10/4/2020 05:46 PM

نووسەرێکی دیکەی دیکە

قاسم تاباک
سەید قادر هیدایەتی، نووسەر و ڕۆماننووس، ساڵی 2003 یەکەم کتێبی بە نێوی (دەنگی ‌نوختە) چاپ دەکا. پێش چاپی ئەو کتێبە یەکەم ئەزموونەکانی وەکوو چیرۆک و وتار، لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی دەیەی حەفتای هەتاوی (ساڵانی نەوەتەکانی زایینی) دا بڵاوکردووەتەوە. نۆڤلێتی (دەنگی ‌نوختە) بەرهەمێکی بە تەواوی ئەزموونی و بزۆز و تەکنیکی بوو کە زۆرتر لە ئەدەبی خەیاڵی‌ و چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان نزیکە و بە نیسبەت شێوازێکی دژواری چیرۆکنووسی کە ئەودەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوبوو، وەک خاڵێکی وەرسووڕان و مەوداگرتن لەو شێوازە نووسینە دێتە ئەژمار. ڕەهبەر مەحموودزادە لە وتارێکدا بەنێوی (دەنگی ‌نوختە واریاسیۆنی فۆرمی هیچ) دەنووسێ: "گێڕانەوەی دەنگی ‌نوختە لە زۆر شوێندا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەکا کە بەدەر لە ڕێکخستنی ڕیتم و فۆرم، نیازی بە دەستەوەدانی هیچ چەشنە زانیارییەکی تایبەت لە گۆڕێدا نییە."
 سەید قادر هیدایەتی دوای دەنگی‌ نوختە، چەندین کورتە چیرۆک دەنووسێ و هەروەها کۆمەڵێک وتار و ڕەخنە لەسەر ئەدەبی داستانی، لە حەوتەنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا بڵاودەکاتەوە.
دواتر لە ساڵی 2011 ڕۆمانی (تۆقی ‌عەزازیل) چاپ دەکا. ئەو ڕۆمانە تا ئێستا دوو جار چاپ کراوەتەوە و چەندین ڕەخنەی لەسەر نووسراوە و دەنگدانەوەی باشی هەبووە. ڕۆمانەکە لە خانەقا و بە زمان و لەحنی موریدێکی خانەقاوە نووسراوە. عەزیز مەحموودپوور لە وتارێکدا بە نێوی (تۆقی عەزازیل؛ چیرۆکی داڕمان و تێهەڵچوونەوە) دەنووسێ: " ئەوەی لە ڕۆمانی تۆقی عەزازیلدا لە هەموو شت بەرچاوترە، گێڕانەوە و بەتایبەت زمانی گێڕانەوەیە. زمانێک کە نوێنەری ئەو دنیا جادوویی و ڕەمزاوییەیە و لە هەمان کاتیشدا پێکهاتەیەکی نوێی زمانییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دنیا ئایینی و فەزا مێتافیزیکییە. زمان لەم ڕۆمانەدا ماکی سەرەکی و خاڵێکی پڕ ڕەنگامەیە بۆ دووان و شرۆڤەکردن... ئەوەی کە زمانی تۆقی ‌عەزازیلی زەق کردووەتەوە، ئەو پارادۆکسە زمانییەیە کە لە ناخی ڕۆمانەکەدایە... یانی لە ئامیانێکی بە ڕواڵەت سوننەتی کەڵک وەرگیراوە بۆ گێڕانەوەیەکی مۆدێرن و سەیرتر لەو، ڕۆنانی زمانێکی مۆدێرن."...

 دواتر سەید قادر هیدایەتی لە ساڵی 2015 ڕۆمانی (گابۆڕ) چاپ دەکا. ڕۆمانی گابۆڕ پێشوازییەکی باشی لەلایەن خوێنەر و ڕەخنەگرانەوە لێ کرا و تا ئێستا سێ جار چاپ کراوەتەوە. چەند کۆڕ و کۆبوونەوەی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات بۆ گیراوە و زۆر وتار و ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی لەسەر نووسراوە. زۆربەی وتارەکان وەکوو وتاری دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە و عەلی غوڵامعەلی و ڕەزا عەلی‌پوور و دکتۆر بەختیار سەججادی و  لەیلا ساڵحی... ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو ڕۆمانە بەرهەمێکی بەهێز و جێگای سەرنج و شایانی خوێندنەوەیە. نەشری خانی و گوتار، بەو زووانە هەڵبژاردەیەک لەو وتارانەی لەسەری نووسراون، بڵاودەکەنەوە.

 ڕەزا عەلی‌پوور لە وتاری (لۆژیکی مەیل لە کەمپەوە بۆ گیلگەمێش) دەڵێ: " ڕۆمانی گابۆڕ، لەو دەقانەیە کە گوڵشیری گوتەنی، خەریکی شایەتیدانە لەسەر زەمانە و بەرەیەک کە لە پەڕاوێزەکانی کەشی میلیتاری و شەڕ و ئاوارەییدا گەلێک لە خەون و ترس و ڕەنجەکانی بزر کراون."
عەلی غوڵامعەلی لە وتاری (سێبەری زیندووی نووسیندا) دەڵێ: "هەر چۆنێك باسی ئەم ڕۆمانە بكەین، ئەو نییە و نهێنیویستیی نووسەر زۆرتر ئاشكرا دەكات. یادداشتەكانی من بە پێچەوانەی ویستم، ڕەنگە تەنیا توانیبێتیان ئەم دەقە بەرزەیان لێڵ كردبێ! بەڵام گابۆڕ لە ڕۆمانی كوردیدا، بێگومان، دەنگێكی شاز و ناوازەیە و من سێبەری زۆر نهێنیم تێدا بینیوە كە لە تەنیایی و منداڵی و ئارەزووی زۆر كەسایەتیی كوردیدا سێبەرێكی زیندوون."

 دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە  لە وتارێکدا کە لە مەهاباد چاپ کرا، ئاوا سەبارەت بەو ڕۆمانە دەدوێ: "نووسەری گابۆڕ کە پێشتر بە نۆڤلێتی دەنگی‌ نوختە، پێی نابووە ناو دونیای گێڕانەوەی کوردییەوە، بە بڵاوکردنەوەی دوو ڕۆمانی‌ تۆقی ‌عەزازیل و گابۆڕ، بۆ هەمیشە ناوی خۆی بردە نێو ناوە دیارەکانی ڕۆمانی کوردییەوە. گابۆڕ بە زمانە پاراو و کاراکتێرە خۆش ‌داڕێژراوەکانییەوە، بە زمانە سیمبۆلی و هێما ئالیگۆرییەکانییەوە، بە دیالۆگە ڕەسەن و سەرکەوتووەکانییەوە، بە داهێنان و نوێکارییەکانی گێڕانەوەکەیەوە، بڕگەیەک لە بیر و هزر و کەسایەتیی کۆمەڵگەی کوردی لە دوا ساڵەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستویەکەمدا بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە. دەنگی ناخۆش و ترسناکی گابۆڕ گوزارەیەکی تێروتەسەلە لە فەزای لێڵی بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردی. خوێنەری گابۆڕ ناتوانێ بە هەبوونی قەڵەمی توانای لەم چەشنە لە ئەدەبی کوردیدا، سەرسام نەبێت و سپاسی نووسەرەکەی نەکات بۆ داهێنانێکی ئاوا جوان و ئاوا پێویست."

چەند نموونەیەک لە نووسینی سەیدقادر هیدایەتی:

1

" من سەگی بەرپێی ئەو زاتە، حه‌دی ئه‌وه‌م نییه ‌ئه‌م به‌سه‌رهاته‌‌ بگێڕمه‌وه‌. گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهات و ژیننامه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و مەشایه‌خه (ڕوح و گیانم به‌ فیدایان) بۆ منی ئۆمیی بێسه‌روزمانی خاکه‌ساری ڕووڕه‌شی بێپه‌نا و ‎پشتیوان نابێ. من نابێ پێ له به‌ڕه‌ی خۆم زیاتر ڕاكێشم و نابێ تاوانی قورسی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ بێنمه‌ ئه‌ستۆی خۆم. له‌به‌ر پیرۆزی و گه‌وره‌یی حه‌زره‌تی خاوه‌نشکۆ گه‌وره‌ و پێشه‌وای ئەولیا، به‌روبۆی دڵی مشایه‌خ، جگه‌رگۆشه‌ی حه‌زره‌تی‎ غه‌وس، پێشه‌وای عارفانی عه‌وداڵ، سه‌رباشقه‌ی ده‌روێشانی نێودار، مه‌له‌وانی به‌حری حه‌قیقه‌ت، ڕووناکایی ڕێبازی حه‌مدوونی‌، کۆڵه‌که‌ی دین و ئایین، سه‌روه‌رم حه‌زره‌تی شێخ ‎باپیر، کوڕی شێخ‎ زورار کوڕی شێخ‎ مه‌زیدی ‎کوردی کوڕی ئه‌بووعه‌لی‎ کوردی له‌ تۆره‌مه‌ی شێحه‌مدوونی گه‌وره‌ (به‌ سه‌ده‌قه‌ی سه‌ریان بم) که‌س زاتی نییه ‌باسیان بکا، یان به‌ ڕابردوویاندا بگه‌ڕێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت که‌س ناوێرێ قامکی به‌ره‌و به‌رزه‌جێ و مه‌زنەماڵێكی وه‌ک ته‌کیه‌ی حه‌زره‌تی شێحه‌مدوون (خودا شەره‌ف و شکۆی هه‌ر پایه‌دار و به‌رده‌وام بکا) ڕادێرێ و بڵێ ئه‌و ته‌کیه‌یه‌‌ هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ڵافه‌ت و شێوازه‌ی وەستا خەسرەو داینابوو، وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه.

   کێ زاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌نده‌ له‌و باره‌گا نوورانییه ‌بکۆڵێته‌وه‌‌ و بڵێ ئه‌و نما و ڕواڵه‌ته‌ی ئێستا هه‌یه‌تی، ده‌سكاری وەستا خەسرەوه‌. کێ ده‌توانێ به‌ بنجوبناوانی ئه‌و باسه‌دا بڕواته‌ خوارێ و بڵێ وه‌ستا خه‌ڵکی شاری کرماشان بوو. له‌ دانانه‌وه‌ و چاککردنه‌وه‌ی مزگه‌وت و دووکان و بازاڕه‌ کۆنه‌کان له‌سه‌ر شێوازی پێشووی خۆیان پسپۆڕ و لێهاتوو بوو. ئه‌و ڕۆژگاری بەده‌م پینه‌وپه‌ڕۆی نمای قه‌یسه‌ری و مزگه‌وت و حه‌مامه‌ کۆنه‌کانه‌وه‌ تێپه‌ڕ ده‌کرد‌. من ناوێرم ئه‌و سووڕ و نهێنییه ‌ئاشکرا بکه‌م که‌ له‌مێژ بوو دڵی ئاوێنه‌‎ئاسای سه‌روه‌رم حه‌زره‌تی ‎‎شێخ ‎باپیر (به‌ قوربانی دڵی بێگه‌ردی بم)، له‌ بۆسه‌ی وه‌ستایه‌کی وه‌ک وەستاخەسرەودا بوو.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌س حه‌دی ئه‌وه‌ی نییه ‌به‌ره‌و سه‌رچاوه‌ی خۆشه‌ویستی و مه‌زنەماڵێکی وه‌ک ته‌کیه‌ی حه‌زره‌تی شێحه‌مدوون‌ قامک ڕادێرێ، که‌سیش بۆی نییه‌ کاری به‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌وه‌ بێ و بڵێ ڕۆژێک له‌ ڕۆژان له‌ سای هه‌ناسه‌ی هه‌موو مەشایه‌خ و تیرێژی چاوی ئه‌ستێره‌ی گه‌شی دڵبێداران، گڵۆپی دیوی خاوه‌ن‎ دڵان حه‌زره‌تی شێخ ‎‎باپیره‌وه‌ له‌پڕێکدا خشتێکی گومبه‌زی قه‌یسه‌ریی نێوبازاڕی کرماشان به‌ربۆوه‌‌. به‌دوای ئه‌ویشدا بیست ‌سی خشتی دیکه‌ش به‌ر‌بوونه‌وه‌. به‌ ئیراده‌ی خودا و ئاماژه‌ی خۆرئاسای ئه‌ولیا‌ بازاڕ به‌سه‌ر یه‌کدا ‌شێوا و له‌دوای ئه‌و ڕووداوه‌وه‌ که‌س نه‌یوێرا ڕوو له‌وێ بکاته‌وه‌ و قه‌یسه‌ری ته‌خته‌ ‌کرا...."


تۆقی عەزازیل ل 1ـ2 ؛ چاپی دووهەم؛ نەشری گوتار 2015

***
 2
کوتم ئەوە چییە؟ دادەی؟ چا ئەو کابرا سەیرە!
دانەوییەوە لاپەڕەکەی ھەڵگرتەوە. لاپەڕەکە چرچولۆچ ببوو، جوان دیاربوو شۆرمەزەی تێدا خوراوە.
بەڵام کەلیمەکانی ھەر دەخوێندرانەوە.

کوتم ئەوە چین، ئەو کەلیمە سەیرانە؟ دادەی...
بە زمانی فارسی نەبوو. بەڵام ئەو دەیتوانی بیخوێنێتەوە.
کوتم پا...ڵە...وان...فس...فس؟؟ ئاااا؟؟! پاڵەوان فس‌فس چییە؟ ئەو کابرایە پاڵەوان فس‌فسە! هەتی خۆ دەزانم بیخوێنمەوە...
پێی سەیر بوو. ھەستێکی سەیری بەرانبەر بەو کەلیمانە ھەبوو.
کوتم وەکوو ئەو فارسییە نەدەچوو کە لە مەدرەسە زۆرم دە‌خوێند و کەمی لێ ‌حاڵی دەبووم.
کوتم ھە..بوو ... نەبوو ... کاب...را ... یەک... بوو... دوو... ژنی ... ھەبوو ... ئەو...کابرایە... زۆر ترسە...نۆک و...بێ دەستە...ڵات...بوو...
وەختایەک بە لەقەلەق و پتەپت کەلیمەیەکی ساغ دەکردەوە، شیرنا‌ییەکی سەیر لە دەمارەکانی گەڕا؛ ڕووناکییەک لە چاوەکانیەوە ئاوقای مێشک و دڵی بوو.
شیرنایی و ڕووناکایی.
كوتم زۆر دواتر زانیم کە ئەوە شیرنایی و ڕووناکایی زمانی خۆم بوو لە دەروونمدا ئاوێتەی یەک دەبوون.
ئەوە یەکەمجار بوو بە چاو زمانی خۆی دەدی. ئەو تا ئەودەم تەنیا بە گوێ زمانی خۆی بیستبوو.
کوتم ئەوە یەکەمجار بوو زمانی خۆم دەدی.
زمانی خۆی چەندە ئاسان بوو، زمانی خۆی چەندە پێ خۆش بوو!
کوتم من دەزانم.
کوتم من کوردی دەزانم.
بە ھەڵاتن ڕۆیشتەوە ژوورێ. لە خۆشیان زمانی نەدەهاتە گۆ.
کوتم دایە وەرە شتێکی سەیر!
کوتی چییە ڕۆڵە!
کوتم وەرە بە خودا من... دەزانم بخوێنمەوە!
کوتی چی دەزانی بخوێنییەوە.
کوتم زمانی کوردی.
کوتی دادەی.
کوتم ھەبوو... نەبوو... کابرایەک... بوو... دوو ژنی... ھەبوو...
دایکی گورجێک زمانی خۆی گەست.
کوتی دا بێنە بزانم ئەیەڕۆ ئەوەت لە کوێ وەگیر کەوتووە؟
كوتم نا نا. درۆم كرد. هەو نییە.
كوتی دا بێنە، زمان درۆ ناكا.
لاپەڕەکەی لێ وەرگرت و لە بەرچاوی خۆی دڕاندی.
کوتی لای کەس دەنگ نەکەی! زمانت نەگەڕێ ها! بەدبەخت دەبین! نەڵێی شتێکی وام دیوە.
کوتی بێتوو زمان لێگەڕێ سەر سڵامەتە.
کوتی خاڵە جەحفەرت زمانی نەسرەوت و بە چوار پێنج لەتە کاغەزی ئاوا بەدبەخت بوو.
كوتی سەدان کەس لەسەر زمانیان تێداچوون.
كوتی باوکت بزانێ خەریكی شتی وای، زمانی هەردووكمان لە بندا دەردێنێ.
زمان ئامانە!
ئەوە قسەی ھەمیشەیی دایکی بوو کە دەیکوت بێتاوان بوو.
کوتی تەنیا گوناحی جەحفەر چوار کوتە کاغەزی زمانی کوردی بوو.

ل 95 ـ97 چاپی سێهەم نەشری خانی و گوتار 2017


***
3
ماسیگرێک

زۆر خۆشحاڵم لە نێو هەموو ماسیگرەکاندا ئەو دەرفەتە بە من دراوە لەگەڵ خوێنەران بدوێم. پێموایە بەختەوەرییەکی زۆر گەورەیە و ڕێوی بە پیرمەوە هاتووە.
من پیاوێکی دەستەی چوارشانەی سوورکارم. تەمەنم سی و دوو ساڵ و شەش مانگ و حەڤدە ڕۆژە. ڕاست لەو مانگەدا لەدایک بووم کە ژومارە سەد و پەنجا و دووی گۆڤاری خاووخێزان لە لاپەڕەی حەفتاوچواریدا نووسیبووی "ئەوانەی لەو مانگەدا لەدایک دەبن گۆشەگیر و لەناوخۆدان، کەمتر سفرەی دڵیان هەڵدەڕێژن. پێیان خۆشە گرفتەکانی خۆیان بە دەستی خۆیان بکەنەوە. زۆر هەوڵ دەدەن و سەبارەت بە داهاتوو گەشبینن."

نێوی خۆم شتێکی دیکەیە، بەڵام چونکوو لە منداڵییەوە زگماک شەش قامکم هەیە شتێکی دیکەم پێ دەڵێن. لەو دنیایەدا ئۆگریم بە جگەرەکێشان و ڕاوە ماسییەوە هەیە. ڕاوە ماسی بێجگە لەوەی پووڵیشی تێدایە، سەرقاڵییەکی زۆر باشە بۆ من. توولەیەکی قاوەیی هەمیشە بە دوامەوەیە و زۆرم خۆشدەوێ....

ماسیگرێکی دیکە

دەزانم بۆ ئەوەی کەس لێی تێکنەچێ کە من قەت بە تۆڕ ماسی ناگرم، ئەو دیکەیان بۆ من داناوە. هەرچەن ئەو دیکەیەم زۆر پێ خۆش نییە. چونکە من خۆم بە ماسیگر دەزانم و خۆم بە ماسیگرێکی دیکە نازانم. ڕەنگە ماسیگرێکی دیکە ئەو پیاوە بێ وا لەسەرووی منەوە بە تۆڕ ڕاو دەکا. ئیشتیام لێ بێ، دەتوانم فوویەکی لێ بکەم و ئەو دیکەیە لە پێش دەمی خۆم لابەم و ببمە ماسیگرێک. ئاخر من زۆر بەقەوەتم، یانی ئەوەندە بەقەوەتم دەتوانم مانگێکی ڕەبەق تەنیا باسی بەقەوەتیی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە....

ماسیگرێکی دیکەی دیکە:

 ڕاستە من ماسیگرم، بەڵام ئەوەندەم چیرۆک خوێندۆتەوە، کە بزانم ئێرە بۆ ئەوە نابێ نێو و شۆرەتی خۆم بڵێم و جارێ سەعاتێک بە شاخ ‌و باڵی خۆمدا هەڵبڵێم. بڵێم لە فڵان جێگا لەدایک بووم و فڵان ساڵ هاتوومە دنیاوە و وەختی ئێوە بە زۆر شتی زیادەوە بگرم. من باوەڕم بە چڕوپڕگوتن هەیە و خۆشیم لە درێژدادڕی نایە. بۆیە پێم دەڵێن ماسیگرێکی دیکەی دیکە. دەزانم لێرەدا چی پێویستە و چی نابێ بگوترێ. دەزانم جگە لەو شتانەی بۆتان دەگێڕمەوە، هەر شتێکی دیکە بڵێم زیادییە و بەکاری ئەوە نایە گوێی بۆ ڕاگرن. توانایی ئەوەشم هەیە لەخۆوە بەسەرهاتەکە لەبەریەک بکێشمەوە، بێ ئەوەی بێڵم بپچڕێ هەر کێشی دەم و کێشی دەم. بەڵام وەختایەک دەزانم لە سەرەتای ئەم بەشەدا مقەستێک و لە کۆتاییەکەشی‌ مقەستێک دانراوە و خوێنەر دەتوانێ هەموو، یان هێندێک لە قسەکانی من بقرتێنێ و تووڕیان هەڵدا، لەخۆوە مەجبوور نیم زاری خۆم شل کەم و بە دەستی خۆم بێحورمەتی بە قسەکانی خۆم بکەم. ناحەقیان نەبوو ئەوانەی گوتیان: "کەمیش زۆرە." ئەو هاوارەیان کاتێک لێ هەستا، دەیاندیت سەری وشەکانیان کۆگا کۆگا دەکەوێتە بەینی دوو مقەستەوە..."

نۆڤلێتی دەنگی ‌نوختە؛ بەشێک لە بەینی دوو مقەستدا؛ نەشری پیام امروز 2003




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved