20/4/2020 10:12 PM

زانیاری له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی هۆڵه‌كانی له‌شجوانی

به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌ك ڕێكارییه‌كی توند له‌ ترسی خۆپاراستن له‌ ڤایرۆسه‌كه‌، نزیكه‌ی دوو مانگ ده‌بێت ته‌واوی هۆڵه‌ وه‌رزشییه‌كان و مه‌له‌وانگه‌كان له‌ شاری سلێمانی داخراون و  خاوه‌نی هۆڵه‌كانیش داوا ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وانیش وه‌ك شوێنه‌كانی تر بكرێته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كان، نوێنه‌رانی هۆڵه‌كانی سلێمانی له‌گه‌ڵ قائیمقامی سلێمانی كۆبوونه‌ته‌وه‌و قائیمقام به‌ نوێنه‌ره‌كانی ڕاگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر تا 23ی مانگ هیچ حاڵه‌تێكی ڤایرۆسه‌كه‌ تۆمار نه‌كرێت وه‌ك لیژنه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای سلێمانی كۆده‌بنه‌وه‌و پرسی كردنه‌وه‌ی هۆڵه‌كانیشی تێدا ده‌بێت.

به‌پێی زانیارییه‌كان كردنه‌وه‌ی هۆڵه‌كان به‌ مه‌رجی توند ده‌بێت، له‌وانه‌ به‌كارهێنانی ده‌ستكێش و ده‌مامك و هه‌روه‌ها ئه‌و ژماره‌ی زۆره‌ی له‌ هۆڵه‌كان مه‌شقیان ده‌كرد پێشتر كه‌متر ده‌كرێته‌وه‌.

هاوكات بژار سابر سه‌رۆكی لیژنه‌ی وه‌رزشی چاودێری هۆڵه‌كان و مه‌له‌وانگه‌كان له‌ قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند، پرۆسه‌ی كردنه‌وه‌ی ته‌واوی شوێنه‌كان هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ده‌بێت و ئه‌وه‌ی ئامانجی زیاتری ئێستایه‌ شوێنه‌ سه‌ره‌كیه‌كان نه‌ك لاوه‌كیه‌كان بۆیه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ی هۆڵه‌كان ده‌كرێته‌وه‌و میكانزمه‌كانیش چۆن ده‌بێت.

له‌ شاری سلێمانی نزیكه‌ی 100 هۆڵی له‌شجوانی و فیتنێس هه‌یه‌ كه‌ ناویان تۆماركراوه‌و مه‌شقیان تێدا ده‌كرێت.

خاك - هه‌رێز جه‌مال



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved