر سەرسام بووم بە ڕوانین و جیهانبینی بۆرخیس و سایاتۆ.
(گفتوگۆکانی بۆینس ئایرس) ساڵی ٢٠١٩ لە دووتوێی (٢٠٨) لاپەڕەدا بە عەرەبی چاپ کراوە، کە پێکهاتووە لە گفتوگۆی نێوان هەردوو نووسەری ئەرژەنتینی (خۆرخێ لویس بۆرخیس ١٨٩٩- ١٩٨٦) و (ئەرنستۆ ساباتۆ ١٩١١- ٢٠١١). گفتوگۆکان (ئۆرلاندۆ بارۆن) ئامادەی کردووە، (بارۆن) ئەو دوو نووسەرەی ڕازی کردووە هەموو شەممەیەک لە شوێنێک بۆ ماوەی دوو بۆ سێ سەعات پێکەوە ئازادانە گفتوگۆ بکەن و ئەویش تۆماری بکات. ئەو دوو نووسەرە هەردووکیان خەڵکی (بۆینس ئایرس)ن و خاوەنی خەڵاتی (سێرڤانتس)ن، کە گەورەترین خەڵاتە بۆ ئەو نووسەرانەی بە زمانی ئیسپانی دەنووسن. لەم کتێبەدا هەردووکیان هەر جارەی لەسەر بابەتێک قسە دەکەن و بۆچوونەکانیشیان زۆر بە وردی و چڕی دەخەنەڕوو. گفتوگۆکان لە هاوینی ١٩٧٤ەوە دەستی پێکردووە و لە ئاداری ١٩٧٥ کۆتایی هاتووە، وەک کتێب لە ساڵی ١٩٧٦ بە ئیسپانی چاپ کراوە.
ئەو بەرهەمانەی پێشتر ئاماژەم بۆ کرد کە بینیومن، تەنها لەبەر ئەوەبوو کە دوای خوێندنەوەی ئەو بەرهەمانەش، بەهۆی ئەو هەموو زانیاری و ڕوانینە جیاوازانەی لەسەر زۆر بابەت خراونەتەڕوو، خوێندنەوەی ئەم کتێبە گرنگی خۆی هەیە.
بێگومان ئەم دوو نووسەر زۆر لەوە ناسراوترن لە ڕێگەی ئەم گفتوگۆیەوە، ئاستی ڕۆشنبیرییان تاقی بکرێتەوە، بەڵام لەم گفتوگۆیانەدا زیاتر ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە تا چەند ئاگاداری کولتووری ڕۆشنبیری جیهانن. ئەوان لەسەر نووسین و داهێنان و خوێنەر و وەرگێڕان و ئایین و فیکر و بیرکاری و فیزیا و خۆکوشتن و مردن و ئەزموونی تایبەتی خۆیان و..هتد قسە دەکەن.
گفتوگۆکان بە تەنها لەنێوان (بۆرخیس و ساباتۆ)دایە و (بارۆن)ی ئامادەکاری گفتوگۆکان بە دەگمەن قسە دەکات. ئەوان بەدوای یەکدا و بە کورتی و چڕی قسە دەکەن، بۆرخیس ڕوانینی لەسەر بابەتێک دەخاتەڕوو، ساباتۆ وەڵامی دەداتەوە و دواتر بۆرخیس و ئیتر بەدوای یەکدا دەکەونە گفتوگۆ. هەندێک جار ڕوانینیان جیاوازە و هەندێک جاریش لەسەر بابەتێک هاوڕان و بەدوای یەکدا زانیاری زیاتر دەخەنە سەر بابەتەکان. (بارۆن) لە زۆر شوێندا بە فۆتنی جیاواز و لەنێوان گفتوگۆکاندا، جوڵە و ئاماژەی ڕووخسار و پێکەنین و هەموو ئەو شتانەی نووسیوەتەوە کە ئەو دوو نووسەرە ئەنجامیان داوە، بەتایبەتی جوڵەکانی (بۆرخیس)، چونکە وەک دەزانین کە ئەو نووسەرە نابینا بووە.
ئەم کتێبە لە کاتی خۆیدا گرنکییەکی ئەوتۆی پێ نەدراوە، چونکە کە ساڵی ١٩٧٦ چاپ کرا، هەر لەو ساڵەدا لە ڕووی سیاسییەوە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئەرژەنتین ڕوویدا. سوپا کەوت و حکومەت کەوتە دەست مەدەنییەکان و وڵات لە قۆناغێکەوە پەڕییەوە بۆ قۆناغێکی تر. بێگومان لەو شێوە ڕەوشانەدا پشێوی دەکەوێتە سەرجەمی بوارەکانەوە. هەربۆیە ئەم کتێبەش دەبێتە قوربانی و هیچ گرنکییەکی پێ نادرێت. دواتر ئامادەکاری کتێبەکە ساڵی ١٩٩٦ بۆ جاری دووەم چاپی دەکاتەوە، بەڵام ئەوکاتە (بۆرخیس) لە ژیاندا نەمابوو.
لە شوێنێکی گفتوگۆکاندا باسی سینەما دەکەن، بۆرخیس دەڵێت (ئاگاداریان کردم کە دەیانەوێت ئیش لە چیرۆکی مردن-ی مندا بکەن بۆ سینەما. پێم وتن بە هیچ شێوەیەک خۆتان بە دەقەکەوە نەبەستنەوە و چۆنتان دەوێت گۆڕانکاری تێدا بکەن و ناوی منیش مەهێنن و مەشڵێن لە چیرۆکی ئەوەوە وەرگێراوە. ل٥٧).
بۆرخیس و ساباتۆ هەردووکیان پێیان وایە ئەدەب و سینەما دوو شتی جیاوازن و ئاساییە لە سینەمادا دەستکاری ئەو دەقە بکرێت کە دەکرێت بە فیلم.
ئەوە تەنها نموونەیەکە، چونکە ناتوانرێت تەواوی ئەو بابەتانە باس بکرێن کە ئەوان دەیخەنەڕوو، لەبەرئەوەی لەسەر زۆر بابەت دواون.
ئەوەی لە کۆی گشتی ئەم گفتوگۆیانەدا دەبێتە جێگەی سەرنج، ئەوەیە کە چۆن ئەم دوو نووسەرە ئاگاداری ئەو هەموو بوارە جیاوازەن و چۆن توانیویانە ئەو هەموو کتێبە بخوێننەوە؟ بەتایبەتی لە وەڵامەکانی (بۆرخیس)دا زیاتر ئەو سەرنجەت لای دروست دەبێت، هەموو جارێکیش بۆ خۆشی دەڵێیت هەر دەبێت وا بێت، ئەی ئەو بەڕێوەبەری کتێبخانەی نیشتمانی بۆینس ئایرس نەبووە؟!
لە کتێبی (بۆرخیس.. دروستکەری تووناوتوونەکان)دا چاوپێکەوتنێکی کورتی (ماریا کوداما)ی هاوسەری (بۆرخیس)ی تێدایە، کە لەسەر چەند تایبەتمەندییەکی ژیانی بۆرخیس قسە دەکات. ئەو دەڵێت (بۆرخیس ئالوودەی خوێندنەوە بوو، لە هەموو شوێنێکدا دەیخوێندەوە).
بۆرخیس هەر لە مناڵییەوە شارەزاییەکی زۆری لە ئەفسانەکانی جیهاندا هەبووە، لەگەڵ خوێندنەوەی ئایینەکان. تا ئەوکاتەی نابینا بوو، ژمارەیەک کتێبی زۆری بەو زمانانەی کە دەیزانین (ئیسپانی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ئیتاڵی، لاتینی) خوێندبووەوە. کاتێکیش نابینا بوو، هەر کۆڵی نەدا و جگە لە هاوسەرەکەی، کەسی بە کرێ دەگرت کتێبی بۆ بخوێننەوە. لە کتێبی (لەگەڵ بۆرخیس)دا، ئەلبێرتۆ مانگوێل باسی ئەوە دەکات کە لە تەمەنی شانزە ساڵیدا داوای لێ دەکەن کتێب بۆ پیاوێکی نابینا بخوێنێتەوە، ئەو کەسەش بۆرخیس بووە. لە ساڵی ١٩٦٤ بۆ ١٩٦٨ مانگوێل هەفتەی چوار بۆ پێنج ڕۆژ کتێب بۆ بۆرخیس دەخوێنێتەوە.
سەرەڕای هەموو ئەو ناوبانگ و ڕۆشنبیرییەش، لە شوێنێکی ئەم کتێبەدا (بۆرخیس) دەڵێت (من دەست دەگرم بە نازانینە ترسناکەکەمەوە، ماوەیەکی زۆرە دەزانم کە نەزانم، چونکە ویستم چەمکەکانی کیمیا تێبگەم و تۆزێک لە فیزیا شارەزا بم. حەزم دەکرد بزانم، بەڵام دەمرم بێ ئەوەی لەو شتانە تێبگەم کە پەرۆش بووم بۆ زانینیان. ڕەنگە من گەیشبێتمە ئەوەی بزانم من کێم، بەڵام خەڵکانی تر دەگەنە زانینی ئەو شتانەی کە من هەرگیز نایانزانم و فێریان نابم- ل١١٦).
لەم کتێبەدا ئەو دوو نووسەرە زۆر سادە و خاکیانە قسە دەکەن و وەک کەسێکی ئاسایی ڕەفتار دەکەن. لە یەکەم دیداردا و ئەوکاتەی (بۆرخیس) لە کاتی دیاریکراودا دەگاتە شوێنی دەستنیشانکراو، بارۆن پێی دەڵێت (ئوستاد بۆرخیس)، ئەویش خێرا وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت (تکایە بە ئوستاد بانگم مەکە، تەنها بە بۆرخیس بانگم بکە!).
* محاورات بوينس آيرس- أدار الحوار: أورلاندو بارون- ترجمة: أحمد الوزيري- دار شهريار- الطبعة الاولى- 2019.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved