5/4/2020 03:04 PM

پرسیاری گەورە لە ڕووبەری بچووكدا

پرسیاری گەورە لە ڕووبەری بچووكدا
هونەری كورتنووسین لای فەرهاد مستەفا"
 ئارام سدیق
چەند ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ هاوڕێیەکی چیرۆکنووسدا لە گفتوگۆیەکدا کە باسی هونەریی نووسینی ڕۆمان و کورتەچیرۆکمان دەکرد، ئەو هاوڕێیە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد، کە نووسینی کورتەچیرۆک گەلێک سەختترە لە نووسینی تێکستی درێژ (یان ڕۆمان). بێگومان پێداگرییەکەی لە جێی خۆیدا بوو و هاوکات منیش دڵنیام لە سەختی هەردووکیان، بەڵام ئەوەی کەمێک کۆمیدی کەوتەوە ئەو هاوڕێیە باسی لەوە کرد، کە هاوڕێیەکی دوو ڕۆمانی نووسیوە چاپیشی کردووە و یەکێکیشیان زیاتر لە چوارسەد لاپەڕەیە و کاتێک باسی لەوەی لا کردووە بۆچی کورتەچیرۆک نانووسێت، بە جدییەتی زۆرەوە گوتوویەتی "کورتەچیرۆک جێی هیچی تێدا نابێتەوە ڕۆمان جێگەی هەموو شتێکی تێدا دەبێتەوە". ئەم وەڵامە کەمێک کۆمیدی دەردەکەوێت، بەڵام وەڵامێکە سەبارەت بەوە کورتنووسین ئاسان نییە (وەک ئەوەی هەندێک بە هەڵە تێی دەگەن)، چونکە جێی هەموو شتێکی تێدا نابێتەوە. واتە چیرۆکنووس ناتوانێ وردودرشتی ژیانێک لەنێو کورتەچیرۆکێکدا بنووسێتەوە.
لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەگەر نووسینی تێکستێکی درێژ سەخت بێت، ئەوا کورتنووسین سەخترە. دەشێ ئەمەش بشوبهێنین بەکەسێک، کە بۆنێک دروست دەکات. دروستکردنی بۆنەکە سەختە، بەڵام ئەوەی سەختترە ئەوەیە، کە کەسێک بێت و ڕۆحی بۆنەکە بەدەست بهێنێت. من هونەری کورتنووسین وەکو بەدەستهێنانی ئەو ڕۆحی ئەو بۆنە دەبینم و ئەم هونەرە کەسێکی دەوێت وەستاییەکی کارامە و شارەزایی تەواوەتی هەبێت.
زۆرجار و لە زۆرکاتدا خوێندنەوەی کورتەچیرۆکێک هێندەی خوێندنەوەی ڕۆمانێک، یان چیرۆکێکی درێژ هەم چێژی داومەتێ و هەم خستوومیەتە کەڵکەڵەی بیرکردنەوە و پرسیاری زۆری لا وروژاندووم. سیازدە ساڵ لەمەوبەر لە فیستیڤاڵی چیرۆکی بانە خاتوونێکی منداڵکار کورتەچیرۆکێکی بەناوی "دوگمەی چوارەم" خوێندەوە، لەو چیرۆکەدا، کە لە چەند سەد وشەیەکدا ژیانی کچێکی مانتۆ لەبەری گێڕابوویەوە، کە سەوداسەری ئازادی بوو و رۆژێک بڕیار دەدات هەنگاو بەرەو ئازادبوون بنێت. سەرەتا دوگمەیەک دەکاتەوە و رۆژی دواتر دوگمەی دووەم و تا چوارەم ئیدی خۆی لە کۆتی مانتۆ ڕزگار دەکات و دەرگای ئازادی بەڕووی خۆیدا دەکاتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا من ئەو چیرۆکەم بیر ناچێتەوە و زۆرجار دێتەوە بیرم. بێگومان ئەمە هێزی کورتنووسینە، کە چیرۆکنووس توانیویەتی لە ڕووبەری کەمدا ئایدیای بخاتەڕوو و خوێنەریش گیرۆدەیی دونیای چیرۆکەکەی بکات.
لەهونەری کورتنووسیندا لەنێو ئەدەبیاتی فارسیدا زیاتر ئاشنای کورتە چیرۆک و مینیماڵەکانی "ڕەسووڵ یۆنان" و "ئەسەدوڵڵا ئیمرایی"م، کە هەست بە هێزێکی گەورە دەکەیت بۆ گەیاندنی ئایدیای گەورە و گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی پڕ چەرمەسەری مرۆڤێک تەنها بە چەند وشەیەک. توانای ئەم دوو چیرۆکنووسە بۆ من جێگەی سەرسامی و تێڕامانە. لای عەرەبەکانیش ئاشنای کورتەچیرۆکەکانی "زەکەریا تامر"م، کە خوێندنەوەی کورتەچیرۆکەکانی ئەم نووسەرە دونیای نوێی لەبەردەممدا کردەوە و دونیابینیمی فراوانتر کرد. زیاد لە جارێک سەرسامی کردووم بەوەی چۆن توانیویەتی لەو ڕووبەرە کورتەدا ئەو هەموو ئازار و ژان و نەهامەتییە جێبکاتەوە. بێگومان ئەم قسانە نیشانەی ئەوە نییە نووسینی چیرۆکی درێژ گرنگ و سەخت نییە، بەڵکو لێرەدا من قسەم تەنها لەسەر کورتەچیرۆکە.
ساڵانێکی زۆرە "فەرهاد مستەفا"ی چیرۆکنووس "فەرهادئاسا" دەست و پەنجە لەگەڵ هونەری کورتەچیرۆکدا نەرم دەکات. ئەو بە وریایی و لێزانییەکی زۆرەوە دەنووسێت، هەر بۆیە کاتێک لە یەکەم کتێبییەوە سەیری ئەزموونی ئەم چیرۆکنووسە دەکەین، هەست بەو گۆڕان و بەرەوپیشچوونە دەکەین، کە لە ئەزموونی ئەم چیرۆکنووسەدا بەری دەکەین. بێگومان دەشێ بپرسین گۆڕان لە چییدا؟ بەر لە هەرشتێک لەڕووی تەکنیکی نووسینیەوە هەست بە بەرەو پیشچوون دەکرێت. ئەمە بێجگە لەوەی چڕکردنەوەی ڕستە و وێنە و وەسفەکان لە سەرەتاکانی ئەزموونی ئەم چیرۆکنووسەوە هێندە تۆکمە و بەهێز و چڕ نین، بەڵام ئەوەی لە نوێترین کتێبی چاپکراویدا دەردەکەوێت "کەسێک لەباتیی هەموومان پێدەکەنێ". لەم ئەزموونە نوێیەدا لە زۆرجێگەدا هەست بە خەستبوونەوەی ڕووداو و چڕکردنەوەی وشەکان دەکەین وەک لە کورتەچیرۆکی "داهاتووی بەردەوام" ل59 بەری دەکەوین.
هونەریی کورتنووسین، یان پێمباشترە بڵێم چڕکردنەوەی چیرۆک لای ئەم چیرۆکنووسە تەنها لەو ساتەی سەرەوەدا ناوەستێک، بەڵکو قۆناغێکی دیکەش دەچێتە پێشەوە کاتێک خوێنەر بەر "کورتەی کورتەچیرۆکەکان" دەکەوێت. لەو کورتەچیرۆکەدا، چیرۆکنووس کورتەی چەند چیرۆکێکی دەنووسێتەوە. ئەگەر بە دیوێکدا ئەمە فێڵێکی هونەری گێڕانەوە بێت، یان گەمەیەکی هونەری جوانی دونیای گێڕانەوە بێت، کە بەشێک لە چیرۆکنووسەکان لەگەڵ خوێنەردا دەیکەن، بەڵام بە دیوەکەی دیکەدا چیرۆکنووس دەیەوێت هێزی خۆی لە کورتکردنەوەی چیرۆکدا پیشان بدات. چونکە دونیای گێڕانەوە، دونیای تاقیکاریی و ئەزموونکردنی ڕێگەی جیا و تاقیکردنەوەی ئەو شتانەیە، کە دەشێ چیرۆکنووس بە خەیاڵیدا گوزەر بکات، بەڵام هەر گوزەرکردنێکی ئاسایی نییە، چونکە ئەو توانای تۆمارکردن و بە چیرۆککردنی هەیە.
کاتێک خوێنەر سەرنج لە بەشێک لە کورتەتیلە چیرۆکەکان دەکات (نەک کورتەچیرۆکەکان) لە زۆرێکیان هەست بە پرسیاری گەورە دەکرێت لە ڕووبەری بچووکدا، من ئەوکاتە بەتەواوی ئەو هەستەم هەبوو کە بەر "پەیامێک بۆ ئادەم" کەوتم لە کتێبی "پەراوێز"دا. چیرۆکنووس لە ڕێی سێوفرۆشێکەوە، کە شارەوانی ڕێگریی لێ دەکەن کارە ئاساییەکەی رۆژانەی بکات، پرسیارێک دەخاتەوە، کە ڕیشەکەی دەگەڕێنێتەوە سەر یەکەم سێوی حەرامکراو لەلایەن یەزدانەوە. چیرۆکنووس دەیەوێت لەو چەند ڕستە کورتەدا مێژووی بەردەوامی حەرامکراوەکان بنووسێتەوە و بۆ خوێنەری بەیان بکات. لە "بایۆگرافیا"شدا، کە لە هەمان کتێبدایە تەنها لەڕێی شەش وشەوە چیرۆکی ژیانێک دەگێڕێتەوە. بەو شەش وشەیە کە ئەمانەن (لەدایکبوو، گریا، پێکەنی. لە زیندانەکەشدا مرد) خوێنەر بەر چیرۆکی ژیانی کەسێک دەکەوێت، کە دواجار لە کونجی زینداندا دەمرێت. چیرۆکنووس لێرەوە خوانێک دەڕازێنێتەوە بۆ خەیاڵی خوێنەر و دەیەوێت خوێنەر بەشداری پێبکات لەو خوانی گێڕانەوەیەدا و ئەویش بەشدار بێت لە تەواوکردنی چیرۆکی بایۆگرافیای ئەو کەسەدا.
یەکێک لە جوانییەکانی کورتە چیرۆک ئەو داوەتکردنەی خوێنەرە بۆ نێو دونیای گێڕانەوە و من ئەمەم لای ئارام کاکەی فەلاحیش بینیوە، کە لە چیرۆکەکانیدا کۆتایی بە کراوەیی بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵێت و زۆرجار و دوای خوێندنەوەی هەندێک لە چیرۆکەکانی لەنێو خەیاڵی خۆمدا بەردەوامیم بە ژیانی پاڵەوانی چیرۆکەکە داوە. لای فەرهاد مستەفاش لە بەشێک لە کورتە چیرۆکەکانیدا هەستم بەو کراوەیی و داوەتکردنەی خوێنەر کردووە و لەگەڵ بەشێک لە چیرۆکەکانیدا ژیاوم و هاوسەفەری پاڵەوانەکانی بووم بۆ جێگەی دیکە، کە چیرۆکنووس ڕێبەرمان نەبووە، بەڵکو تەنها ڕێگەخۆشکەری ئەو سەفەرانەمان بووە.
خاڵێکی دیکە کە دەمەوێت لێرەدا لێی بدوێم، بەکارهێنانی ناونیشانە لە دەقەکاندا، لای فەرهاد مستەفا ناونیشان بەشێکی سەرەکی و تەواوکاری جەستەی دەقە. نەک وشەیەک کە تەنها وەکو ئەرکێک، یان پارچەیەک لە تێکستەکە دانرابێت. واتە وەک گوڵدمان دەڵێت سوورەییای دەقە، لای ئەم چیرۆکنووسە لە زۆرێک لەم کورتەچیرۆکانەدا ناونیشانە سوورەییای دەقەکانە و بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوە لە جەستەی دەق، کە ئەمەش تێکستەکانی ئەم نووسەرەی تۆکمەتر کردووە.
ئەوەی ماوەتەوە ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە کە زۆرجار بێدەنگی خودی ئەم چیرۆکنووسە بۆتە هۆی ئەوەی زیانی لە دەقەکانی داوە و ئەمەش بۆتە هۆکارێک کە ئەم چیرۆکە جوانانە تەنها خوێنەرگەلیکی کەم پێی ئاشنابن و توێژەران و ڕەخنەنووسانیش زۆر بە دەگمەن ئاوڕیان لە ئەزموونی ئەم چیرۆکنووسە داوەتەوە. بەڵام تێکستەکانی ئەم چیرۆکنووسە هەر چەندە لە بێدەنگیدا بن، بەڵام هەر دەدرەوشێنەوە و خوێنەر وردبین و دۆزەرەوە هەر ئاشنایان دەبێت. واتە رۆژێک هەر ئەو خوێنەرە لەدایک دەبێت، کە پێی دەوترێت خوێنەری کەشفکار، کە تا هەنووکە لای ئێمە بوونی نییە، یان زۆر کەمە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved