24/4/2020 01:03 PM

گەوھەرێک لە تەنیشت ڕووباری خاسەوە

 

ڕەنگ و قەڵەم دووانەی داھێنان.

مامۆستا ئەحمەد تاقانە ١٩٤٦ کەرکوک
دەوەن مەعروف
بەھۆی کتێبەکانییەوە ناوی لەسەر زارانە، من ھێشتا لە دوورەوە ناویم بیستبوو، دەمزانی قەڵەمێکی تورکییزان و عەرەبییزان و کوردییزانێکی بەسەلیقەیە. بەرھەمەکانی گەواھی ئەو حەقیقەتەن کە مەولانەی بەئامانەتێکی کەم وێنەوە کردووەتە کوردییەکی ڕەوان پاک. بەتایبەتی (جەلالەدینی ڕۆمی و سروودی نەی) ئەم بەرھەمەی مامۆستا وەک ئەوە وایە بە ئاوی قەند نووسرابێتەوە، مەبەستمە بڵێم: لە خوێندنەوەی کتێبەکەیدا، ڕستەکان دەبن بە قەندو دێڕ دێر لەسەر زمانی خوێنەر دەتووێنەوە! ھەر ماوەیەک دوای مەولانەی ڕۆمی، کتێبی دەقی شانۆیی (شیرین و فەرھاد)ی نازم حیکمەت ی لە زمانی تورکییەوە پاچڤەکردە سەرزمانی کوردیی. من خۆم کاتێک ئەم کتێبەم خوێندەوە، جگە لە جوانی زمانە کوردییەکەی، سوودم لەو شێوەزارە بینی کە فێرمان دەکات زمانی کوردیی چەند فراوانە. مامۆستا ئەحمەد تاقانە، لەو قەڵەمە نێودارانەیە کە دەتوانێت بەئاسانی دەقەکانی سەردەمی عوسمانلی بێ گرێوگۆڵ بکاتە کوردیی. ئەمە جگە لەوەی کە شارەزاییەکی زۆرباشی لەزمانی عەرەبییدا ھەیە. ساڵ ھاتوو من بە عەزرەتەوە بووم کە لە نێزیکەوە بیبینم و بە خزمەتی بگەم. ھاوینی ساڵی ٢٠١٠ بەسەردانێک ھاتە سلێمانی. لەیادمە بە ڕێککەوت لە نێزیک سەرای سلێمانی چاو پێکەوت. ھەر کە لە دوورەوە بینیم، بەخێرایی چوومە خزمەتی و بەخێرھاتنم کرد. زۆر خۆشحاڵ بووم کە ئەم پیاوە نێودارەم بینی. دوای سڵاوکردن داوام لێکرد چاییەک پێکەوە بخۆینەوە. بەدەم قسەوباسی کتێبەوە، خۆمان گەیاندە چایخانەکەی میرزا شەریف، دانیشتین و کاک عومەری میرزا شەریف دووچایی بۆ ھێناین. لەگەڵ شێواندنی چاییەکەماندا بەرایی پرسیار دەرکەوت و بەشێک لەو وەڵامانەم وەرگرت، کە دەمێک بوو عەوداڵ بووم بە دوویاندا. مامۆستا ئەحمەد تاقانە، پیاوێکی ھێمن و ئارام، گوفتشرین، دەمبەخەندە، زانینی ئەدەب و مێژوو و ھونەری شێوەکاری لە ئەقڵی دەبارێت. وەرگێڕ و نووسەر و شاعیرێکی بێ فیز و خاکییە. سەربووردەی زۆری لایە لەسەر مێژووی شاری کەرکوک و وڵاتی کوردستان. لە ساڵی ١٩٧٠ وە لەگەڵ یەکەمین کۆنگرەی یەکێتیی نووسەرانی کوردا، دەبێتە ئەندام و ھەر زوو لەلایەن نووسەرانی ترەوە ناوی دەکەوێتە سەرزاران. شێوەکارێکی بە سەلیقەیە. خاوەنی چەندین تابلۆی جوانە. سەرباری ئەو ھەموو جوانییانەی کە ھەیەتی بۆ ئەدەب و ھونەرو مێژوو، کوردپەروەرێکی بێ ھاوتایە. کوردبوون لەلای ئەو شوێن و جوگرافیایەو وەک کوردێکی پاکژ و داوێنپاک، ھێشتا ھەر لە شاری کەرکوک دەژی. ئەو خۆی دەڵێ: کەرکوک، نیشتمانی منەو بە ڕۆحمەوە بەستراوەو ھەرگیز لێی جودا نابمەوە، مەگەر مردن. ھەتا نووسینی ئەم چەند دێڕە، چەند جارێک لە خزمەتیتدا بووم، ھەموو ئەو جارانە فێری شتێکی تازەو نوێ بووم. مامۆستا تاقانە، خاوەنی چەندین کتێبی ئەدەبیی و مێژوویە کە جێگەی بایەخن بۆ کتێبخانەی کوردیی. ئوستادێکی وەک دکتۆر جەمال نەبەز، دەیگوو: مامۆستا ئەحمەد تاقانەم لە دوورەوە ناسیوە، کە بەرھەمەکانی دەخوێنمەوە دڵخۆش دەبم کە کوردێک بەو جۆرە لە زمانی تورکی و تورکی عوسمانلیدا شارەزایەو لە دواڕۆژدا کورد زۆر پێویستی بەم مامۆستا دڵسۆزە دەبێت بۆ ساغکردنەوەی ئەو دەقانەی کە پەیوەندی بە مێژووی کوردەوە ھەیە. ھیوادارم مامۆستا ئەحمەد تاقانە تەمەنی درێژ بێت و دوور بێت لە ئازارەکانی ژیان.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved