15/4/2020 02:08 PM

رۆمان وەکوو دەقگەلێکی مودێڕن

عەلی حسەینی
من عەلی حسەینی تا ئێستا وەک دەقی داستانی رۆمانی کەتنگەم بڵاو کردووەتەوە  و رۆمانی نوێیشم بە ناوی سەفەرەکانی شەوبا لە ٢١٠ لاپەڕەدا، هەر وەها وەرگێڕدراوی هەمان رۆمان بە زمانی ئینگلیزی بە ناوی Shewba's trips ئاماەدی چاپ و بڵاوبوونەوەیە.
ئەگەر بمانەوێ لە ژیانی کولتوری و فەرهەنگیی رۆژاوا بکۆڵینەوە بۆمان دەردەکەوێ کە لەم چەند سەدەدا بە ئەندازەی هەموو مێژووی نووسین هەوڵ بۆ خولقاندن دراوە؛ ئەمە رەنگە لەو رووەوە بێت کە چیرۆک و رۆمان وەکوو دەقگەلێکی مودێڕن و روو لە شارستانییەت سەریان هەڵدا. تا بەر لەوە زۆربەی دەقەکان دەگەڕانەوە بۆ حیکایەت و ئەفسانە و شێعر و... هاتنی رێنسانس و ئاڵ و گۆڕی قووڵ لە ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووریی کۆمەڵگادا بووە هۆی ئەوە کە ئەو چەشنە دەقانە ئیترداد نەدەن و پەرەپێدان و گەشەکردنی چیرۆک و رۆمان وەکوو پێویستیگەلێکی حاشا هەڵنەگر خۆ بنوێنن و بوونیان لەو پەڕی پێویستیدا بێت. ئێمە وەکوو کورد کە گەورەترین شانازیمان ئەدەبیاتی زارەکیی تا رادەیەک دەوڵەمەندمانە هێشتا نەمانتوانیوە لەو ئەدەبیاتە زارەکییانە بۆ پەرەپێدانی بوارگەلێکی شارستانییانە لە دەق لە چەشنی چیرۆک و رۆمان و ... کەڵک وەرگرین. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لاوازییە پڕووکێنەرەی کە لە هەر هەموو مێژوودا کورد لەگەڵی رووبەڕوو بووە؛ واتە خۆ چەسپاندن بەشیعرەوە و خۆ مڵاسدان لەو بوارەدا کە هەمیشە وا هەست کراوە ئەگەر لەو بوارە دووری بگیرێت خەسارێک یان شکستێکی ماڵوێرانکەر بەرۆکمان دەگرێ ئەمە لەحاڵێکدایە وا هەست دەکرێ کە راستییەکە پێچەوانەی ئەمە بێت؛ واتە شکستی ئێمە تەنیا و تەنیا لەوەدایە کە هەستمان کردووە تەنیا بە بۆنەی شێعرەوە ماوین. ئەگەر دەمامکەکان بە باشی لابەرین رەنگە بۆمان دەرکەوێ هۆی دواکەوتنمان بێجگە لە چەسپاندنێکی ماڵوێرانکەر و چەقبەستووانە بە شیعرەوە ناتوانێ شتێکی دیکە بێت. ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی شێلگیرانە خۆمان دەربخەین و ئەدەبیاتمان بگوازینەوە بۆ قۆناغێکی شارستانیانە دەبێ تا دەتوانین لە شیعر وەکوو دەقێکی تاکدەنگ و خاڵی لە دیالۆگ خۆمان ببوێرین و روو لە رۆمان و چیرۆک وەکوو دەقگەلێکی چەند دەنگ و پڕ دیالۆگ بکەین ئەوسا دەتوانین بڵێین لە شێوەی نووسینی کلاسیک و خۆڕسک دوور کەوتووینەتەوە و ئەو ئامادەییەمان لە خۆماندا بەرجەستە کردووەتەوە کە هەنگاوگەلێکی بەچاو بەرەو گڵۆبالیزاسیۆن هەڵبگرین و لە پەڕی خۆمان سەردەربێنین. من وەک نووسەرێک ئەگەرچی سەردەمانێکی زۆر بوو وەکوو خوێندەنەوە و چێژ وەرگرتن لەگەڵ دەقە داستانییە رۆژاواییەکان ئاشنا بووم بەڵام سەرەتا بە شیعرەوە دەستم پێکرد. ئەوە بوو دوو دەفتەری شیعرم چاپ کرد و کۆمەڵە شیعرێکیشم لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕا. لەو رووەوەی کە هەستم کرد شیعر ناتوانێ پاڵپشتێکی باش بێت بۆ ژیانی کولتوری و فەرهەنگیی و پێناسەیەکی کوردیی بەهێز، هەوڵم دا قەڵەمی خۆم لە بوارێکی دیکەدا تاقی بکەمەوە. ئەوە بوو پاش نووسینی چەند پەخشان و چیرۆکی کورت دەستم دایە نووسینی رۆمانی کەتنگە و هەوڵم دا لە رێگەی نووسینی ئەو رۆمانەوە ئاستی باوەڕ بە خۆبوون لە خۆمدا ببەمە سەرەوە؛ واتە بتوانم لە شیعر دوور بکەومەوە و خۆم لە دەقگەلی شارستانیانە نیزیک بکەمەوە. گشتێتیی کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ باسی دەق دەکرێ دەکەوێتە بیری شیعر، وەک ئەوەی کە تا ئێستا هیچ چەشنە دەقێکی تاقی نەکردبێتەوە زۆر ساکارانە دەیەوێ بە شێعرەوە شوناسێکی کوێر و بێ پاڵپشت بۆ خۆی پێکەوە بنێ کە رەنگە هیچکات نەتوانێ بە ئەنجامێکی مێژوویی و سەرکەوتوانە بگات. من ئەگەرچی سەردەمانێک شیعر دەستەچیلەی نووسینم بووە وهیچکات لەو باوەڕەشدا نیم کە ئەو تاقیکردنەوەی لە بواری شێعردا کردوومە لە دەقەکانی دەور و بەر کەم هێزتر بێت یان ئاوەکی بوون بە دەقە شێعرییەکانمەوە دیار بێت، هەستم کرد کە دەتوانم پرۆسەی زمان وەک پرۆسەیەکی ئاوەزمەندانە و ئافڕێنەرانە لە بوارێکی تردا تاقی بکەمەوە؛ ئەوە بوو هەوڵم دا کە خوێندنەوەم بە شێوەیەکی چڕ و پڕ لە بواری رۆماندا بەرمە سەرەوە. چیرۆک و رۆمان وەک دەقگەلی مودێڕن خاوەنی کەسایەتیی جۆراوجۆر، گەڵاڵە، ناوەرۆکی قووڵ، چوارچێوە، کێشە و لایەنگەلی دیکەن و خوێنەر هەڵدەنێن کە قووڵتر بیربکاتەوە و خوێندنەوە بکاتە پاڵپشتێک بۆ بەهێزبوونی فکر و هەووەها فێربوونێکی چڕوپڕتر. بێجگە لەمانە من رام وایە پاش نوێبوونەوەی دەقەکان و ئاڵ و گۆڕی زۆر لە بواری نووسیندا بەرپرسایەتیی ئەدەبیات بە  بۆنەی بوونی چیرۆک و رۆمانەوە تا ئاستێکی زۆر دەتوانێ خۆی رابگرێت و بمێنێتەوە. لەو رووەوەی کە چیرۆک و رۆمان یەکدەنگ نین و چیرۆک نووس و رۆمان نووس لە نووسیندا تەنیا خۆیان نین و کۆمەڵێکی زۆریان لەگەڵە، بەو واتایە کە بە هۆی بوونی کەسایەتییەکانەوە چیرۆک نووس و رۆمان نووس ناتوانن دیکتاتۆڕئاسا هەڵس و کەوت بکەن کەوابوو خودبەخود پۆلی فۆنی و هەمەدەنگی دروست دەبێت. ئەوەیە کە لە ئینتراکسیۆنی نێوان کەسەکاندا تاڕادەیەکی زۆر بڕێک لە ئامانجەکانی ئەدەبیات دەستەبەردەبێت و ئەدەبیات ناتوانێ لە پانتایەکی زۆر نابەرپرسانەدا خۆی دەربخات. بە گشتی من وا هەست دەکەم کە کەم خوێنەواریی کۆمەڵگەی کوردی لە بواری دەقگەلی مودێڕن و شارستانییانەدا بووەتە هۆی ئەوە کە ئەو کۆمەڵگایە خۆی بە شێعردا هەڵبواسێت و هیچکات ئەو دەرەتانەی بۆ نەڕەخسێ کە بە شێوەیەکی چڕوپڕ لەو بوارە دوور بکەوێتەوە و لە بوارگەلی دیکەدا خۆی تاقی بکاتەوە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved