13/4/2020 03:11 PM

شەرەفنامە

شەرەفنامە کە لە وەرگێڕانەکەیدا ناونیشانی "مێژووی ماڵەمیرانی کوردستان"ـی دراوەتێ، کتێبی بە ناوبانگی مێژوویی کوردە کە بە زمانی فارسی، بە دەستی مێژوونوسی کورد، (میر شەرەفخانی بەدلیسی) نووسراوە. شەرەفنامە سەرچاوەی سەرەکی و چڕوپڕی مێژووی خەڵکی کورد و کوردستانە کە شەرەفخان کاری پێکھێنانی لە ساڵی 1597ـدا و دوو ساڵ پێش مەرگی تەواو کردووە. زۆر دواتر عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی(هەژار) کردوویەتی بە کوردی.
شەرەفنامە لە سێ ڕووپەڕ پێک ھاتوە. ھەریەک لەوانە بەسەر چەند بەندێک و چەند دەستە و لکێکدا دابەشکراون. بە کورتی کتێبەکە بەپێی جۆری فەرمانڕەوایی یان بوونی ماڵەمیران و دەسەڵاتدارنی کورد دابەشکراوە.
شەرەفنامە، لەبەر ئەوەی بە فارسی نوسراوە وەرگێڕدراوەتە سەر زۆر زمانی تر. ھەژار لە پێشەکی وەرگێڕانەکەدا کارێکی کردوە کە وا ئەکات وەرگێڕانەکەی ببێتە دەقێکی زۆر باوەڕپێکراو لە ڕووی وەرگێڕانەوە. ھەندێ زانا و نوسەری بە ناوبانگی کوردی ئاگادار کردۆتەوە و دەستنوسەکەی بۆ ناردوون بۆ ئەوەی سەرنجی بدەن و ھەڵەکانی بۆ دیاری بکەن. یەکێ لەوانە کەمال مەزھەرە کە بە خەتی خۆی لە لاپەڕی 60ـی نوسراوی وەرگێڕانەکەی ھەژاردا ئەڵێ: "لەسەر داوای ھەژار خۆی - گەلێک لە دەستنوسی شەرەفنامە کە - کرددوویەتی بە کوردی - لەگەڵ چاپی ڕووسی و عەرەبی ئەو کتێبەدا بەراوردم کرد. لە ئەنجامدا دەرکەوت کە تەرجەمەکە زۆر ڕێک و پێکو و ئەمینە و لە ھیچ شوێنێکدا جیاوازیم بەرچاو نەکەوت.
تا ئێستا جگە لە زمانی کوردی بە عەرەبی، ئینگلیزی، فەرەنسی، ڕووسی، ئازەری و تورکی وەرگێڕاوەتەوە. لە ساڵی 1873 تا 1875 فرانسوا شارمۆ (François Charmoy) کە خوێندەواری زمانی فارسی بووە، شەرەفنامەی وەرگێڕاوە سەر فەرەنسی و لە سان پترسبۆرگی روسیا لە چاپی داوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved