10/4/2020 05:24 PM

جەستەیەک بۆ خۆم چەند یادداشتێک دەربارەی ڕۆمانی شەربەتی ترس

نوسینی : شڤان نەوزاد
جەستەی دزراو
هەڵبەت شکاندنی پیرۆزی جەستە و بێئەرزشکردنی لەش و موقەدەس کردنی مرۆڤ لە دەرەوەی کڵێشەی جەستە لە ئەدەبی کوردی سەدەی بیست و بە تایبەتی لە هەناوی ژانری شعردا سیمایەکی زەقی ئەم ئەدەبە بووە، پەروێزخستنی لەش لە مەحوییەوە نەریتێکی سەرەکی و باوی نێو دەقی هۆنراوەی کوردی سەدەی بیستە. ئەگەرچی بەشێکی ئەم دیدە نەرێنییە بەرابەر جەستە بەشێکە لە میراتی تێڕوانینی ڕۆژهەڵاتیانە بۆ جەستە و نەفرەتکردن لە جەستە و شایەن بە نەمان و سووتان مەحو بوون، بەڵام لە کۆتاییەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیست و بەتایبەت لە دوای ساڵانی هەشتاکان دیدگای شاعیران و نووسەرانی ژانرەکانی دیکەی ئەدەب بۆ جەستە گۆڕانێکی وجودی و نەوعی گەورەی تێدا بەدی ئەکرێ، بە کورتی ئەدەبی هاوچەرخی کوردی مانیفێستێکی دیکەی زمان و هاواری جەستەمان بۆ بەیان دەکات و ژانی لەش و کۆژانی جەستە دەبنە ئەو پنتەی نوسەران بەدیدێکی نوێوە لەم پرسە تاریکە بڕوانن. ئارام کاکەی فەلاح بە بڵاوکردنەوەی دوا ڕۆمانی شەربەتی ترس دەبێتە نووسەرێکی دیکە لەبەرگریکارانی جەستە و بەتایبەت جەستەی ژن، بێگومان ئەم ڕۆمانە باسکردنی چەند تەوەرێکی گرنگ و هاچەرخە، بەڵام ئەوەی لە لای من پڕ بایەخە ئەو بەشەیەتی کە گەڕاندنەوەی حورمەتە بۆ جەستە، گەڕاندنەوەی لەشی منە بۆ خۆم، وەک چۆن ئاسەواری دزراوی وڵاتێک دەهێنرێتەوە بۆ شانشینی ڕاستەقینەی هەمانشێوە شەربەتی ترس گەڕانەوەی جەستەیە بۆ خاوەنی ڕاستەقینەی خۆی.
لەباربردنی منداڵ و دروستکردنی قاوشی ژمارە سیانزە بە نهێنی لە کلینیکێکی منداڵبووندا بۆ لەناوبردنی منداڵ بە خواستی دایک لە ژێر فشاری ناوەکی وجودیدا، ئەمە ئەو پەیامەیە کە ئارام کاکەی فەلاح لەم ڕۆمانەیدا پێمان ڕادەگەیەنێت و یەکێکە لە هەڵوێستە مرۆڤدۆستانەی نووسەر بۆ خواستی ڕۆحی و بڕیاری عەقڵانی ئافرەت کاتێک ناخوازێت مرۆڤێک بهێنێتە دنیاوە ڕوناکی ژیانی پێنابەخشێت، من ناچمە نێو ئەو مەعمەعەیەی ئایا ئەم کارە تاوانە یاخود نا؟، ئایا ئەمە خواستێکی دوور لە یاسایە یاخود نا؟ ئایا نەریت ئەم حاڵەتەی پێهەرس دەکرێ یاخود نا؟بەڵکو ئەوخاڵە شوێنی سەرنجمە کاتێک ژنێک ناخوازێت و نایەوێت منداڵێک بەهێنێتە گەردونەوە و بۆچی لەژێر هەڕەشەی مێرد، باوک، نەرێتی کۆمەڵایەتی ئەم کارە بکات، لەبەرئەوە نووسەر لەڕێی کاراکتەری (دکتۆرە نازەنین)ەوە پێماندەڵێت ئافرەتان ئیدی ئێوە ئازادبن، ژنان ئێوە چیتر لە ژێر هەر باودۆخێکدا بن و نەخوازن بوونەوەرێک تێکەڵی هەواری ژیان بکەن ئەوا مەیکەن و لەو پێناوەشدا بجەنگن و لێرەوە لەم ولادەیەوە ببنەوە خاوەنی جەستەی دزراوتان، بەڵی ببنەوە خاوەنی بڕیار لەسەر لەشتان، حاکمی خۆتان بن، بنیاتنانی ژوری ژمارە سیانزە بۆ لەناوبردنی منداڵ، ئەگەرچی ژوورێکی پڕ تەلیسم و مەترسییە، بەڵام ژوورێکی گرنگیشە بۆ ئەو ژنانەی بەهەر هۆیەک بێت نایانەوێت ببنە دایکی منداڵێکی سیابەخت و چارەنووسێک، نووسەر پێماندەڵێت ئەم ژوورە ژووری گەڕاندنەوەی جەستەی دزراوی ژنە بۆ خۆی کە لەمێژا دەبوو بسەندرێتەوە.
پیاو و جیاوازی
ئەوەی لەم دەقەدا دەیخوێنینەوە مانیفێستی دوو جۆرە لە کائینی پیاوە، دوو تەرز لەنێر لە دنیایەکی هاوبەشدا (جەللاد/ میهرەبان)، (درندە/ مرۆڤدۆست)، ئەو دوو وێنەیەیە کە لەم تێکستەدا دەستوپەجەی لەتەکدا نەرم دەکەین لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە تا کۆتایی لە ململانێیەکی قورسدان، نازدار کە بە (مەحبوبە)ش بانگدەکرێ خاوەنی سێ زڕبرای ناجۆر و ناچیزە، بە کورتی چیرۆکی نازدار بەم جۆرەیە: کاتێک منداڵ بووە بە ڕوداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆ دایک و باوکی بەیەکجار لەدەست دەدات و تەنیا خۆی ڕزگاری دەبێت و کەسێکی دیکە ئەرکی بەخێوکردنی ئەم منداڵە لە ئەستۆ دەگرێت واتە باوکی دووەمی کەسێکی زۆر میهرەبان دەست و دڵئاسمانییە، بەڵام مخابن خاوەنی سێ کوڕە، سێ کوڕی تەواو بێشەرم و هەڵپەرست و بێشکۆ، تەواوی هەوڵ و چاڵاکی خۆیان دەخەنەکار بۆ شکاندنی هەیبەتی زڕخۆشکەکەیان بە هەموو شێوەیەک دژایەتی دەکەن و سەردەخەنە سەری و بە بەردەوامی لە مرۆڤبوونی بخەن، لەولاوە وێنەیەکی دیکەی پیاومان هەیە کە کەسایەتییەکی بەخشندەی وەک (مام کامەران) کە خاوەنی کلینیکی مناڵبوونەکە و کەسێکی ئێجگار دەست و دڵکراوەیە و بەتایبەت جۆری مامەڵەی لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئەو کلینیکە کە دکتۆرە نازەنین و بە گشتی سەرجەم کارمەدانی ئەو دەستگایە، پەیامی نووسەر دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کائینی پیاو یەک جۆر و یەک وێنە نین بەڵکو زیاد لە دنیایەکی پیاوان هەیە  و هەڵەیەکی وجودی دەکەین تەواوی مەعشەری نێران بخزێنینە یەک کڵێشەی ڕزیوەوە و وەک بەرەی دوژمن دژ بەبەها قەشەنگەکان نانوسییان بکەین، نەخێر پیاوگەلی ئیجگار جوان و میهرەبان هەیە کە دەتوانن پردی زێڕین لە نێوان ڕەگەزەکاندا بخوڵقێنن، ئەم دەقە پێمان دەڵێت پیاوان تەنیا ئەو قاڵۆنچە سێکسییە نین کە لەتێزەی ئیسلامییەکاندا سەرشارە و هاوڕێ لەگەڵ زۆرینەی ڕێکخراوەکانی ژنان و بزافە فێمێنیستەکاندا لە هەمان خاڵدا کۆکن، یاخود ئەو دڕندە و بێشەرمەش نین یاخود ئەو جانەوەرە ناشارستانییە نین کە ماڵێک لە نوسەران و لایەنگرانی بەرەی ئافرەتان وێنای دەکەن، بەڵکو بەپێچەوانەوە دنیا هەڵگری پیاوی بەخشەر و مافپەروەر و مرۆڤدۆستیشە کە لەم ڕۆمانەدا لەزیاد لەشوێنێکدا دەیخوێنینەوە.
ترس وەک دەق
وەک چۆن لەڕۆمانی (تاوان و سزا)ی دۆستۆیڤسکیدا بەدرێژایی تەواوی ئەو دەقە مەزنە هەست بە ترس و پەشیمانی و قەلەقی و تاوان دەکەین و لەگەڵ ڕاستکۆلینکوفدا هەستەکانمان دەگۆڕینەوە، لەم ڕۆمانەشدا بەدرێژایی ۱۳۷ لاپەڕە ترس دەخوێنینەوە، ترس لە زڕبرا دڕندەکان، ترس لەکوشتن، ترس لە تەنهایی، ترس لە بێحاڵ و ماڵی، بۆیە نووسەر سەرکەوتوانە توانیویەتی پەردەی ڕەشی ترس بدات بەسەر تێکستەکەدا، هەر لەسەرەتای ڕۆمانەکەشەوە بەم ڕستە ژەهراوی و تاریکە دەستپێەکات (دکتۆرە نازەنین واخەریکە دەمکوژن...) نووسەری ڕۆمان دەبێت بتوانێت هەم ناونیشانی ڕۆمانەکە ئاوێنەی دەقەکەی بێت هەم بتوانێت ئەوەی مەبەستێتی لە هەناوی دەقەکەدا بە وەرگری بگەیەنێت، ئەم دەقەش لە هەدرووخاڵدا سەرکەوتوو بووە، وا لەخوێنەر بکات پێ بەپێ لەگەڵ رووداوەکاندا بڕوات و بە زمانێکی تایبەت و دور لەئاڵۆزی ئامانجی دەق بپێکێت، بۆیە زمان لەم دەقەدا دورە لەئاڵۆزی و بەپێچەوانەوە خوێنەر سەرۆکاری لەگەڵ زمانێکی سادەی ئەدەبیدا هەیە و ئەمەش وادەکات گورج تێکەڵ بە ڕووداوەکان ببێت و وێنەیەکی گشتیشی  لەمەڕ بەدەقاندنی ترس لەلا گەڵاڵە ببێت.




هەواڵی زیاتر

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved