21/4/2020 02:39 PM

تواناییەکانی سانچێز هێشتاش بەرزن

سانچێز پاش یارییەکی لاواز لە مانچستریۆنایتددا، لەهاوینی رابردووەوە بەشێوەی قەرز پەیوەست بووە بە یانەی ئینتەرمیلانەوە، بەڵام تا بەر لە وەستانی یارییەکان بەهۆی کۆرۆناوە تەنها 9 یاری بۆ ئەم یانەیە ئەنجامداوە.
سانچێز ساڵی رابردوو ئەو کاتەی یاری بۆ یانەی نەتەوەیی وڵاتەکەی ئەکرد، قاچی تووشی سەدەمە بوو و لە مانگی 8ـدا ناچار بوو نەشتەرگەری بۆ بکات. "رینالدۆ رۆئێدا"ـی راهێنەری یانەی نەتەوەیی چیلی لەسەر ئەو بڕوایەیە کە کێشەکانی سانچێز لەو کاتەوە دەستی پێکرد لە لە ئارسیناڵەوە گواستراوە بۆ مانچستریۆنایتد لە 2018ـدا.
ئەو بە رۆژنامەنووسانی گوت: "ئەمساڵ، ساڵێکی سەخت و سەیروسەمەرە بوو بۆ سانچێز. چەندین جار تووشی سەدەمە و زیان هات و بەشێوەی قەرز لە مانچستریۆنایتدەوە گواستراوە بۆ ئینتەرمیلان، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە نەیتوانی ئاستە بەرزەکەی خۆی پێشکەش بکات. هیوادارم بەخێرایی ئەم دۆخە کۆتایی بێت، چونکە سانچێز یاریزانێکی لێهاتووە و دەتوانێ لە ئاستێکی بەرزدا درێژە بە تۆپی پێ بدات."
رۆئێدا سەبارەت بەوەی کە بۆچی سانچێز نەیتوانی پێگەی خۆی لە ریزەکانی بەرشەلۆنەدا سەقامگیر بکات، گوتی: "هۆکارەکان زۆرن و لەوانەیە یاریزانی زۆر لێهاتووش لە یانەیەکدا سەرکەوتوو نەبێت. سانچێز لە یانەکانی دیکەدا لەناوەندی یانەکەدا جێگیر دەبوو، بەڵام لە بەرشەلۆنەدا رۆڵی لاوەکی هەبوو و ئەوەش رێگری کردووە لە دەرکەوتنی تواناکانی ئەم یاریزانە. هەڵبەت بە ئاسانی ناتوانم بڵێم بۆچی ئالێکسیس لە بەرشەلۆنە سەرکەوتوو نەبوو."

 

پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved