7/4/2020 12:57 PM

کۆمپانیای فێراری دەست بەکاردەبێتەوە

ئەگەرچی خەڵکی ئیتاڵیا رۆژانێک سەخت تێپەڕ دەکەن و ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرانسەری ئەم وڵاتەی گرتۆتەوە، کرانەوەی دەرگاکانی فیراری هەندێک جێی سەرنجە. فیراری بە فەرمی رایگەیاندووە کە بەرهەمهێنانی سوپەر ئۆتۆمبێلەکانی خۆی لە رێکەوتی 14ـی 4ـدا دەست پێدەکاتەوە.
ئەوە لەحاڵێکدایە کە زۆرینەی ئۆتۆمبێلسازەکانی دیکەی هەوڵ ئەدەن یارمەتی بەشی تەندروستی بدەن. بۆ نموونە لامبۆرگینی خەریکی بەرهەمهێنانی دەمامکە و ئۆتۆمبێلسازەکانی دیکە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی دەزگای هەناسەی دەسکردن.
پێدەچێ گیانی کارمەندان و هاووڵاتیان هیچ گرنگییەکی بۆ ئەم کۆمپانیایە نەبێت، بەڵام "ئانیلی" و "مێنلی" کە خاوەن پشکی سەرەکی فیرارین، یارمەتییەکی زۆریان گەیاندۆتە وڵاتەکەیان. بۆ نموونە ئەم گرووپە ژمارەیەکی زۆر دەزگای هەناسەی دەسکرد و ئامبۆلانسیان کڕیوە و مووچەی کارمەندانی خۆیان لە دەورانی کەرەنتینەدا بە تەواوی پێشکەش کردووە.
هەڵبەت کۆمپانیای فیراری پاش بڵابوونەوەی دەنگۆکان سەبارەت بەوەی کە گیانی کارمەندان هیچ گرنگییەکی بۆ ئەم کۆمپانیایە نییە رایگەیاند کە ئەوان بەیاننامەی دەستپێکردنەوەی کارەکانیان بەپێی کاتی کۆتایی هاتنی کەرەنتینە کە پێشبینی کراوە 3ـی 4 بێت راگەیاندووە و بڕیارە دەستپێکردنەوەی کارەکان زۆر بەپارێزەوە ئەنجام بدرێت.
بەڵام کێشەی سەرەکی بۆ دەستپێکردنەوە، دابین کردنی کەلوپەلە بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و راگواستنی داواکاری کڕیاران بۆ سەرانسەری جیهان و وادیارە فیراری لەکاتی راگەیاندنی دەسبەکاربوونەوەی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی خۆیدا سەرنجی ئەم خاڵەی نەداوە.
لەئێستادا زۆرینەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئۆتۆمبێلسازی چالاکییەکانی خۆیان راگرتووە و رادەی فرۆش لە ئەم ئەمریکای باکوور نیوە بووە.

 

سەرچاوە: autocar

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved