12/4/2020 02:57 PM

ئەشکەوتی کەرەفتوو

ئەشکەوتی کەرەفتوو، یەکێک لە بەرھەمە مەزنەکانی تەلارسازیی بەردییە کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سێھەمی زایینی. ئەم ئەشکەوتە مێژووییە لە مەوداری 75 کیلۆمەتری نێوان دووشاری سەقز و دیواندەرە ھەڵکەوتووە. نزدیکترین گوند بەم ئەشکەوتە گوندی "میرسەعیە" کە لە باکووری رۆژھەڵاتی ئەشەکەوتەکە ھەڵکەوتووە. ڕێگەی سەرەکەی بۆ ئەم ئەشکەوتە لە جادەی تیکابەوە دەڕوات. ڕێگاکە سەرەتا بە تێپەڕاندنی ھەرێمێک بە ناو گۆڕباوەلێ دەست پی دەکات وە دواتر دەگاتە گوندی یوزباشکەندی و پاش دەرچوون لەم گوندە و تێپەڕاندنی 3 کیلۆمەتر دەگاتە ئەشەکەوتەکە.
لە سەر دیواری ھەندێک لە ژوورەکان و ڕاڕەوەکان، نەخش و نیگارگەلێک لە ئاژەڵان و گژ و گیا بەرچاو دەکەون. لە سەردەرانی درگای یەکێک لە ژوورەکان بە خەتی یۆنانی نووسراوەیەک لە بەرد ھەڵکەندراوە، لەم نووسینەدا یادی خودایەک بە نێوی ھێراکلۆس کراوە، ھەر بەم بۆنەوە مێژوونووسانی کۆن لە کتێبەکانیاندا ناوی ئەم ئەشکەوتەیان بە پەرەستگای خودای یۆنانی ھێناوە. لەم نووسراوەدا ھاتوە:
« ئەم ماڵە ماڵی ھێراکلۆسە، ھەر کەس پێ لەو ماڵە بنێ پەنا ئەدرێت. »
لە زۆر شوێنی ناو ئەشکەوتەکە ئاو بەرچاو دەکەوێت بەڵام کەمە و هاوشێوەی گۆلاوی پاش بارانە. ھەروەھا زۆر جێگای سەقفی ئەشکەوتەکە دڵۆپە دەکەن. لە ڕابردوودا بە ھۆی نیشتەجێ بوونی ھۆزی جۆربەجۆر ئاڵوگۆڕ و دەستکاری لە ئەشکەوتەکە بەدی ھاتووە و ڕێگا و داڵانی تێدا درووست کراون. بەرزایی ئەو درگایەی پێیدا دەچنە ژوورەوە 20 تا 25 مەتر لە ئاستی زەوییەوە بەرزە کە بەم ھۆیەوە لە ڕابردوودا ڕێگەی چوونە ژوور زۆر زەحمەت بووە.
ھەبوونی ئەم نووسراوە بووەتە ھۆی ئەوەی کە ھەندێک پێیان وایە دەبێ ئەشکەوتی کەرەفتوو ماوەیەک بە شێوەی کاتی جێگای دانیشتن و حاوانەوەی سەلوکییەکان ( میراتگر وجێگرەوەکانی ئەسکەندەر مەقدوونی ) بووبێت کە دوای سەرکەوتنەکانی مێھردادی دووەمی ئەشکانی بەرەو ڕۆژئاوای ئێران ڕۆیشتوون.
درێژایی ئەشکەوتەکە نزیکەی 750 مەترە کە ئەو مەودایە دەیان پێچ و کەلێن و قوژبنی لێ دەبێتەوە. ھەروەھا ڕەھەندگەلی جۆربەجۆری لێ جیا دەبێتەوە و ھەر بەم ھۆیە تاکو ئێستا ھیچ کەس نەیتوانیوە بە تەواوی سەر و بنی ئەم ھەموو کەلێن و قوژبنە بەرێتەوە سەر یەک و خەریتە و نەخشەیەکی لێ ئامادە بکات.
تا ئێستا کەس نەیتوانیوە بگاتە کۆتایی ئەم کەلێن و قوژبنانەی ئەشکەوتەکە، کە ئەمە بۆ خۆی بوەتە ھۆی ئەوە کە ئەفسانە و چیرۆک گەلێکی زۆر لەم ناوچەدا بکەوێتە سەر زاران و تەنانەت ئەم خاڵە لە نووسراوەکانی نووسرانی ناوچەی سەقزدا ڕەنگی داوەتە و لەم بوارەدا دەیان چیرۆک و بەسەرھات تۆمار کراوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved