11/4/2020 02:10 PM

ئیتالۆ کالڤینۆ

ئیتالۆ کالڤینۆ ساڵی 1923 لە وڵاتی کووبا لەدایکبووە. لەتەمەنی 18 ساڵاندا کۆچ ئەکەن بۆ شاری "تۆرین"ـی ئیتاڵیا. لە 1943ـدا تێکەڵاو بە بزووتنەوەی خەباتی ئیتاڵیا ئەبێت و پاشان ئەچێتە ناو ریزەکانی حزبی کۆمۆنیستی ئیتاڵیاوە.
کالڤینۆ لەماوەی ژیانی ئەدەبیدا خۆیدا چەندین ژانری تاقی کردەوە، هەر لە رۆمانەوە هەتا کۆرتەچیرۆک و وتاری زانستی. تایبەتمەندی سەرەکی نووسراوەکانی ئەو لە هەر ژانرێکدا بووبێت لەڕاستیدا "کالڤینۆیی" بوونە، چونکە شێوازی نووسینەکەی تایبەتە بەخۆی.
کالڤینۆ نووسەرێکی داهێنەرە. داهێنانی ئەو لەبواری گێڕانەوەدا بەڕاستی جێی سەرنج و تێڕامانە. رۆلان بارت، ئەو و بۆرخێس بە دوو هێڵی هاوتەریبی ئەدەبیاتی پۆست مۆدێرن دەهێنێتە ئەژمار. دەسپێکە کاریگەر و سەیروسەمەرەکەی کتێبی "شەوێک لە شەوەکانی زستان، موسافیرێک" ئەوەمان پێدەڵێ کە ئەم نووسەرە دەسەڵاتێکی یەکجار زۆری بەسەر شێوازەکانی گێڕانەوەی مۆدێرندا هەیە.
سێ کتێبی "ڤیکێنتی دوو لەت کراو"، "شۆوالییەی نادیار" و "بارۆنی سەردارەکان"، لووتکەی داهێنانی ئەم نووسەرەن. "ئۆمبێرتۆ ئێکۆ"ـی فەیلەسووف و بیرمەندی بواری رەخنەی ئەدەبی لای وایە کارەکتەری سەرەکی رۆمانی "بارۆنی سەردارەکان" یەکێکە لە کلیلە گرنگەکان بۆ تێگەیشتن لە بەرپرسایەتی رۆشنبیران و هەمووان هان دەدا بۆ خوێندنەوەی بەرهەمەکانی کالڤینۆ.
کالڤینۆ ساڵی 1981 خەڵاتی "شانازی فەرەنسا"ـی پێبەخشرا و چوار ساڵ دواتر بەهۆی خوێنبەربوونی مێشک لە "سیەنا"ـی ئیتاڵیا کۆچی دوایی کرد.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved