5/4/2020 04:40 PM

ژنێکی ئەمریکی مناڵێکی چینی بەخێو دەکات

ژنێكی ئه‌مریكی كه‌ خۆی خاوه‌نی سێ منداڵه‌، ده‌یه‌وێت مندالێكی چینی به‌خێو بكات كه‌ دایك و باوكی پێكه‌وه‌ به‌ كۆرۆنا ڤایرۆس مردوون و ئێستا لەی خوشكی ژنه‌كه‌یه‌ له‌شاری "جه‌نچاون" له‌ كه‌رتی گانسو.
ئه‌و منداڵه‌ به‌هۆی خراپی باری دارایی خوشكی ژنه‌كه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیی چینەوە داوای كرد هاوكاری به‌خێوكردنی بكه‌ن. بۆیه‌ ئه‌م خێزانه‌ ئه‌مریكییه‌ كه‌ نیشته‌جێی شاری "فارگۆ"ـی ویلایه‌تی "نۆرس داكۆتا"ـیه‌ داوای منداڵه‌كه‌یان كردووه‌ و بڕیار بوو هه‌فته‌ی داهاتوو بگاته‌ ده‌ستیان به‌ڵام به‌هۆی گرفتی هاتووچۆوه‌ و داخرانی رێگه‌وه‌ ناردنی منداڵه‌كه‌ دواده‌كه‌وێت.
"جۆیسلین ج. راسل" له‌ لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی لۆكاڵی ڤالی نیوز رایگه‌یاند پێشتر هێنانی منداڵ له‌ وڵاتانی ئه‌فریكا و ئاسیا-ه‌وه‌ كارێكی ئاسان بوو، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس كێشه‌ دروستبووه‌ له‌ هێنانی ئه‌و منداڵه‌ بێسه‌رپه‌رشتانه‌. وتیشی: “ئێمه‌ وێنه‌ی خێزانی خۆمان له‌ رێگه‌ی كۆنسڵی ئه‌مریكییه‌وه‌ له‌ گانسۆ بۆ خێزانه‌كه‌ ناردوو هه‌موو به‌ڵننامه‌یه‌كیشمان له‌ 5 ی فێبریوه‌ری پڕكردۆته‌وه‌، بڕیاریش بوو منداڵه‌كه‌مان به‌ده‌ست بگات به‌ڵام بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌ جیهان و به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا كاره‌كه‌ی لێ تێكداین.
راسڵ ده‌ڵێت: "ده‌مێكه‌ چاوه‌ڕێی به‌خێوكردنی منداڵێكی بێ سه‌رپه‌رشتم، هیوادارم له‌ هه‌فته‌كانی داهاتوو به‌دیداری ئه‌و منداڵه‌ شاد بین، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستمان نه‌گات واته‌ كارێكی زۆر بێ مانایه‌ چونكه‌ ئه‌و منداڵه‌ ژیانی باش نییه‌."
ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ ئیدارییه‌كانی ویلایه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌مان پێ دەڵێن كه‌ كارێكی ئاسته‌نگه‌ هێنانی ئه‌م منداڵه‌ له‌م كاته‌دا كه‌نه‌خۆشییه‌ك بڵاوبۆته‌وه‌. هەروەها گوتیشی: "ئێمه‌ هه‌موو خەرجییەکی هێنانی ئه‌و منداڵه‌ كوڕه‌مان له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ و كۆتایی هاتووه‌."

 

خاک _ پشکۆ کامەران



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved