24/4/2020 12:45 PM

ڕۆمانی ئەلف/یا



ڕەزا عەلی‌پوور

نووسین به مانا داهێنەرانەکەی، فاکنێر گوتەنی «ئارەقەڕشتنی ڕوحه». کەواته دەبێ گیانت دابچۆڕێنیتە ناخی پەیڤ و ڕوحت بگوشیته هەناوی پیتە‌وه لە ئەلفەوە تا یا، ئینجا بنووسیت، به چەشنێك که ئیدی نەتوانی نەنووسیت. ڕۆمانی «ئەلف/یا»م وا نووسی. له ‌یەک‌کاتدا شاد‌ و شەکەتی‌ ناو وشه و كەشف، ھاوكات سەرگەردان و سەرخۆشی لابرێنتی فۆڕم و داستان و كەسایەتیی و مێژووی تۆزبردوو.
ڕەنگە درك و باوەڕكردنی بۆ نووسەر و خوێنەری فەستفوودی قورس بێت، بەڵام حەوت‌ جار سەرلەبەری ئەم ڕۆمانە سڕدراوەتەوە و دێڕ بە دێڕیم داڕشتووەتەوە، بەشی وا بووه زیاتر لە دە جار ھەڵوەشێنراوەتەوە و سەر لە نوێ وشه به وشەییم هۆنیوەتەوه. زیاتر لە ساڵ و نیو، ڕوح و گیان شەڵاڵی ئارەقە دەبوو تا ئەو دەقەی لێ دەرچێت که چیدی نەتوانم هیچی دیکەی لێ بکەم. لێ ھەمووی ڕەنج نەبوو، بەڵكوو كۆی ئەمانە ئاوێتەی چێژی تایبەت و ژووئیسانس بووە و هەیه.
ڕەنگە دژوارتر لەو ئێدیت و پێداچوونەوەیە، توێژینەوە و ڕێسێرچی پشتەوەی دەقەکە بێت.گەرچی ماجەرای ڕۆمانەکە لەم سەردەمەدا ڕوودەدات بەڵام لە چەند کەرتی "ئەلف/یا"دا فلاش‌بەك بۆ ٢٠٠ ساڵ پێشووتری شاری سنە لێ‌دراوە. جودا لە گەڕانی مێژوویی، تایبەتمەندییەکانی شارسازی و جلوبەرگی ئەو دەم و دەڤەرە، پرسی زمان و پەخشانی ئەوکاتیش لە ئارادا بووە. بەم ڕوون‌کارییەوە كە ئارشیڤی کورد لەم بوارەدا بەتاڵە و ئەوەیشی تێدایە ھێندە گشتییە كە سوودێكی ئەوتۆی بۆ ڕۆماننووس نییە. بۆ نموونە؛ گرانە ئەمە بزانرێ ٢٠٠ ساڵ لەوە پێش لە کوردستانەوە بە چ جۆرە خەت و كاغەزێك و لە کام جادە و بە چەند قۆناغ، نامە بۆ شا و سوڵتان نووسراوە و نێردراوە. دیارە ئەو کێشەیە بۆ نووسەرێکی تورک، یان فارس کە مێژوو و ئارشیڤیان پۆلێن‌کراوە هێندە زۆپ نییە.
لە ساڵی پارەوە "ئەلف/یا" دراوە بە "چاپەمەنیی مانگ". پاش چەند مانگ بە چنگە کڕکێ خۆی لە تیغ و خۆرەی سانسۆڕ ڕزگار کرد، هەنووکە لە قەرەنتینەی کۆرۆنادا ماوەتەوە، چاوەڕێم لەو قۆناغەش دەرباز بێت و خۆی بگەیەنێتە لای خوێنەر، به تایبەت خوێنەری چالاکی بەڕێكە‌وت و بەھەڵكەوت.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved