17/4/2020 12:37 PM

موسا عەنتەر، شەهیدی زمان و رووناکبیری

نووسەر و رووناکبیری کوردی باکوور موسا عەنتەر ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی زڤینگێی نزیك لە نوسێبین لە دایك بووە. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە نوسێبین و ئەدەنە تەواو کردووە و پاشان لە زانکۆی ئەستەنبوڵ یاسای خوێندووە. عەنتەر لە سەرەتای گەنجایەتیی خۆیەوە تێكەڵ بە کاری سیاسی و کولتووری بووە و لەو ڕێگەیەدا گرتن و زیندان و چەرمەسەریی زۆری چێشتووە تا ڕۆژی ٢٠ ئەیلوولی ١٩٩٢ لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا لە دیاربەکر لەسەر دەستی چەند کەسێکی نەناسراو کوژرا. تاوانی کوشتنی عەنتەر یەکێکە لەو هەزاران تاوانانەی کە لە ساڵانی نەوەدی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن هێزە پارامیلیتارەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە دژی ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران و کەسایەتییە کۆمەڵاتییەکانی باکووری کوردستان ئەنجام دران و هەموویان لە دژی بکەری نادیار 'بە تورکی: فاعیلی مەجهول' تۆمار کراون.
ئەم نووسەرە مەزنە رۆڵی بەرچاوی بینیوە لە خزمەتی زمانی كوردی و ئەدەبیاتی كوردی لە باكووری كوردستان، هەر لەو پێناوەشدا رووبە رووی گەلێم سەختی و ناخۆشی و زیندان بوویەوە تا دواجار هەر لەو پێناوەدا دەستی رەشی توركە تاریك پەرستەكان گەیشتە گیانی و شەهیدیان كرد. سەبارەت بەم نووسەرە مەزنەی گەلی كورد لە باكوور نووسەر و رۆماننووس ناوداری باشوور بەختیار عەلی لە وتاری‌ "ده‌رباره‌ی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ... بۆ له‌خۆرهه‌ڵات فرۆید هێشتا زیندووه‌؟" سەبارەت بە موسا عەنتەر دەڵێ: موسا عەنتەر یەکێکە لەو کەسانەی ڕۆڵێکی گرنگی له‌پاراستنی زمانی کوردی له‌تورکیادا بینیوە، عەنتەر کە دەرچووی بەشی فەلسەفەی زانکۆی ئەستەمبول دەبێت، دوای نزیکی پەنجا ساڵ له‌قەدەغەکردنی زمانی کوردی و بۆ شکاندنی تابۆ‌ و حەرامەکانی سەر ئەم زمانە، دەکەوێتە نوسین و بڵاوکردنەوە بە کوردی، بۆ یەکەمجار دوای نزیکی نیوسەدە له‌ قەدەغەکردن، وەک بە گژاچوونەوەیەکی گەورە بۆ ئەو ستەمە، شیعرێکی کوردی بڵاودەکاتەوە. له‌ساڵی 1959 دەگیرێت و له‌پرۆسێسێکدا کە له ‌مێژووی تورکیادا بە «پرۆسێسی 49» ناسراوە، دادگایی دەکرێت. عەنتەر بەوە تاوانبار دەکرێت کە جوداخوازە. حاکمی بەڕێوەبەر بۆ دادگاییەکە بە عەنتەر دەڵێت، تۆ باس له‌زمانێک دەکەیت کە بوونی نییە، شتێک نییە ناوی زمانی کوردی بێت، ئەوەی هەیە تەنیا چەند دەنگێکە، ڕەنگە زمانەکەتان پێکڕا له‌چەند دەنگێک تێپەڕنەکات.‌ وەڵامەکەی موسا عەنتەر زۆر بە ناوبانگە. عەنتەر دەڵێت «جەنابی دادوەر، من کۆمەڵێک مریشکم له‌ماڵەوە هەیە، بەیانیان کە دێمە دەرێ و دەبینم برسیانە، دانیان بۆ ڕۆدەکەم، ئەو کاتەی دان دەدەمە مریشکەکانم دەیکەنە دەنگەدەنگ و گارە گار، ئەو دەنگانەی مریشکەکانی من دەریدەکەن لەو چەند دەنگە زۆرترە کە ئێوە باسی دەکەن. ئێمە میللەتێکین هەزاران ساڵە هەین، ئەی چۆنە هێشتا بە ئەندازەی ئەو مریشکانە دەنگمان نییە."
لێرەدا قسەم لەسەر گەمژەیی دادوەرە تورکەکان نییە، بەڵکو قسەم له‌ئیشکردنی غەریزەی مەرگە. تورکەکان تەنیا جەستەی مرۆڤی کوردیان بۆ گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەیان بۆ گرنگە له‌«بوون» بیکەنە دەرێ. کردنە دەرەوە له‌بوونیش، کردنە دەرەوەیە له‌زمان.‌ وەک باسمکرد، زمان له‌پێناسەی لاکانیدا جۆرێکە له‌کوشتن، نەفیکردنی شتەكانە و جێگرتنەوەیەتی بەسەمبول، بەڵام هیچ کات تێزە فرۆیدی و لاکانییەکان لەسەر «نەفیکردنی خودی زمان» لەسەر قەدەغەکردنی زمان قسەیان نەکردوە. قەدەغەکردنی زمان بەوجۆرە فاشیستییەی تورکەکان زیاد لەسەد ساڵە بەرامبەر زمانی کوردی دەیگرنە بەر، هۆکارەکانی تەنیا بە تەفسیر‌ و ڕاڤەی ئایدۆلۆژی ناکەوێتە دەستمان، بەڵکو بەبڕوای من خودی ئەمجۆرە له‌نەفیکردن یەکێکە له‌دەرکەوتە ترسناک و فاشیستییەکانی غەریزەی مەرگ.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved