5/4/2020 03:10 PM

ڕوانینێک لەگەڵ (هەتا چاو بڕبکات تاریکى)ى فەرهاد مستەفا


وریا باقر
کچە شیرینەکەم هەمیشە حەزى بە ژنەڤتنى ئەو چیرۆکە کورتانەیە کە لە گێڕانەوەیەکى خێرادا خۆیان دەدەن بەدەستەوە. بە خواستى ئەو بێت، دەبێت لە گێڕانەوە ڕانەوەستم: بابەچیرۆک!.
 ئەرێ بەڕاست سحرى چیرۆک لە چیدایە کە دەتوانێت خۆى لە ژانرەکانى دی جیا بکاتەوە؟. ئەفسوونى چ شێواز و کام گێڕانەوەیەیە وەرگر دەخاتە ژێر کەوێڵى خۆیەوە و نەهێڵێت دەستبەردارى بێت؟. دەکرێت بڵێین خاڵى جەوهەریی چیرۆک و ڕۆمان ئەوەیە کە ئەوکارەکتەرانەى دەردەکەون لەناو ڕۆماندا زۆرجیاوازن لەوەى لە  چیرۆکدا ئامادەییان هەیە، وەکچۆن بونیادى (کات و شوێن)یش بە هەمان جۆر ڕیتمێکى جوداى هەیە. ئەز، چون خوێنەرێک هەمیشە چیرۆکەکانى شێرزاد حەسەنم بیرناچێتەوە، هێشتا لە ڕووکارى زەینمدا یەکێک لە چیرۆکە جوانەکانى ناو کۆمەڵە چیرۆکى (گوڵى ڕەش) کە باسى ئەو کۆمەڵە گەنجە دەکات کە لەگۆمەکەدا مەلە دەکەن یەکێک لەگەنجەکان دەڵێت: (بەلهاریزیا چى حیزێکە، تائێمەنەخۆش بخات) هەر ماوە. دەکرێت بڵێین خەسڵەتێک لە خەسڵەتەکانى ڕۆمانى نوێ، بەجۆرێک لە جۆرەکان کارکردن بێت لەسەرتێکشکانى (کات و شوێن) بەنمونە دەکرێت ڕۆمانەکانى (بەختیار عەلى و یوسف عیزەدین) لەبەرچاو بگرین.  چیرۆک سەرنج ڕاکێشترە، بەڵام  ڕۆمان قوڵترو فرە ڕەهەندە، فراوانتر کار لەسەر خەیاڵ و ئەندێشەدەکات. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کەچیرۆک لە ئەندێشەو خەیاڵ، خاڵى بێت. بۆ سەلماندن و دروستى ئەم ڕوانینە هەڵوێستەیەک لەسەر بەرهەمێکى نوێى (فەرهاد مستەفا) ئەکەین، نزیکەى (70) چیرۆکى کورتە ولە دوو توێى 124  لاپەڕەدایە. کە ماوەیەک لەمەوبەر بەناوى (هەتاچاو بڕبکات تاریکى ) کە لە لایەن ناوەندى هونەرى ئەندێشە وە بڵاوکرایەوە.
لاى خۆمەوە لەگەل خوێندنەوەى چیرۆکە خێراکانى فەرهاد مستەفا و بەرکەوتنمان لەگەل ئەو هەموو کایە سیاسى وکۆمەڵایەتى وئابورى و فەرهەنگییەوە کەخراونەتە ڕوو و بروسکەیی تێدەپەڕن، خەسڵەت و ئاراستەکردنە ڕەخنەییەکانى ( محەمەد ماغوت) م بیرکەوتەوە. زیادەڕۆیی نابێت بڵێین ئەو ئاسا بەئاشکرا هاوار دەکات و بەشمەینەتى ئەو ژیانەمان بە ڕوودا دەداتەوە لەچى سەردەمێکى قات وقڕى ویژداندا دەژین ، ژیان چەند بێماناکراوە. دەسەڵات و یاساوڵەکانى، چلۆن ژیان و هەناسەیان لێ قۆرخ کردووین.
لێکچونى (فەرهاد مستەفا) و (محەمەد ماغوت)  لەشێوەى کارکردنیاندا نییە ، بەڵکو لەشێوەى دەربڕینیاندایە هەردووکیان بەیەک ستایل دەنوسن هەردووکیان یاخین لەناعەدالەتى و بێویژدانى، هەرچەندە یەکیان چیرۆکنوس و ئەوى تریان شاعیرە، بەڵام لە واتا وەزۆرنزیکن لەیەکەوە، دەڵێن ئەگەر کەسێک شاعیربێت هەمیشە چیرۆک و ڕۆمان دەخوێنێتەوە، بەڵام کەسێک چیرۆکنوس یان ڕۆماننوس بێت هەمیشە شعر دەخوێنێتەوە، هەرچەندە فەرهاد مستەفا چیرۆکەکانى ڕیتمى شیعرییان هەیە و ئاوازى شعرى خەسڵەتێکى ئاشکراى ئەم کۆمەڵە چیرۆکەیە .
لە خوێندنەوەى چیرۆکەکانى ناو ئەم کۆمەڵە چیرۆکە، هەست دەکەین سەرجەم چیرۆکەکانى لە چەند دەستەواژەیەکى گرێیاوى پێکهاتووە ،کەهەر ڕستەیەکى گرێ وابەستەى ڕستەیەکى ترى گرێى دواى خۆیەتى لەهەندێک حاڵەتدا (بکەر) جۆراو جۆرە کە نایناسیتەوە بەهەمان شێوە یەکێتى ( فەرمان)  یان زۆرى (فەرمان)  هەیە کەئەمەش شێوازێکى تایبەتى فەرهاد مستەفایە. بەمانایەکى دى کۆى ئەم چیرۆکانە کارکردنە لەسەر دەسەڵات، دژوارى ژیان، دابەشبوونێکى ناڕەوایی پێگەکان.
خاڵێکى سەرنجڕاکێشێکى دیکە هاتنە ناوە و  خستنە ڕووى کارەکتەرى ئاژەڵى و ئاخاوتنى ئاژەڵەکانە. هەڵبەت ئەم تەرزەش مێژوویەکى دوورى هەیە و لاى گەلێک نووسەر بەکار هاتووە. زۆر جار هەڵبژاردنى ئەو کارەکتەرانە بە خاترى دەمامک و ڕیتمێکى ڕەمزى خراوەتە ڕوو. لە لاى فەرهاد پشیلە ئامادەیی هەیە. هەڵبەت پشیلە لە کۆمەڵگاى ئێمەدا نە خزاوەتە خانەى گڵاوى و خۆلێ بەدوورگرتنەوەوە، نە ئەوەندەش پایەى مەزنە بە خەمى میاوە میاوەکەیەوە بێین. هەر وەک بڵێین نە ئاشنایە و نە ئەغیار.
خاڵێکى دیکە کە هەڵوێستەى دەوێت و دەکرێت ڕەش بینى فەرهادى پێبناسینەوە (مردن)ە ، مردن بەهەمو جۆرەکانییەوە مردن هەموشتێکى لا تاریک کردووە. تەنانەت ناونیشانى کتێبەکەى (هەتا چابڕبکات تاریکى) هەڵگرتووە. کتومت غەمگینیەکەى محەمد ماغوت: (هەمیشە تامردن لەگەڵ هەمووکێشە دۆڕاوەکانماندا دەمێنمەوە) .
پێشتر لێدوانێکى کورتى فەرهادم بینیبوو کە ئاماژەى بەوەدابوو چیرۆکەکورتەکانى هاوشێوەى فۆتۆیەک (گرتەیەک) بێت، ئەمەش هەمان قسەى شاعیر محەمەد ماغۆتە کەدەڵێت(شعرەکانى منیش وێنەییە) وەک خۆى دەڵێت :( گسک لێدەر هێزى لەدەستدایە، کوێر هێزى لەبیستندایە، منیش هێزم بریتییە لە وێنە ) *، نوسەرى چیرۆکەکە بۆ هەریەکێک لەو چیرۆکانە بەزوومى کامێرەکانى نووسین چیرۆکەکانى بەرهەم هێناوە، منیش وام بەپێویست زانى هەڵوێستە لەسەر چەند چیرۆکێکى بکەین.
خۆم  لەسەفەرێکى بازنەیدا
کورتەى ئەم چیرۆکە( ئیغتراب)ە. نامۆ بوونى مرۆڤ بە خودى خۆى. بە مانایەک لە لای فەرهاد دەگاتە لوتکە. هەربۆیە ئەندامەکانى جەستەى دەیانەوێت لێى جیاببنەوە و لەدەستى هەڵبێن.
 گوێچکەم هاوارى کرد: لێمبکەرەوە 
 دەستم: بمپەڕێنە 
 چاوم: دەرم بێنە
قاچم: بمقرتێنە
 بەخۆمم وت: "جێم بێڵە" ل2
زمانەقرتاوەکان
لەم چیرۆکەدا فەرهاد پێمان دەڵێت.. ئەوە کوشتن و کوشتارە بە پشتاوپشت پێمان دەگات. لێمان دەپرسێت ئەرێ مێژووى دەسەڵاتدارەکان هەمان مێژووى ئازاردانە و تەنیا شێوازى ئەشکەنجەیان جودایە؟. دەسەڵات بە تەنیا ژیانى مرۆڤەکان قۆرخ ناکات. مێژووش بە ئارەزووى ئەوان دەنووسرێتەوە. ئەو پێمان دەڵێت.. مێژووەکان درۆمان لەگەل دەکەن و نایانەوێت ناوى ئەوانە بنووسرێنەوە کە لە ئاستى زەبر وزەنگەکاندا بڕوایان بەوە هەیە ئیکسیرێک بدۆزنەوە تا خەڵک بە ئاگاه بهێننەوە، تا ئەو پرسیارانە دروست بکەن.. ئەم ئەشکەنجەدانە بۆ؟.
چەند کۆمێتێک بەدیوارى زیندانەوە
ئەم چیرۆکە بێ دەرەتانى و دەستەپاچەیی کۆمەڵێک کارەکتەرى نەناسراومان پێ ئاشنا ئەکات. کۆدى ئەم چیرۆکە ناونیشانەکەیەتى. فەرهاد پێمان ناڵێت: زیندانییەکان کێن! بۆچى زیندان کراون؟ چەندێ لە زیندان دان!. ئەو پێمان دەڵێت گەر مرۆڤەکان وەک زیندانییەک لە کایەى ژیان ڕۆلڕ دەبینن، زیندانى کراو، چەند بارە زیاتر لە ژیان مەحرومن. بێجا نییە کە یەکێک لەکۆمێنتەکانى زیندانییەکاندا  بڵێت: ( لەهیچم کەم نییە.......... جگەلەژیان) ل5 . لە هەمان چیرۆکدا دەڵێتەوە: (من گلێنەم ناتوانێت ڕێ بکات).کەواتە مرۆڤى ئێمەژیانى دەوێت بەمانافراوانەکەى نەک بەماناى مردن وژیان، چونکە ئەوە پێویستى خوداوەندە. وەک محمد ماغوت دەڵێت( مردن دۆڕاندنەگەورەکەنییە، دۆڕاندنەگەورەکە بریتییە لەوەى لەناوماندادەمرێت ، کەچى هێشتاخۆمان زیندووین)ل140.
ساڵیادى خەونەکانى ئیمپراتۆر
محەمەد ماغوت دەڵێت (ئەى بەرگدوورەکان، کفنێکى پانو پۆڕم دەوێت بۆخەونەکانم ).
لێ.. لە کن فەرهاد، ئیمپراتۆر لە خەون دەترسێت.. نەک لە خەونى هاوڵاتییەکانى لە خەونى خودى خۆیشى. ئاخر شەوێک لە خەونیدا دەبێتە زیندانێکى مەملەکەتەکەى خۆى. ئەو لە خەونەکەیدا هێشتا ئازار نەدراوە، بە تەنێ ڕووبەڕووى ژوورێک کراوەتەوە. ئەو دەبێت چارەیەک بدۆزێتەوە. بە تەنیا خۆى فریاى بکوژى و کوشتار ناکەوێت. ئەو کۆمەک بە پیاوەکانى دەکات، تا بە هانایەوە بێن و بەشداربن (پزیشکى ئەفسوناوى دڵنیابوونى دووپات کردەوە دروست، لە31 ى مانگەوە خەونى نەبینیی... لەباتى خۆى وەزیرى ناخۆ تەماشاى دەکرد، پێشتر بەشێک بوو لەوەزارەتى چەنگ لە جێگەى ئەو دەیژەنەڤت.  بڕیاردرا خەون یاساخە، هیچ کەس بۆى نییە خەون ببینێت، سەرپێچى کەریش بەسزاى ڕەواى  خۆى دەگەیەنرێت)ل10.
جەنگ
(جەنگ هات، بەتەنیا سەرۆک لەناو وێنەکەیدا پێدەکەنى )ل11. کورترین چیرۆکى ئەم کۆمەڵە چیرۆکەى فەرهادە. هەمووان بە دەست ماڵ وێرانییەوە دەناڵێنیین، کەچى سەرۆک پێدەکەنێ. ئەوەى لە جەنگ دا دەبێتە قوربانى، تەواوى جڤاتە نەک سەرۆک و هاوماڵەکانى!.
چەند مەسجێک بۆ فریشتەى ڕاپۆرتنوس
کێ بیرى لەوە کردۆتەوە جارێک لە جاران بیەوێت قسە لەگەڵ فریشتەکانى سەرشانى بکات. ئەوە ئێمەین هەر لە منداڵییەوە گۆشکراوین دوو فریشتە لە سەرشانمانە و تەواوى ڕەوتار و باس و خواسەکانمان ڕیکۆرد دەکەن. کارەکتەرى ئەم چیرۆکە لە لوتکەى نائومێدى دایە و دەیەوێت لە ڕێگەى ئەو ڕاپۆڕتانەى ڕۆژانە لە سەرى تۆمارکراون، چەند بیرەوەرییەکى بیربکەوێتەوە کە خۆى فەرامۆشى کردوون یان ناچیزەیی ڕۆژگار لە بیرى بردوونەتەوە (بەر لە خانەنشینبوونت ....
دەخوازم دۆسیەکەم نیشان بدەیت
کێ ناڵێت بیرەوەرییەک نادۆزمەوە
پەژارەیم بسڕێتەوە؟ل12.
پیتەمرۆڤ
فەرهادى چیرۆکنووس پێمان دەڵێت دەسەڵاتدار و سەرۆکەکان توانا ڕوحى و ئەندێشەى مرۆڤەکانیش بە موڵکى خۆیان دەزانن. لە هێنانە ئاراى فەرمانڕەوایەکى ستەمکارى وەک کوڕى موعتەسیم بیللا.. کە ئەو دەم شیعر قودسیەتى هەبووە و خەلیفەکان نەیانتوانیوە لە عۆیە بێن و درهەم و دەسەڵاتى نەیتوانیوە شعرى پێببەخشێت.. دێت بۆ بێ بایەخى و شکاندنى شکۆى شیعر پەنا بە تاوانێک دەبات کە بە گەمەیەکى داداى دەچوێنێت. فەرمانى داوە کە تەواوى کۆیلە و دیلەکانى لە گۆڕەپەناکەدا بۆ کۆبکەنەوە پاشان فەرمانى دا(ئەو پێنجەیان یان ئەو چوارەیان یان ئەوسێیەیان بخەن پاڵیەکتر. ئەگەر وشەیەکى واتاداریان پێک بهێنایە وەک وشەى یەکەم ڕادەوستێنرێت، خۆئەگەر پیتەمرۆڤێکیش  زیادبووایە، فەرمانى دەدا ئەو پیتە بسڕنەوە، ڕاستتر لەملى بدەن باشتر وششەکان بخزێننە پاڵیەکتر )ل14_15. مرۆڤ کە ئەم دیمەنانە دەبیستى ئەوساتێدەگات ڕێزگرتن لە مرۆڤ و بایەخى خوێنى مرۆڤ چەندە هیچ  و کەم بایەخە. مرۆڤ گەر گەمژەنەبێت زۆر بەئاسانى لە بەهاى خوێنى خۆى تێدەگات، بونى مافى مرۆڤ چەندە پێکەناوییە کەبانگەشەى بۆدەکرێت لەزۆربەى شوێنەکانى دنیا .
چیرۆکى من و مریم
چیرۆکنووس لەم چیرۆکەدا باسى ئەو پەیوەندیانە دەکات کە بە تەنێ شەهوەت کۆیان دەکاتەوە. ئەو پێمان دەڵێت کە پەیوەندییەکان خاڵى بوون لە خۆشەویستى و لەسەر بنەماى تەگە و بەرانى ڕوویدا. چ زوو چ درەنگ دەبێت لایەکیان پایدۆسى لێبکات.
 مریەم.. بەپێخاوسى دەڕوات
 وەختایەک بنى قاچى نەرم وەک باڵى پەپولە
نینۆکى پەنجەکانى پڕ لە تریفەى ئەستێرە ...
مانگ لەجەستەیدا خۆى حەشاردابوو.ل16
ڤیزابەمۆرى ماچ
چەندێ ئەستەمە هەنگاونان و سەفەرکردنت سنووردار بێت. ئەوان بیرت دەخەنەوە لە هەموو جێگەیەکدا، ئێمە ئامادەیمان هەیە. ئێمە گوێمان بۆ دیوارەکان دروستکردووە. چەند بێتامە کە شۆفێر جاسوس و جەللادى سەرنشینەکان بێت، وەک فەرهاد بۆى وێناکردووین. دواتریش تا کۆیلەییت بسەلمێنیت (دەبێت ماوەیەکى زۆرلەو نۆبەدرێژەداچاوەڕێ بکەیت. تادەگەیتەنابەردەمى وینەى ناو شوشەبەندەکە، دادەبەزێت لەئاستى وێنەکە هێدەدەچەمیتەوە تالێوەکانت دەگاتە ئاستى پێڵاوە بریقەدارەکانى ... ئەگەر ماچێکى شووشەبەندى ڕوکارى شووشەبەندەکەبکەیت ،بێ شک ژەندرمەکە دەنگى ماچەکەت دەژنەفى (دەبیستى ) زومى چاودێرى کردنەکەش دڵسۆزیو گوێرایەڵیت دەسەلمێنى )ل19.
گرتەیەک لە فیلمى دووبارە ژیان
فەرهاد لەم چیرۆکەدا پێمان ئەڵێت سەرۆکەکان ئێمە دروستمانکردن. ئێمە وەک خوداوەند لێیان دەڕوانین. کێ ناڵێت سەرۆک کەسێکى ترسنۆک نییە؟! ئەوە نییە لە سەر جۆگەلەیەک تواناى پەڕینەوەى نییە؟ ئەوە گەمژەکانە نەک دەبنە بەردەبازى پەڕینەوەى. بەڵکە شانازى بە بەردبوونى خۆیانەوە دەکەن. ( لەپێشى پێشەوە ڕێ دەکات  کەمێک بەلاى ڕاستدا دەلەنگێ ئێمە لەدوایەوە بەلاى ڕاستدا دەلەنگێین، چەند لێپرسراوێکمان هێندە لار دەبنەوە  تائەوەى بەتەنیشتیدا دەکەون)ل36.
کەنیزەیەک لەماڵى میر
گەمەیەکى جوانە لەگەڵ وشەدا. چونکە (با) دەنگى هەیە نەک ڕەنگ، فەرهاد بەدبەختى کەنیزەیەکمان بۆ دەگێڕێتەوە. ڕووت و قوتە. هیچى لەبەردانییە. ئەو چاوەڕوانە ئاخۆ جەنابى میر کەوتۆتە خرۆش و ئاڵهاى سێکسى. کەنیزەکان ئامێرێکن بۆ بەتاڵکردنەوەى میرەکان. کاتێکیش دەبێت ئەو ئامێرە ببزوێت کە جەنابى خاوەن شکۆ ئەو مەیلەى هەبێت:
(کراسێکم لەبەردایە لەڕەنگى با.
پێى دەڵێم "خاوەن شکۆدەتوانم بێمەژوورەوە ؟" )ل37.
باوکە
ئەم چیرۆکە تێکەڵەیەکە لەبڕێک دەستەواژە و چەمک کە هەمویان لە مۆتیڤى (باوک) دا کۆدەبێتەوە. ئەگەر ئەم کۆمەڵە دەستەواژەیە بخەنە بەردەستى تۆ (پشیلە، ئۆتۆمبێل، مردن، جنێودان، مێش، چاوچنۆک، ژنێکى عەبابەسەر، حەپەسان) دەتوانى چ گێڕانەوەیەکى هونەرى لێ دروست بکەى؟ .
بەڵى جرج بەخێو ناکرێت
کورتەى ئەم چیرۆکە باسى بوونە برغویەکە لە ناو ئامێرە گەورەکەى دەسەڵات. هێندە برغووەکە جێگەى شایستەى هەیە کە بتوانێت کارەکانى خۆى بە ئەنجام بدات. ئەوەى دەبێتە ڕێنومایکەرى برغووى تازە کە بەهەڵەدا چوون یان وەک فەرهاد دەڵێت گەوجانە سۆزى مرۆڤبوونى زیندوو بووەوە، ئەوە سەرى بەفەتارەت دەدات. دەسەڵات خۆى لەناوى دەبات و ڕەحمى بۆى نییە.
کچێک لەفرمێسک بەهەمان شێوە ئەم چیرۆکەش لە وێناى کچێکى زیندانکراوەوە پێمان ئەڵێت لە لاى دەسەڵاتى دیکتاتۆرى گرنگ نییە تۆ چیت و بایەخى تۆ چەندە. گرنگ ئەو وێناکردنەیەیە کە دەسەڵات بەرانبەر تۆ هەیەتى و بە چ چاوێک لێت دەڕوانێت. تۆ ئەبێت باجى ئەوە بدەیت کە ڕاستبوونى ڕوانینى ئەو دەربکەوێت.
پیاسەى نێو چڵپاو
کارەکتەرى ئەم چیرۆکە کەسێکى پەراوێز خراو و کوشتەى خەیاڵ و وەهمى دۆنکیشۆتانەیە (داواى پاڵتۆکە لەدایکم بکەم، دایکە ساڵانێکە بەجێى هێڵاوم... دواى باوکم ) ل47. ئەو لە گەرماى مانگى هاویندا ڕۆژەکانى تەمەنى لە لا دەبێتە زستان و بەجۆرێک هەست دەکات کتێبەکانیشى سەرمایانە. بە فەنتازیابوونى ئەم چیرۆکە هەر ئەوەندە نییە دیستۆیڤسکى بڵێت ئێمە لە گیرفانى پاڵتۆکەى گۆگۆڵەوە سەرمان دەرهێناوە. ئەو داواى لێدەکات خۆى پێگەرم بکاتەوە. ئەو کە بە خەیاڵێکى زستانیانەوە دێتە دەرێ، هوهاى لێدەکەن. ئەوان پرسیان بۆ مەینەتییەکانى نییە، تەنانەت خۆشەویسترین هاوەڵى نایەوێت وەک هاوڕێى شێتێک لە قەڵەم بدرێت. دەخوازێت چى زووترە بگاتە ماڵەوە.
گەمەیەکى پووچ
کەواتە ژیان گەمەیەکە هەردەبێت ڕۆژێک  مرۆڤەکان بکەونە خوارەوە درەنگ و زووى کەوتووە، محەمەد ماغوت دەڵێت (هەمیشە تامردن لەگەڵ کێشە دۆڕاوەکانماندا دەمێنمەوە)  فەرهادیش دەڵێت : ( لەهەرلایەکەوە مرۆڤ بکەوێتەخوارەوە بەرلە خاوەنگازینۆکە هاواردەکەین دۆڕایت. چەند کەسى دى دۆڕان) ل49.
ئێوارەیەک لەجەنگ
دیسانەوە لەم چیرۆکەشدا فەرهاد پێمان ئەڵێتەوە کە جەنگ هات، ئێمە ئەبینەوە بە پشیلەکان و لە تەنەکە خۆڵى دەسەڵاتدارەکان دا تروسکەى ئومێد و تێربوون دەبینین. تەنانەت دەگەینە ئەو سنوورەى جێگە بە پشیلەکان لێژ بکەین و کاتێکیش پشیلەکان لە ئێمەیان تێپەڕاند، لەباتى ئەوەى ئێخەى هەڵگیرسێنەرى جەنگەکان بگرین، قسە و زوخاومان ئاراستەى ئەوانە دەکەین لە خۆمان دەستەپاچەترن.
مردووى بێگۆڕ
هەندیکجار نوسین وقسەکردن لەناوت دەبەن ئەگەر ئەونوسینە لەسەر حەق ودەرخستنى ڕاستى بێت نەک هەردەکوژرێت بەڵکو گۆڕەکەشت دیارنییە لەکوێیە وەک( کتێبى مرۆڤ کوژ). محمد ماغوتیش دەڵێت(بۆئەوەى شاعیرێکى مەزن بیت، دەبێ ڕاستگۆبیت، بۆئەوەى ڕاستگۆبیت، دەبێ ئازادبیت. بۆئەوەى ئازادبیت، دەبێ بژیت. بۆئەوەى بژیت، دەبێ بێدەنگ بیت.

شەوێک لەخزمەت فەرماندەى مەزندا
فەرماندەى مەزن لەقومارێکى سەیردا بەشەوێک دووشار و شارۆچکەیەک و پەنجاگوندى دۆڕان ، کەچى پاسەوانەکانى چواردەورى لەباتى کوشتنى فەرماندەکەیان، خیانەتیان لەنیشتیمانکردو هەمویان وتیان (پایەدار، تۆبمێنیت ، وڵات دروست دەبێتەوە)ل114 .
بەبڕواى من فەرهاد مستەفاو محەمەد ماغوت لەم چیرۆکەدا بەتەواوى لەیەک نزیک دەبنەوە، ئەمە ڕێک ئەودەمەیەکە محەمەد ماغوت بە حەسرەتەوە دەڵێت( خیانەت لە نیشتمانەکەم دەکەم.)

هەتاچاوبڕکات تاریکى
بۆئەوەى قەدرى ڕوناکى بگرى دەبێت بەتاریکییەکى سەختدا تێپەڕى، نەک لەبەر ئەوەى بەڕوناکى ڕازى بیت، بەڵکو لەبەر ئەوەى بزانیت چۆن مامەڵەى لەگەڵدابکەیت. هەرچەندە کتێبەکەى دەستت سپى بێت بەڵام ناتوانى لەتارکیدا بیخوێنیتەوە. ناونیشانى ئەم چیرۆکە بۆتە ناونیشانى کتێبەکەى (هەتا چاو بڕبکات تاریکى ) لەتاریکیدا هەندێک شت هەیە نرخ و بەهاى خۆى هەیە. بوونى تاریکى سەلمێنەرى ڕووناکییە، بەڵام پێدەچێت نوسەرى ئەم کتێبە بەومانایە هێنابێتى کە ژیانى ئێستەى مرۆڤەکان یان ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابورى کورد جێگەى دڵخۆشى نییە، بەیەکداهاتنى قەیرانەکان و ئاڵوزکردنى ژیانى ڕۆژانەى تاک لەکوردستان  واتلێدەکات یەک مەتر پێش خۆت نەبینیت، نەزانیت ئایندەى ئەم هەرێمە بەرەو کوێ دەڕوات. بۆیە منیش دەیڵێمەوە: (هەتاچاوبڕبکات تاریکى.)
 ********
1- (هەتاچاوبڕکات تاریکى) ى فەرهادمستەفا، چاپخانەى تاران ، چاپى یەکەم 2015، ناوەندى هونەرى ئەندێشە.
 2- محەمەد ماغوت پیاوێک لەشیعر و یاخیبوون، وەرگێڕانى هەورامان وریاقانع، چاپخانەى سەردەم، چاپى یەکەم 2015، دەزگاى سەردەم.
* تێبینى/ ئەم نوسینەم پێشکەشى ڕۆحى شەهیدى شاریک (بڕیار حسن) کردووەلە سەیدسادق، دووساڵ بەسەر شەهید بونیدا دەڕوات و تائیستاش هیچ لەگۆڕنییە.تەنهابڕیار نەبێت بۆخۆى خەوتووە بەئەسپاى.چونکە نزیکییەک هەست پێدەکەم لە ناوەڕکى ئەم کتێبەو جۆرى شەهیدبوونى کاکە بڕیاڕ.
­­­­




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved