18/4/2020 03:48 PM

ئیحسان نووری پاشا

ئیحسان نووری ، کوڕی عەلی قولی پاشا، ڕابەری شۆڕشی ئاگری داغ، لە ساڵی 1893 لە گەڕەکی (ئالی گوڵی- عەلی قولی) شاری بەدلیس لەدایکبووە. پۆلەکانی خوێندنی سەرەتایی ھەر لەم شارەدا تەواو کردووە، دواتر بۆ تەواوکردنی خوێندنی بەرزی سەربازیی ڕوویکردوەتە شارەکانی ئەرزنجان‌ و ئەستەنبوڵی ئەو کاتە و لە ساڵی 1910، دوای خوێندنی سەربازیی بۆ یەکەمجار لە ڕیزەکانی سوپای عوسمانی دا بوو بە ئەفسەر.
ئیحسان نووری پاشا، بەشداری زۆربەی ئەو شەڕانەی کردووە کە سوپای عوسمانی لە ئەلبانیا، وڵاتانی عەرەبی‌ و جۆرجیا دژ بە سوپای ڕووسیا ئەنجامیداون، تەنانەت وەک ئەفسەرێک لە سوپای عوسمانیدا ماوەی 33 مانگ لە یەمەن ماوەتەوە و گەلێ کارو لێپرسراوێتی سەربازیی پێسپێردراوە.
دوای ساڵی 1908 (واتە ئەو کاتەی کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقی، دەسەڵاَتی تورکیایان کەوتەوە دەست) ڕێگا خۆش بوو بۆ پێکھێنان و کردنەوەی گەلێک ڕێکخراو. ئیحسان نووری پاشاش وەکوو کەسایەتیەکی کورد لەو دەمەدا پەیوەندی کرد بە کۆمەڵەی تەعالی کوردستانەوە، کە ھەر لەو کاتە بەدواوە دامەزرا.
لەو ماوەیەشەوە کە وڵاتانی ھاوپەیمان لە رێکەوتننامەی سیڤەری 10ـی ئابی 1920، بەڵێنیان دابوو قەڵەمڕەوێکی کوردی سەربەخۆ بەپێی بەندەکانی (62-63-64) دابمەزرێت و دواتر لێی پەشیمان بوونەوە، ئیحسان نوری پاشا ھەوڵیدا پەیوەندی بکات بەو شۆڕش و ڕاپەڕینە کوردیانەی کە ساڵاَنی دوای شەڕی جیھانیی یەکەم و دوای بەجێنەھێنانی بەندەکانی سیڤەر لە ناوچەکانی کوردستاندا سەریانھەڵدا، ناچار بوو، پەنا بباتە شام و لەوێوە بۆ باشووری کوردستان، ئەو دەمە کاروبار بەدەستی ئینگلیزەوە بوو نەیدەویست ھاوکاری سوپای ئینگلیز بکات، بۆیە بە ناچارییەوە پەنای بردۆتە بەر ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بەڵاَم کاتێ شۆڕشی شێخ سەعید دەستپێدەکاتەوە لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی تر دەچنەوە تورکیا بە مەبەستی پەیوەندی پێوەکردنی. دوای دامرکاندنەوەی ئەو شۆڕشە دووبارە دێنەوە باشووری کوردستان و دواتر دەچێتە لای سمایل خانی شکاک.
کاتێک کۆمەڵەی خۆیبوونی کورد لە لوبنان دامەزرا، ئیحسان نووری پاشا جارێکی دی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە دەگەڕێتەوە باکووری کوردستان و لەگەڵ چەند سوارەیەکی کورددا بەبڕیارێکی ھەمە لایەنەی خۆیبوون ڕابەرایەتی شۆڕشی ئاگری داغ دەکات. پاش شکستھێنانی ئەو شۆڕشە ئیحسان نووری پاشا پەنا دەباتەوە بەر ئێران بۆ ماوەی 46 ساڵ و لە رۆژی 25ـی مارسی 1976ـدا بە ئاوارەیی لەو وڵاتە سەر دەنێتەوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved