8/4/2020 01:31 PM

"گردی قەڵایچی"ـی بۆکان

ئیزیرتوو یان قەڵایچی گرینگترین شوێنەوارێکی مێژووییە کە شوێنەوارناسانی ئێرانی و بیانی ئاماژەی پێدەکەن و وەک پێتەختی ماناکان ناساندویانە. ئیزیرتوو لە 8 کیلۆمەتری باکوری رۆژھەڵاتی بۆکان هەڵکەوتووە.
قەڵایچی یان ئیزیرتوو لە پەنای گوندێکە ھەر بەو ناوە. لەم گردەدا سەردەمە کۆنەکانی چاخی دووی ئاسن (1200 تا 850ـی پێش زایین) و چاخی 3ـی ئاسن (850 تا 550ـی بەر لە زایین)ـی لێ بیندراوە. قۆناغێکی مێژوویی و سێ دەورە بینا سازی و ھەروەھا دەیان خشتی نەخشێندراو بە ئاژەڵە ئەفسانەییەکان دۆزراونەتەوە کە لە لایەن تاڵانچی و قاچاخچییەکانەوە ساتوسەودایان پێکراوە کە دەتوانین ئاماژە بکەین بە 300 دانە لەو خشتە نەخشێندراوانە کە ئێستاکە لە مۆزەخانەی تۆکیۆی ژاپۆن پارێزراون. لە گرینگترین شوێنەوارە دۆزراوەکانی ئەم گردەن. وەفدی شوێنەوار ناسی گردی قەڵایچی ئاماژەیان بەوە کردوە کە بە ھۆی جۆری شێوەی تەلارسازیی ئەو سەردەم و کەڵک وەرگرتن لە لەتە خشت و چارەگە خشت، ئەوە دەردەکەوێ کە شارستانیەتیێکی کۆن و گرینگ لە نێو ماناکاندا ھەبووە. ھەروەھا دۆزرانەوەی بەردەنووسێک بە خەتی ئارامی کە 13 رستەی لێنوسراوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە خشتی نەخشێندراو بە ئاژەڵە ئەفسانەییەکان ھەموویان ئاماژەیان بە شاری ئیزیرتوو واتە پێتەختی ئەفسانەیی ماناکان کردووە.
تا بە ئێستا کە 9 دەورەی گەڕان و پشکنین لە لایان شوێنەوارناسانەوە ئەنجام دراوە قوربانگەی سەرەکی و ھەروەھا کارخانەی خشتەکانی شاری ئیزیرتوو لە قەراخ شاری بۆکان دۆزراوەتەوە.
لە دەوروبەری قەڵایچی چەند قەڵایەکی سەربازی بەرچاو دەکەوێ کە لە گوندەکانی وەک ئەربەنوس و ساروقامیش و ئاغجێوان  بۆ پارێزگاری کردن لە پێتەختی دەوڵەت-شارەکەیان دایانمەزراندووە. ھەروەھا بە دۆزرانەوەی پێتەختی ماناکان لە قەڵایچی بۆکان شوێنەوارناسان لە ساڵی 1988ـدا رایانگەیاند کە ھیگمەتانە واتە پێتەختی مادەکان لە ھەمەدان نییە و بە پێی دوایین لێکۆڵینەوەی ئیحسان یەغمایی، شوێنەوارناسی ناسراوی فارس کە بۆ جارێکی دیکە لە ساڵی 2006  لە وتوێژێکی فەرمیدا داکۆکی لەسەر دەکرد، ئەوە راگەیەندرا کە ھێگمەتانە قەڵایچی بۆکانە و ئەگەر ئەم وتەیە بسەلمێندرێ دەبێ مێژووی ئێران کە بنچینەکەی لە سەر ھیگمەتانە دامەزراوە سەرلە نوێ بنوسرێتەوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved