25/4/2020 02:53 PM

هونەر بۆ هونەر

پارناس یان "هونەر بۆ هونەر" رێبازێکی ئەدەبییە کە سەدەی 19 لە فەرەنسا پێکهات. پارناس لە ئەفسانە یۆنانییەکاندا ناوی شاخێکە کە 9 کچکەی "زێئووس" واتە خوای خواکانی ئەفسانەکانی یۆنان کە پاریزەری هونەرە جوانەکانە، لەگەڵ براکەیان واتە "ئەپۆلۆن" کە خوای شیعر بوو، لەوێ دەژیان. ناونانی ئەم رێبازەش ئەگەڕێتەوە سەر هۆگریی شاعیرانی ئەم رێبازە بە شیعر وەکو هونەرێک کە لە خۆی لەخۆیدا جوانە و هیچ مەبەستێکی جگه لە خولقاندنی جوانی و پێگەیشتن نییە.
ڤیکتۆر هۆگۆ بە نووسینی بەرهەمە ناوازەکەی خۆی واتە "رۆژهەڵاتییەکان/ Les Orientales" بوو بە دامەزرێنەری ئەم رێبازە ولەڕاستیدا سەرەتا ئەو بوو کە دەستەواژەی "هونەر بۆ هونەر"ـی داهێنا. ئەمە بووە هۆی ئەوەی گەنجانی شیعر دۆست لە دەوری هۆگۆ کۆ ببنەوە.
لە شیعری شاعیرانی ئەم رێبازەدا سۆزە تاکەکەسییەکان هیچ دەورێکیان نییە و لایان وابوو دەربڕینی ئەم هەستانە بێ نرخن. هەر بۆیە ناوەرۆکی شیعری ئەم شاعیرانە تەنها وەسفی جوانییەکانی دوروبەرە. بەپێچەوانەی شاعیرانی رۆمانتیک، شاعیری پارناس بەنیسبەت سروشتەوە کەمتەرخەمە بەڵام سەرنج دەخاتە سەر زانست و مێژوو و شیعری مۆدێرن. شاعیرانی پارناس لە هەڵبژارنی وشە، دەستەواژه و فۆرمی دەربڕینی شیعرەکەیاندا زۆر هەستیارن بۆ ئەوەی جوانترین بەرهەم ئاراستەی خوێنەران بکرێت.
پارناسییەنەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە شیعر نابێ ببێتە تریبۆنێک بۆ دەربڕینی بیر و بڕوای فەلسەفی-سیاسی و بە هیچ جۆرێک نابێ وەک ئامرازێک بۆ ورووژاندنی کۆمەڵگا کەڵکی لێ وەربگیرێت و دەیانگوت دەرەنجامی شیعر هەر شیعر و خولقاندنی جوانییە و بەس.
روخسارە ناسراوەکانی ئەم رێبازە بریتین لە: "ڤیکتۆر هۆگۆ"، "تیۆدۆر دۆ بانویل" و "لۆکێنت دۆ لیل".

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved