19/4/2020 12:25 PM

حەسەن قزڵجی

نووسەر و ئەدیب و رۆژنامەنووس حەسەن قزڵجی رێکەوتی 15ـی مانگی 9ـی 1914 لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار لە شاری بۆکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە تەمەنی 6 ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندن. سەرەتا لە لای باوکی و دواتر لە لای مامۆستا مەلا ئەحمەدی فەوزی و مەلا ئەحمەدی تورجانی زادە خوێندویەتی. پاش چەند ساڵ خوێندن بۆتە قایمەقامی شاری مەھاباد. زۆربەی لایەنەکانی ژیانی ئەم بلیمەتە شاراوەن. جۆری ژیانی تایبەتی و سیاسی و کاری نھێنی و دەیان ساڵ راوەدوونران و ئاوارەیی و سەرەنجامیش گیران و کوژران، پەردەیەکی نادیاریان بەسەر ژیانی ئەم کەسایەتییەدا کێشاوە. حەسەن قزڵجی یەکێک بووە لەو پیاوانەی رۆڵێکی رووناکبیری و رامیاری باشیان بووە لە کۆماری کوردستاندا بە سەرۆکایەتی قازی محەممەد. لە ھەڕەتی لاوەتیدا بە ناوی نھێنی (ژیر) و لەگەڵ چەند کەسی ئازادیخواز و روناکبیری دیکەدا پەیوەندی دەکات بە کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان(ژ-ک)ـەوە.
نووسراوەکانی ئەم نوسەر و روناکبیرە لە گۆڤارەکانی (کوردستان)، (ئاوات)، گۆڤاری هەڵاڵەدا بڵاو کراونەتەوە. ھەروەھا سەرنووسەر و بەڕێوەبەری گۆڤاری وێژەیی و رامیاریی گشتیی (ھەڵاڵە) بووە کە لە ساڵی 1946 لە بۆکان و لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان دا دەردەچوو. قزڵجی پاش کۆماری کوردستان وەک زۆربەی نیشتمانپەروەران بە ناچاری پەڕیوە دەبێ و لە باشووری کوردستان دەگیرسێتەوە.
پاش رووخانی رژیمی پاشایەتی ئێران، لە ریزەکانی حیزبی توودەی ئێراندا وەک سەرنووسەری رۆژنامەی (مردم/ خەڵک) کە بە کوردی دەردەچوو کاری کردووە، بەڵام ساڵی 1983 دەگیرێت و دەخرێتە زیندانەوە.
قزڵجی ئەو کاتەی لە بەندیخانە دەستگیرکراوە تەمەنی 70 ساڵ بووە و پاش ئەوەی 10 مانگ لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا دەبێ لە رێکەوتی 28ـی 9ـی 1985ـدا بە ھۆیەکی نادیار لە زینداندا کۆچی دوایی دەکات و لە ژێر چاودێریی حکومەت تەرمەکەی لە گۆڕستانی بەھەشتی زارای تاران بەخاک دەسپێردرێت.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved