3/4/2020 10:43 PM

تێڕامانێك لە ڕۆمانی "نیشتمان"ی ڕزگار لوتفی


عەلی حسەینی

پرۆسەی زمان لە دەقدا دەتوانێ زۆر چڕ و پڕ و شێلگیرانە خۆ دەربخات. زمانی ئینگلیزی کە لە ئاستێکی جیهانیدا بەکارهێنانی هەیە، زۆر جار خوێنەر لە هەندێ لە دەقەکانی ئەو زمانەدا دەکەوێتە سەرسوڕمان؛ بۆ نموونە لە ١٩٨٤ی ئوروێلدا و هەروەها لە هەندێ دەقی دیکەدا هەندێ جار سەرسوڕمان دەگاتە لووتکە و خوێنەر حەسرەتی ئەوە دەخوات کە بۆچی زمانەکەی نەیتوانیوە لەم هەموو لایەنە وشەیی و زمانییە بەهرەمەند بێت. زمانی کوردی بە بەراورد لەگەڵ هەندێ زماندا لە ناو زمانگەلی ساوادا جێی دەبێتەوە بەڵام هەندێ جار نیشانی داوە کە دەکرێ تاقیکردنەوەگەلی قووڵی پێ بکرێت. ئێمە لەوەبەر لە ڕێگەی رووبارە شێعرەکانی سوڵتانی شێعری کوردی، شێرکۆ بێکەسەوە تاقیکردنەوەی باشمان لە زمانی کوردی بووە. زمانی شێعر زمانێکی رەهایە و دەکرێ دەستی لێ بڵاو بکەیتەوە، بەڵام دەقگەلێ وەک چیرۆک و رۆمان کە تاکدەنگ نین و ریوات دەوریان تێدا دەگێڕێت و کاراکتەری جۆراوجۆر لەو چەشنە دەقانەدا دەوریان هەیە ناتوانن ئەوەندە دەقگەلێکی ڕەها بن. ئەمەش رەنگە هەرگیز بە لاوازی نەیەتە ئەژمار بەڵکوو لەو رێگەوە دەلاقەیەک بکرێتەوە بۆ دەربازبوون لە مۆنۆلۆگ و هەنگاونان بەرەو دیالۆگ. ئێمە لەوەبەر لە رێگەی دەقە داستانییەکانی کەسانێ وەک بەختیار عەلی، عەتا نەهایی، جەبار جەماڵ غەریب، حسەین شێربەگی، فەتاح ئەمیری، خالید خاکی و ... توانیومانە زمانی کوردی بەرینە گۆڕەپانی تاقیکردنەوە. ئەگەرچی دەقی هەر کام لەو ناوبراوانە دەکرێ لە ڕێگەی بۆچوونە جیاوازەکانەوە بخرێنە بەر رەخنە و توێژینەوە و هەرگیز نامەوێ لێرەدا بە شێوەیەکی رەخنەیی لەو دەقانە بڕوانم بەڵام راستی ئەوەیە کە هێشتا لەو رووەوەی کە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگەیەکی نامودێڕنە و چریسکانەوەگەلی مودێڕنیتە نەیتوانیوە لە وەها کۆمەڵگایەکدا خۆ دەربخات تاقیکردنەوەکەمان بەرەو ئەنجامێکی روون و دیار نەڕۆیشتووە، چون دەق بە خوێنەرەوە رەنگ و چێژی راستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە؛ کە بە داخەوە لە کۆمەڵگای کوردیدا رەنگە سەردەمانێکی زۆر چاوەڕوان بین تا پرۆسەی خوێندنەوە بیچم بگرێت و دەقی کوردیش وەکوو دەقی هەموو زمانێکی دیکە خوێنەری شێلگیر و چالاکی خۆی وەدۆزێت و لایەنی هزریکی مودێڕنیتە سەقامگیر ببێت. هەڵبەت بەشێک لەم کێشەیە واتە سەقامنەگیربوونی مودێڕنیتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگای خێڵەکیی کوردی هێشتا روانگەیەکی تەواو چەقبەستووانە و نەریتییانەی بەرانبەر بە زۆرێک لە راستییەکان هەیە؛ بەشێکی تری ئەم کێشەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە هێشتا زمانی کوردی لە زۆرێک لە بەشەکانی کوردستان نەیتوانیوە لە پانتایەکی ئاکادیمیکدا خۆی دەربخات و ئەو تاقمە خوێنەرە کەمەش وا هەن زۆربەی کات ناچارن دەقی زمانەکانی تر بخوێننەوە.
رۆمانی "نیشتمان"ی رزگار لوتفی کە لە سەرەتاوە وا دەردەکەوێ ناوەکەی ناوێکی تا رادەیەک نەریتییانە بێت بەڕای من لە زۆر بوارەوە دەکرێ بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لە روانگەی منەوە پرۆسەی زمان تا رادەیەکی باش و سەرکەوتووانە لەم رۆمانەدا بەکار هێنراوە. ئێمە ئەگەر سەرنجی دەقەکانی دەوڵەت ئابادی بدەین دەبینین کە زمانی فارسی لەو دەقانەدا زۆر زیندوو و چالاک خۆی دەنوێنی و ناوبراو وەک فیردەوسییەکی نوێ هاتووە بە هانای زمانی فارسییەوە چون دەقی ناوبراو هەڵگری زۆرێک لە لایەنە ئیدییەمەتیک، کینایی، مەتافۆریکەکانی زمانی فارسین. لە خوێندنەوەی نیشتمانیشدا من هەستم بەوە کرد کە دەقێکی داستانیی ئیدییەمەتیک و پڕئیدیۆم دەخوێنمەوە. بێجگە لەوەش نووسەر لە زۆر شوێندا هەوڵی داوە ئەدەبیەتی وشە و دەستەواژەکان بەرێتە سەرەوە. ئەگەر لەم رەهەندە زمانییە بکۆڵینەوە وا هەست دەکرێ کە تا رادەیەک ئیگزەجرەیشن یان بڵێین زێدەرۆیی کراوە، چون لە هەموو شوێنی دەقەکەدا لەم چەشنە وەسفانە دەبینرێ. من تا رادەیەک دوودڵ بووم کە ئەم بوارە لە دەقەکە بخەمە بەر لێکۆڵینەوە بەڵام بە هۆی ئەو روانگەوەی وا نووسەر بە چڕ و پڕی دەربارەی پۆلینبەندی ژانڕەکانی رۆمان هەیەتی گومانم نەما کە بێمە سەر ئەو باوەڕە نووسەر هەوڵێکی زۆری داوە کە دەقەکە بکات بە دەقێکی تەواو تەوسیفی/نماییشی/ئەدەبی و بۆ ئەم کارەش ناچار بووە هەندێ جار ئیگزەجێرەیشن بکات و ناو بە ناو زۆریی تەوسیفەکان لەگەڵ هەست و زەوقی خوێنەر نەیەنەوە. دەربارەی ئەوەی نیشتمان هاوکات لە سێ ژانڕی ئەدەبی، مێژوویی یان غەرامیدا جێی دەبێتەوە رەنگە نەتوانین بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە بدەین. هەڵبەت چون دەقەکە بڕیارە درێژەی هەبێت دەبێ چاوەڕوان بمێنینەوە. هەرچی هەیە ئەوەیە کە دەقەکە لە فۆرمەیشنێکی ریالیستییانەدا داڕێژراوە و هەوڵ دراوە لە پێچ و پەنا و جادوو و ئەو چەشنە شتانە دوور بکەوێتەوە. لەم دەقەدا هیچکات هەوڵ نەدراوە شتەکان بئاڵۆزێنرێن. ئەگەر رۆیشتن و رێگە بڕینی مرۆڤێک، هەڵفڕینی باڵندەیەک،یان گۆڕانی هەر چەشنە شتێک دێتە بەر باس لە هەمان شێوەی ریالیزم کەڵک وەرگیراوە و هەموو شت نیزیك بە خۆی نوێندراوەتەوە. لە رۆمانی ریالیستیی لەم چەشنەدا دیاردەی زەمان بە روونی دەردەکەوێت کە نووسەر لە دەسپێکی ڕۆمانەکەدا ئاماژەی ڕوونی بە سێ مانگ هاوینی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی داوە. بەڵام وا هەست دەکرێ لەم رۆمانەدا نووسەر بە ئەنقەست یان نەزانستە لە بەشی یەکەمی رۆمانەکە بە دواوە زەمانی لە خوێنەر شاردوەتەوە کە بەڕای من ئەمە دەتوانرێ تا رادەیەک وەک لاوازی بهێنرێتە ئەژمار. پاش بەشی یەکەم لە حاڵیکدا کە شەو و رۆژ بە شێوەی ئاسایی دەچنە پێشەوە و هیچ چەشنە گرفتێک لە ئارادا نییە کتوپڕ دەوترێ چڵ شەو تێپەڕ بوو، بە بێ ئەوەی زەمینە سازییەک بۆ ئەو گۆڕانە زەمانییە بکرێت. زەمان یەکێک لە لایەنە گرینەکانی دەقێکی داستانییە کە دەبێ زۆر هەستیارانە لێی بڕوانرێت و بە بێ پاساو لێڵ نەکرێت.
بە رای من هەندێ تازەکاری کە لەم رۆمانەدا دەبینرێ ئەوەیە کە نووسەر ئۆدیپی گواستووەتەوە بۆ بوارێکی نوێ. لە زۆر شوێندا ڕاوی کە فەرهاد بێت بە دەست و مەچەک و قول و قاچی دایکیدا هەڵدەڵێت و لە رستەگەلێکدا جوانییە رواڵەتییەکانی دەگوازێتەوە بۆ ناو دەقەکە. لە هەندێ شوێنی ترا زۆر نەترسانە و تا رادەیەک ڕچەشکێنانە خەڵوەتی ژن و مێردایەتیی دایک و باوکی دێنێتە بەر باس. لەوەیکە لە دەقی کوردی و رۆژهەڵاتیدا کەمتر یان هەرگیز شتی لەم چەشنە نەبینراوە ئەم تازەکارییە دەتوانێ تا رادەیەک تازەکارییەکی خوێنەر داچڵەکێن و ئاوانگاردانە بهێنرێتە ئەژمار. هەڵبەت چاک و چۆنیی ئەم چەشنە روانینەش دەتوانرێ سەلیقەیی بێت و بە پێی سەلیقەکان لاواز یان بەهێز بهێنرێتە ئەژمار، چون هەر وەکوو دەزانین کۆمەڵگایەکی رۆژهەڵاتی بە هەموو شتێکەوە لەگەڵ کۆمەڵگایکی رۆژاواییدا جیاوازە و دەکرێ دەقی هەڵقوڵاوی ئەو کۆمەڵگایەش جیاوز بێت.
شتێکی دیکە کە دەکرێ لێی بکۆڵرێتەوە ئەوەیە کە ئەم رۆمانە هەر وەکوو پێشتر سووکە ئاماژەیەکمان پێکرد سەر و کاری لەگەڵ دەرووندا نییە و لە پانتایەکی تەواو کۆنکرێتانەدا لە هەموو کۆمەڵگا و خەڵک و پارتەکان و حکوومەت و... دەڕوانێت و دەیانخاتە بەر تەوژمی رەخنە. گرینگ ئەوەشە هەموو پرسەکان پرسی ئێستا و دوێنێی نە زۆر دووری کۆمەڵگای کوردین. ئەم لایەنە بە ڕای من لایەنێکی هەرە سەرکەوتووی رۆمانەکەیە چون ساڵانی دوای شۆڕش زۆرێک لە شتەکان تا رادەیەک هێڵی سوور بوون و نەخرابوونە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لەو روانگەوە کە رۆمان دەقێکی ریواییە و دەبێ ریوایەت بکات بە رای من نووسەر ریوایەتێکی بێ لایەن و پاکی کردووە و زۆر بە کەمی هەست دەکرێ دەستی لە قەزاوەتەوە گلاندبێت. بە داخەوە هەر ئەم لایەنەش تووشی گرفتێکە بە ناوی گرفتی کەم دیالۆگی کە ئەگەر نووسەر جار و بار زۆرتر لێگەڕابا ریوایەتەکان لە دیالۆگی نێوان کاراکتەرەکاندا رەنگ بدەنەوە و دەوری راوی کەم ببێتەوە وا هەست دەکەم دەقەکە دەیتوانی زۆر سەرکەوتووانە تر بێت.
بە گشتی لە کۆتاییدا ئەوە بڵێم نووسینی ئەم چەشنە دەقانە مایەی دڵگەرمی و شانازییە و ئارەزووم ئەوەیە دەقی لەم چەشنە زۆر بێت و هیواداریشم نووسەر هەستیارانەتر درێژە بە نووسینی دەقەکەی بدات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved